وەزارەتی تەندروستی بۆ رۆژانی جەژن دامەزراوەکانی لە خزمەتیی هاووڵاتییان دەبن

بەپێی ڕاگەیاندراوێکی وەزارەتی تەندروستی کە رۆژی دووشەممە (10ـی حوزەیرانی 2024)، لە پێناو بەرژەوەندی گشتی و بەمەبەستی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی تەندروستیی لە ڕۆژانی جەژنی قوربانی پیرۆز، لێژنەی بەدواداچوون لەسەرجەم بەرێوەبەرایەتیی گشتیی و نەخۆشخانەکان کارەکانی خۆی جێبەجێ دەکات، ئاماژە بەوەشدەکات، بۆ هەرکارێکی پێویست و لەناکاو پێویستە هێلی گەرمی پەیوەندی هەبێت، هاوکات لە کاتی پێویستدا کۆگاکانی دەرمان و پێداویستیی پزیشکیی و تاقیگەیی کراوە بن لەسەرجەم شار و شارۆچکەکان، پێویستیشە پزیشکانی پسپۆڕ و نیشتەجێی دێرین و خولاو و پەرستار و کارمەندانی تەندروستی بە دەوامی ئێشکگریی پابەند بن.  

بەپێێ ڕاگەیەندراوەکە، ئامادەباشی بۆ ئەمبولانس و دابینکردنی گاز و بەنزین دەکرێت و بەدواداچوونی بەردەوام بۆ پڕۆژەکانی خاوێنکردنەوە و دابینکردنی خۆراك دەکرێت، لەگەڵ ئەوەشدا هێلەکانی مۆبایلی بەرپرس و (وەرگر)ی بەشەکان پێویستە کراوە بێت و وەڵام بدرێتەوە، نەخۆشخانەکانی فریاکەوتن و نۆرینگە دەرەکیەکان کراوە دەبن.

لە بەشێکی دیکە ڕاگەیەندراوەکە ئاشکرا کراوە، سەنتەرەکانی پێدانی چارەسەریی کیمیاویی بۆ نەخۆشانی شێرپەنجە بە شێوەی ئێشکگری کراوە دەبێت لەگەڵ سەنتەرەکانی شوشتنی گورچیلە، سەرباری تیمەکانی فریاگوزارغی و هێلی (122) بەردەوام دەبن لە ئەرك و کارەکانیان بە شێوەی (24) کاتژمێریی، هەروەها هۆبەی پزیشکیی فریاکەوتن خشتەی دابینکردنی تیمەکانی دادەنێت بۆ شوێنەکانی پێویست و گەشتیاریی.

وەزارەتی تەندروستی ڕایگەیاندووە، تیمەکانی پشکنینی ئاوی خواردنەوەی ماڵان و نەخۆشیە گوازراوەکان و چاودێریی تەندروستیی بەردەوام دەبن لە بەدواداچونەکانیان بەشێوەی ئێشکگریی، هاوکات تیمەکانی تەندروستیی بەهەماهەنگی تیمەکانی ڤیتەنەری چاودێری شوێنەکانی سەربڕینی ئاژەڵ دەکەن و چاودێریی مەرجە تەندروستیەکان دەکەن.

بۆ ئاوارەو پەنابەرانیش، وەزارەتی تەندروستیی ئاشکرای کردووە، پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی تەندروستیی بۆ ئاوارەکان لە کەمپەکان بەردەوام دەبێت و تیمی تەندروستیی لە شوێنە گەشتیاریەکان دادەنرێت بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی تەندروستیی بۆ باری لەناکاو

ھەواڵی زیاتر