سێبەری درەختی باخی بەهەشت

حەمەسەعید حەسەن

ئایا بەبێ نووری ئیسلام، دونیا ڕووناکتر دەبوو لەوەی هەنووکە هەیە؟ ئاخۆ ئیسلام دەستی لە شڵەقاندن و لێڵکردنی گۆلی ڕوونی هێمنیی و ئاشتەواییی جیهاندا هەیە؟ ئاخۆ ئیسلام لە سێ قۆڵی سیاسی، شارستانی و دیمۆگرافییەوە، هەڕەشەیە بۆ سەر خۆرئاوا؟ ئایا هەموو تیرۆریستێک، ئیللا سەر بە ئیسلامە؟ ئایا ئیسلامی جیهادی، فاشیزمێکە لەوەی لە سەردەمی هیتلەردا لە ئەڵمانیا هەبوو؟ وەڵامی ئەو پرسیارانە، لەبەر ڕۆشناییی (ململانێی شارستانییەکان)ی سەمۆییڵ هەنتینگتۆن و (ڕەگوڕیشەی ئیسلام)ی (بێرنارد لویس)دا پۆزەتیڤە، پۆزەتیڤێک کە بە نێگەتیڤ بۆ ئیسلام دەکەوێتەوە.
ئاخۆ ئەوە ڕێککەوتە کە لەسەر نەخشەی جیهان، سنووری نێوان وڵاتان، بە ڕەنگی سوور کێشراوە، یان ئاماژەیە بۆ مێژوویەکی خوێناوی؟ کە تورکە عوسمانییەکان پەلاماری بالکان و نزیکەی هەموو ڕۆژهەڵاتی ناڤین دەدەن، ئاخۆ پاڵنەریان بڵاوکردنەوەی ئایینەکەیان دەبێت، یان تاڵانی و فراوانکردنی جوگرافیای دەسەڵاتیان؟ جیهادییەکان کارێکیان کردووە، لەو خۆرئاوایە، موسوڵمان وەک بەرهەمهێنی زەبروزەنگ سەرنج بدرێت، ئاخر جیهاد: ڕفاندن، هێرشی خۆکوژی، ئۆتۆمۆبێلی مینڕێژکراو، پشتوێنی تی ئێن تی، سەربڕینی گۆشاوگۆشی نێر و بە کۆیلەی سێکسی کردنی مێیان، وەبیر دەهێنێتەوە.
لە خۆرئاوا، ئەو تێڕوانینیە لە برەودایە، کە وەک پرۆژەیەک بۆ خۆتەقاندنەوە، بیر لە تاکی موسوڵمان بکرێتەوە. لە سەدەکانی ناڤیندا، لە ئەورووپا خەڵک زەندەقیان لە خاچ چووبوو، چونکە وەک سیمبۆڵی قەلاچۆکردنی نەیارانی کریستیانیزمی لێ هاتبوو. ئەوسا خاچپەرستی لە کارگەیەک دەچوو، بۆ بەرهەمهێنانی دەسەڵاتداری ستەمکار، ئەوسا بێ پشتگیریی کەنیسە، هیچ کەس نەیدەتوانی جڵەوی حوکمڕانی بگرێتە دەست. لەمێژە خاچ وەکوو ڕەمزی سازان و پێکەوە هەڵکردن سەرنج دەدرێت، ئەوە هیلالە وەکوو ڕەمزێک بۆ تۆقاندن سەرنجی دەدرێت. بۆچی ئیسلامی سیاسی بڕوای بە خەباتی نەتەوەیی و نیشتمانی نییە؟ چونکە پێی وایە، دینی هەق جوگرافیا ناناسێت و دەبێت دەسەڵاتی ئیسلام بگاتە دوورترین گۆشەی دنیا.
بۆچی خۆرئاوا بەردەوام لە پێشکەوتندایە و دنیای عەرەب لە جێی خۆیدا چەقیوە؟ ئاخۆ پێوەندی بە کولتووری ئیسلامەوە نییە؟ ئاخۆ ئەگەر ئیسلام سەری هەڵنەدابا، ئێستا دنیا شارستانیتر دەبوو لەوەی کە هەیە؟ ئایا ئەوە ئیسلامی سیاسی نییە وای کردووە، تیرۆر بگاتە هەموو گۆشەیەکی دنیا؟ ئیسلامییەکان بۆ خۆدزینەوە لە بە بەڵێ وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارانە، باس لە تیرۆری جوو لە فەڵەستین، زەبروزەنگ نواندنی پڵنگەکانی تامیل کە هیندۆس بوون لە سیریلانکا، توندوتیژیی بودییەکان دژ بە موسوڵمانان لە میانمار و تیرۆرکردنی ئەندێرا گاندی لە هیندستان دەکەن کە سیکەکان کوشتیان.
ئیسلامییە تیرۆریستەکان بۆ پەیداکردنی شەریک بۆ خۆیان، هانا بۆ وەبیر هێنانەوەی بادەر ماینهۆف، یەکینە سوورەکان و تۆبامارۆس دەبەن کە ساڵانێک ئەو رێکخراوانەیش تیرۆریان کردووە، هەرچەندە خۆزیە مۆخیکا کە یەکێک بوو لە سەرانی تۆبامارۆس، ساڵانی ٢٠١٠ تا ٢٠١٥ سەرۆکی خۆشەویست و هەڵبژێردراوی ئۆرگوای بوو. چونکە لاپەڕەکانی مێژووی ئیسلامی سیاسی بە خوێنی یەکتری و غەیرەدین سوورن، بۆ شاردنەوەی ئەو دیرۆکە تاریکە، باس لە کۆکۆژییەکانی هیتلەر، مۆسۆلینی، ستالین، پۆڵ پۆت و سەددام حوسەین دەکەن، کە گوایە عەلمانی بوون و سڵیان لە قەلاچۆکردنی نەیارانیان نەکردووەتەوە، هەرچەندە ئەوە ئەلفوبێیە، ئەوی دیموکرات نەبێت، ناتوانێت عەلمانی بێت، ئاخر دیموکراتی و عەلمانیبوون، دوو دیوی هەمان کێون. هیتلەر سێزدە ساڵ فاشیست بوو، خەلیفەکانی ئیسلام سێزدە سەدە فاشیست بوون.
