مەسرور بارزانی: خوازیارین پەرە بە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ هیندستان بدەین

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و باڵیۆزی هیندستان لە عێراق خواستی خۆیان بۆ پەرەپێدانی  پەیوەندییەکان دووپات دەکەنەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە، 04-06-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە پراشانت پیسێ، باڵیۆزی هیندستان لە عێراق کرد.

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە دیدارەکەدا پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و هیندستان، تاوتوێ کراون.

وەکو ئەوەی لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، “باڵیۆزی هیندستان ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە بەتایبەتی لە بوارەکانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و تەندروستی و خوێندن و وزە و تەکنەلۆژیادا دەربڕی و ئاماژەی بە وە دا کە بۆ ئەم مەبەستە ئێستا شاندێکی بازرگانی لە هەرێمی هەرێمی کوردستانن”.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وەکو ئەوەی ئاماژەی پێ کراوە، “خواستی هەرێمی کوردستانی بۆ بەهێزترکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ هیندستان دووپات کردەوە.”

“ڕۆژانە نزیکەی 50 کەس لە هەرێمی کوردستان ڤیزای هیندستان وەردەگرن”

ڕۆژی یەکشەممە، 28-04-2024، پراشانت پیسێ، باڵیۆزی هیندستان لە عێراق، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاشکرای کرد، ڕۆژانە نزیکەی 50 کەس لە هەرێمی کوردستان ڤیزای هیندستان وەردەگرن، هەروەها سکۆڵەرشیپ بە 50 قوتابی دەدەن و خولی ڕاهێنانیش بۆ بەرپرسانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەنەوە.

ساڵی ڕابردوو نزیکەی 60 بەرپرسی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی وەرگرتنی خولی ڕاهێنان لە چەندین بواری وەک کشتوکاڵ، دەرمانسازی، بانک، کارگێری، تەکنەلۆژیای زانیاری سەردانی هیندستانیان کرد. 

ھەواڵی زیاتر