سوودانی: تیرۆر هێندەی گەندەڵی هەڕەشە نییە لەسەر عێراق

محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە میانەی کردنەوەی یەکەمین دیداری ئەنجوومەن و دیوانی پارێزگاکان لەگەڵ دەستەی دەستپاکی و دەستەی باڵای هەماهەنگیی نێوان پارێزگاکان ڕایگەیاند، چیتر تیرۆر هێندەی گەندەڵی لەسەر عێراق هەڕەشە نییە، لەگەڵ ئەوەشدا بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی کارێکی مەحاڵ نییە.

سەرۆکوەزیرانی عێراق لە گوتارەکەیدا جەختی لە پشتیوانی حکوومەت بۆ ڕۆڵی چاودێری و یاسادانان و داڕشتنەوەی سیاسەتی ئەنجوومەنی پارێزگاکان کردەوە و ڕایگەیاند، ئەم جەخت کردنەوەیەی لە پێناو گەرەنتی کردنی ژینگەیەکە بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵێ.

هەروەها ئاماژەی بە گرنگی ڕۆڵی دەستەی باڵای هەماهەنگیی نێوان پارێزگاکان کرد بۆ بە ئەلیکترۆنی کردنی کارەکان و باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان و چاودێری کردنی دامەزراوە خزمەتگوزارییەکان لە پێناو هەڵسەنگادنی ئەداکان.

لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا، سوودانی گوتی: پەتای گەندەڵی جیاوازییەکی ئەوتۆی لەگەڵ تیرۆر نییە و دەبێت بەرەنگاری ببینەوە، ئێستاش تیرۆر ئەو هەڕەشەیە نەماوە لەسەر عێراق، بەڵام گەندەڵی بووەتە قڵشێک و کاریگەری کردووەتە سەر ڕاستیی و ڕاسگۆییە لە کارکردنی دامەزراوەکانی دەوڵەت.

هەر لە بارەی گەندەڵیی لە دامەزراوەکانی حکوومەتی عێراق، سوودانی ڕایگەیاند، بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی کارێکی مەحاڵ نییە و گرتنەبەری هەنگاوی کردەیی لەسەر بنەمای یاسا، هەنگاوێکی سەرکەوتووە بۆ بڕیاردان و بەرەنگاربوونەوەی دیاردەکە.

سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتیشی: پەکخستنی کارەکان بەشێکە لە گەندەڵیی و بەفیڕۆدانی سامانی گشتی، ئێستاش بەشێکی زۆر لە پرۆژە خزمەتگوزارییەکان بە پاساوی وردبینی پەکخراون، هەربۆیە دەبێت ئەنجوومەنی پارێزگاکان ڕۆڵی خۆیان لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی ستراتیجییەتی نیشتمانی بگێڕن لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیی و دەستپاکی. هەروەها نەهێشتنی گەندەڵی بەهێزبوونی متمانە لەلایەن هاووڵاتییانەوە بەدامەزراوەکانی دەوڵەت زیاد دەکات.

ھەواڵی زیاتر