ستەمکاری دیاردەیەک نییە، تایبەت بێت بە ناوچەیەک، گەلێک، ڕەگەزێک، یان ئایینێک، بەڵکوو بەشێکە لە سروشتی ئینسان کە لە هەوڵی ئەوەدایە، هەژموونی خۆی بەسەر ئەوانی دیکەدا بسەپێنێت. ستەمکاری تەنیا زادەی حەز و خولیا و گرێی دەروونیی دەسەڵاتداران نییە، بەڵکوو هاوزەمان پێویستی بە خۆبەدەستەوەدانێکی مازۆشییانەی قوربانییەکانیش هەیە. لەو وڵاتانەدا کە ستەم سەروەرە، خەڵکەکەی هەر دەڵێیت لە هۆش خۆیان چوون، ئەگەرنا چارەنووسی خۆیان، نەدەدایە دەست ستەمکاران و ڕادەپەڕین.
ستەمکاران وا ڕاهاتوون، لەودیو کۆشکە بڵند و بەشکۆ و سامناکەکانیانەوە خۆیان حەشار بدەن و لەبەر چاوی خەڵک نەبن، وەک بیانەوێت لاسایی خوای مەزن بکەنەوە کە نابینرێت. ستەمکار بەم پەیامە، ئەوە بە مێگەل دەڵێت کە ئەو ئینسانێکی ئاسایی نییە و لە مەعدەنێکی تایبەتی خوڵقاوە. تا ستەمکار دوورەپەرێزتر بێت، مێگەل زیاتر لێی دەتۆقێن و وێنەیەکی پیرۆزتری لای خۆیانەوە بۆ دەنەخشێنن. ستەمکار خۆی دەرناخات، سایەی خۆی لە شێوەی ڕژێمێکی سەرکوتکاردا پیشان دەدات.
ڕەنگە ئایینی تاکخودایی بۆ ئەوە سەری هەڵدابێت، هەتا خەڵکەکە ئیدی خودایەک بپەرستن و لە هەژموونی ستەمکارێک کە خۆی بە خودایان زانیوە، ڕزگاریان ببێت، بەڵام ستەم هەر درێژەی هەبووە، ئاخر لەوە بەدواوە، ستەمکار خۆی بە نوێنەری خودا لەسەر زەوی زانیوە. وەک چۆن خودا بە هەموو دەسەڵاتەکانییەوە نەمرە و دنیایش لەبەر دەستی خۆیدایە، ستەمکاریش دەخوازێت، هەتا دەژی فەرمانڕەوا بێت، لەو فەرمانڕەوایانەی نیشتمان بە موڵکی خۆیان دەزانن و لە دوای خۆیشیان، دەسەڵات و وەتەن بە میراتی بۆ نێرەکانی نێو خانەوادەکانیان دەمێننەوە.
لە سایەی سیستەمی نێرسالاریدا، لەنێو هەر خێزانێکدا نێرێک و لەنێو هەر مێگەلێکدا شوانێک بڕیار دەدات. پیاو بەزەبری ماسولکەی بەهێزی، ژنانی خێزان کەوی دەکات و شوانیش بە گۆچانەکەی مێگەل لێ دەخوڕێت، ڕەنگە ئەوە بکەوێتە خانەی درێژدادڕییەوە، ئەگەر بڵێم: مێگەل: گەلە، گۆچان: دەزگە سەرکوتکارەکانە و شوانیش: فەرمانڕەوای ستەمکار. ستەمکار ئەگەر پشتی بە ئایین پتەوبوو، وێڕای وەتەن، بەهەشتیش بە موڵکی خۆی دەزانێت و ئەوی لێی یاخی ببێت، لە سێبەری درەختی باخەکانی بەهەشتیش بێبەشی دەکات. فەرمانڕەوای زاڵم کە لەم دونیا خۆی بە سایەی خودا بزانێت، ئەوەیش بە مافی ڕەوای خۆی دەزانێت، لەسەر گومانێک بمانکوژێت و ڕەوانەی دۆزەخی ئەو دنیامان بکات.
خوێندنەوەی نوێ بۆ ئایین، پێمان دەڵێت: دەقی پیرۆز، لەگەڵ زانستدا تەبا نییە، بە دەردی کێشە کۆمەڵایەتییەکانی ئەم سەردەمە ناخوات، لەگەڵ بەها باڵاکانی مرۆڤایەتیی هاوچەرخدا کە لە ئایینیان تێپەڕاندووە، کۆک نییە و ئەسپی سیاسەتی مۆدێرنیشی پێ جڵەو ناکرێت.
*

(١) إمیل أمین، هل العالم أفضل من دون الإسلام؟ ١ أکتوبر ٢٠١٥ الملحق الثقافي/ الإتحاد، دبي.
(٢) شوقي بزیع، محاکاة السماء وتعطیل الزمن، السفیر الثقافي ٢ أکتوبر ٢٠١٥ بیروت.
(٣) سعید ناشید، الحداثة و القرأن، دار التنویر ٢٠١٥ بیروت.

ھەواڵی زیاتر