بۆ پاشای زمان و ئەدەبی کوردی”عەزیز گەردی”

باهۆز مستەفا

لە نێو گوڵەگەنمەکانی بەحرکەوە
بە کراس و شەرواڵی کوردییەوە
بۆ پایتەختەکانی دونیا
بە پاسپۆرتی ئەدەبییەوە
سەفەری ئاسینا و ڕۆم
بەرلین و پاریستکرد
لە مەدرید لۆرکات ناسی
بە کراس و شەرواڵی کوردییەوە
لەگەڵ دانتی لە فلۆرانس بەنێو دۆزەخ و بەرزەک و
بەهەشت، گوزەرت کرد
هۆمیرۆس و ئەفلاتون و ئەرستۆت بینی
بە کراس و شەرواڵی کوردییەوە
لە داغستان مانەفێستی زمانی کوردییت بەیانکرد
بە کراس و شەرواڵی کوردییەوە
لە جزیرەی بۆتان باسی شیعرت کرد
لە دەشتی شارەزوور
بە شیعرەکانی
نالی و سالم و کوردیدا دەچوویتەوە
بە کراس و شەرواڵی کوردییەوە
چوویتە نێو ئەفسانەکانی دونیا و
ئەفسانەی خۆتت دروست کرد
دواجار بە دونیایەک کتێب گەڕایتەوە بەحرکە
لە گۆڕستانی “کێلە سپیلک”
ئارام
ئارام
ڕاکشایت

ھەواڵی زیاتر