ئێزدییەکان شانازی بە کوردبوونیان دەکەن و هەوڵەکانی پەرلەمانی عێراق ڕەتدەکەنەوە

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

هەوڵێک هەیە ئێزدییەکان کە بە کوردی ڕەسەن ناودەبرێن، لە نەتەوەی کورد داببڕێنن و لە عێراقدا وەک نەتەوەیەکی جیاواز ناویان بهێنرێت، بەڵام زۆربەی ئێزدییەکان خۆیان دژی ئەو هەنگاوەن و شانازی بە کوردبوونی خۆیان و ئێزدیبوونی ئایینەکەیان دەکەن.

هەوڵەکەی پەرلەمانی عێراق
بەگوێرەى نووسراوێک، کە واژۆى سەد و هەشتا و دوو پەرلەمانتارى عێراقى بەسەرەوەیە، داوا لە سەرۆکایەتیى پەرلەمان کراوە، پڕۆژەیاساى نەتەوەى ئێزدی بخرێتە بەرنامەی کارەوە، داواکارییەکە لەلایەن نایف خەڵەف سیدۆ، پەرلەمانتارى ئێزدى لە پشکى نەینەوا پێشکەش کراوە.

ئامانج لەو پیلانە
ئامانج لە پێشکەشکردنی ئەو پڕۆژەیاسایە ئەوەیە ئێزدییەکان لەبەرانبەر ئەو ستەمەی بەسەریاندا هاتووە قەرەبوو بکرێنەوە لە کاتێکدا ئەوە نەک قەرەبووکردنەوەی ئێزدییەکان نییە بگرە دووبارە ستەمکردنە لێیان و ناکرێ بە ناوی قەرەبوو لە نەتەوە و زمانە ڕەسەنەکەی خۆیان بشۆرێنەوە.
ئێزدییەکان ئەوەندە کوردێکی ڕەسەنن کە تەنانەت ئایینەکەیان و نوێژ و نووسینە ئایینەکانیشیان بە زمانی کوردییە و تەنانەت ئەگەر هەر ناوێکی تریان لێ بنرێ ئەوا ناتوانرێ لە نەتەوەی کرد جیا بکرێنەوە. سەرچاوە مێژووییەکانیش ئەو ڕاستییەیان سەلماندووە.
رژێمی بەعس هەوڵێکی زۆری دا بە گۆڕینی کلتور و جلوبەرگ و سەپاندنی زمانی عەرەبی بەسەریاندا بە تەواوی لە نەتەوەی کورد بیانشواتەوە بەڵام سەرکەوتوو نەبوو چونکە لە نێو بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد ئێزدییەکان ڕۆڵی بەرچاویان بەرجەستە کردووە.
کاردانەوەکان
هنگاوەکەی پەرلەمانی عێراق کاردانەوەی جیاوازی لە نێو کەسایەتی و کۆڕ و کۆمەڵگەی ئێزدییەکان بەدواوە بووە و ئێزدییەکان خۆیان ئەو هەنگاوە ڕەت دەکەنەوە و دژی وەستاونەتەوە.
دوێنێ شەممە ئەنجوومەنی ڕۆحانی ئێزدییەكان بە فەرمی ڕایان گەیاند کە شانازی بەوە دەکەن کە بە نەتەوە کوردن و بە ئایین ئێزدین و داوایان لە تەواوی ئێزدییەکان کرد لە سەرژمێریی ئەمساڵدا بەشداری بکەن وەک پێکهاتەیەک قەبارەی ڕاستەقینەی خۆیان لە تەواوی عێراق بزانن.
ئەنجوومەنی ڕۆحانی باسی لەوەش کردووە، لە ڕابردوودا ئێزدییەکان ڕۆڵی گەورەیان لە تێکۆشان و قوربانیدان هەبوو، چەندان جار کەوتوونەتە بەر “جینۆساید و ستەمکاری “ئەوەش وای کردووە ژمارەیان کەم ببێتەوە.

عێراق و ئێزدییەکان
هەر لە میانەی سەرهەڵدانی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش و هێرشەکانی ساڵی ٢٠١٤ بە سەدان هەزار ئێزدی ئاوارە بوون و سەرووی پێنج ەزار کەسیان کوژران و بە هەزارانیان ڕفێنران و ژمارەیەکی زۆریان ڕوویان لە وڵاتانی دەرەوە کرد.
حکوومەتی عێراق لەو کاتەوە نەک ئەوانی قەرەبوو نەکردووەتەوە و شوێنی نیشتەجێبوونی ئەوانی ئاوەدان نەکردووەتەوە بگرە بەشێکیان هێشتا لە نێو کەمپەکاندا دەژین و لە جیاتی قەرەبووکردنەوەی مادی و مەعنەوی ئێزدییەکان خەریکی چەواشەکاری مێژوویی و جینۆسایدێکی مەعنەوین.
جگە لە ئەنجوومەنی ڕۆحانی کەسایەتی تری ئێزدی هەڵوێستیان هەبووە و حەیدەر شەشۆ، فەرماندەی هێزی پاراستنی ئێزیدخان، داوای هەڵوێستی ئێزدییەکان دەکات و پێی وایە ئێزدییەکان بە هیچ شێوەیەک لە نەتەوەی کورد جیا نین.
دکتۆر عیرفان ئۆرتاج سەرۆکی ئەنجوومەنی ڕاوێژکاریی ئێزدی لە ئەڵمانیاش ڕای گەیاند، کەس مافی ئەوەی نییە لەبری ئێزدییەکان بڕیار بدات چونکە ئەوان خۆیان بە کورد دەزانن.
هەنگاوەکەی پەرلەمانی عێراق وەک ئەوە وایە عەرەبی شیعە بە نەتەوەیەکی جیاواز لە عەرەبی سوننە ناو ببەیت لە کاتێکدا هەر دووکیان عەرەبن و مەزهەبەکەیان جیاوازە.
ئەم هەنگاوە مەترسییەکانی بەردەوام دەبێت
هەرچەندە ئەو هەنگاوە سەرناگرێت بەڵام ئەگەر سەر بگرێت ئەوا مەترسی لەسەر پێکهاتەی تری کوردیش هەیە و لەوانە کاکەیی و شەبەک و فەیلییش لە وانەیە هەر لەبەر ئەوەی ئاین یان مەزهەبی جیاوازیان هەیە لە کورد دابرێندرێن لە کاتێکدا ئەوان کوردن.
کورد وەک نەتەوەیەکی کۆن خاوەنی زاراوە و شێوەزاری جیاوزە و لەگەڵ ئەمەدا لە ڕووی ئاینییەوە بەسەرچەندان ئاین و ئاینزاوە دابەش بووە بە شیعە و سوننەوە بگرە تا دەگاتە کاکەیی و ئێزدی و زەردەشتی و یارسان و چەندام مەزهەب و ئایینی ترەوە و هەمووان لە ژێر چەتری نەتەوەی کورددا کۆ بوونەتەوە و شانازی بە کوردبوونیان دەکەن.
نەیارانی کورد بە درێژایی مێژوو هەوڵیان داوە دووبەرەکی بخەنە نێو ماڵی کورد و بە بیانووی جیاواز لە یەکتر دایانببڕێنن و هەنگاوەکەی پەرلەمانی عێراق بە نوێترین هەوڵ هەژمار دەکرێت.

ھەواڵی زیاتر