کاروان ستوونی، وتەبێژی حەج و عومرەی کوردستان:٤٣٤٠ حاجی لە هەرێمی کوردستانەوە بەشداریی فەریزەی حەجی ئەمساڵ دەکەن

شیڤان شێرزاد – هە‌ولێر

کاروانی حاجیانی کوردستان، بە سێ قۆناغ بەرەو عەرەبستانی سعوودی بەڕێکەوتوون و بەشێکیان لە ڕێگەی فرۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی و بەشێکی دیکەیان لە ڕێگەی وشکانیەوە گەیشتوونەتە شاری مەدینە و بڕیارە ئەمڕۆ بگەنە شاری مەککە و فەریزەی حەج لەمساڵدا بەجێبگەیەنن و وتەبێژی حەج و عومرەی کوردستانیش ڕایدەگەیەنێت: تا ئێستاش هیچ حاجیەکی هەرێی کوردستان لە مەککە و مەدینەدا گیانیان لەدەست نەداوە و سەرجەم حاجیانی کورد سەلامەتن.

کاروان ستوونی وتەبێژی حەج و عومرەی کوردستان بە “هەولێر”ـی ڕاگەیاند: بەپێی داتاکان ئەمساڵ ٤٣٤٠ حاجی لە هەرێمی کوردستانەوە گەیشتوونەتە عەرەبستانی سعوودی بە مەبەستی بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج، کە بەسەر سێ قۆناغ دابەشکرابوون و لە ماوەی دوو ڕۆژدا ٣٤٥ حاجی لە ڕێگەی فرۆکەخانەی هەولێرەوە گەیشتوونەتە مەککە و ١٧٠٠ حاجی دیکەش لە ڕێگەی فرۆکەخانەی سلێمانیەوە بەرەو سعوودیا بەڕێکەوتوون، جگە لە بەشێکی دیکەی حاجیان کە بە ڕێگەی وشکانیەوە گەیشتوونەتە مەدینە و دوای چەند کاتژمێرێکی تر دەگەنە مەککە و فەریزەی حەجی ئەمساڵ بەجێ دەگەیەنن.
گوتیشی: ئەو دەنگۆیانە ڕەتدەکەینەوە، کە باس لە مردنی حاجیان دەکەن و تا ئێستا هیچ حاجیەکی کورد کۆچی دوایی نەکردووە و سەرجەم حاجیانی هەرێمی کوردستان سەلامەتن.

ھەواڵی زیاتر