تورکیا ڕاگرتنی گەشتەکانی لەگەڵ فڕۆکەخانەی سلێمانی درێژکردەوە

حکوومەتی تورکیا ماوەی ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی لەگەڵ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بۆ شەش مانگی دیکە درێژ کرەوە. 

ئەمڕۆ شەممە، 08-06-2024، هەندرێن هیوا، بەڕێوەبەری گشتیی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی ڕاگەیاند، حکوومەتی تورکیا ماوەی ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی لەگەڵ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی، تاوەکو 07-12-2024 درێژکردەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە، ڕۆژی شەممە، 23-12-2023، حکوومەتی تورکیا ماوەی ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی لەگەڵ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی تاوەکو 22-06-2024 درێژکردبووەوە.

نزیکەی 176 نووسینگە و بریکاری گەشتیاریی لە سنووری پارێزگای سلێمانی کە ڕۆژانە بانگەشەیان بۆ گەشتی تورکیا دەکرد، بەڵام دوای ڕاگرتنی گەشتەکانی نێوان تورکیا و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی، بەشێک لە نووسینگانە بانگەشەکانیان ڕاگرت.

پێشتر تانژو بیلگیچ، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا بە مێدیاکانی ڕاگەیاندبوو، لە چوارچێوەی چڕبوونەوەی چالاکییەکانی “رێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە” لە سلێمانی، دزەکردنی ئەو “ڕێکخراوە تیرۆریستییە” بۆ ناو فڕۆکەخانە و بەمەش هەڕەشەکردن لە ئاسایشی گەشتە ئاسمانییەکان، حکومەتی ئەو وڵاتە بڕیاری ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی داوە.

ھەواڵی زیاتر