وەزارەتی داریی عێراق مووچەی مانگی چواری هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستانی خەرجکرد و دەڵێت، “هەموو هەوڵێک دەدەین پێش جەژنی قوربان مووچەی مانگی پێنجیش خەرج بکەین”.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 09-06-2024، سەرچاوەیەکی باڵا لە وەزارەتی دارایی عێراق ڕاگەیاند، وەزارەتەکە مووچەی تەواوی مانگی نیسان (چوار)ـی وەزارەتی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستانی خەرج کرد و بەمزووانە کۆی بڕە پارەکە دەخرێتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان. لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی.
هەمان سەرچاوە ئاماژەی بەوەش کرد، وەزارەتی دارایی عێراق هەموو هەوڵێکی دەخاتە گەڕ تاکوو مووچەی مانگی ئایار (پێنج)ـی هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان پێش جەژنی قوربان خەرج بکات.
ئەمە لە کاتێکدایە ماوەی زیاتر لە دوو مانگ بوو، هیچ بڕە پارەیەک لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە بۆ وەزارەتی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان خەرج نەکردبوو. هۆکارەکەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، وەزارەتی دارایی فیدراڵی داوای لیستی ناوی سییانی و تەواوی زانیارییەکانی ئەندامانی هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستانی دەکرد، حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش ئەو داوایەی ڕەتکردەوە و جەختی لەوە دەکردەوە، تەنها بە شێوەی کۆد لیستی ناوەکان دەنێرێت.
هەر لەو چوارچێوەیە، ماوەی دوو ڕۆژە شاندێکی دیوانی چاودێریی عێراق بۆ وردبینی لە خەرجی و داهاتی سێ مانگی ئەمساڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و مووچەی فەرمانبەران، بە تایبەت وەزارەتی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان لە دیوانی چاودێریی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە، لە هەولێر.
هاوکات مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی مووچەی فەرمانبەران و هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان؛ ڕایگەیاند، “ئێمە بەردەوام لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی حكوومەتی فیدراڵ لە پەیوەندیداین و گەیشتووینەتە قۆناغی كۆتایی. هیوادارم ئێمە توانیبێتمان لە خزمەتی ئێوەی خۆشەویستدا كارێكی وا بكەین بابەتی بودجە و مووچە بە شێوەیەكی بنەڕەتی چارە بكرێت”.
مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەش کرد: “هیوادارین لە ماوەیەكی نزیك لە پێش جەژن، تەواوی مووچەی مانگی چواری هێزە ئەمنییەكان و هی مانگی پێنجیش بۆ هەموو هاووڵاتیان دابین بكرێت. هیوادارم چیتر بابەتی مووچە نەبێتە هەواڵ و نووچەی میدیاكان و ئێمە بتوانین پەیوەندییەكانی خۆمان لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵی بخەینە ئاستێكی دروست و بەرەو پەیوەندیی باشتریش هەنگاو بنێین”.
ڕۆژی پێنجشەممە، 06-06-2024، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، “پێش جەژنی قوربان، مووچەی هێزە ئەمنییەکان و سەرجەم فەرمانبەران دابەش دەکرێت و لەبارەی کێشەی هێزە ئەمنییەکان چارەی کۆتایی نزیکە”.
بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووریی، هەرێمی کوردستان یەک ملیۆن و 114 هەزار و 194 مووچەخۆری هەیە و کۆی مووچەی مانگانەیان دەبێتە نزیکەی 913 ملیار دینار.