وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لیستی مووچەی مانگی ئایاری فەرمانبەران ڕادەستی وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ کرا.
ڕاگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ سێ شەممە 4ی حوزەیرانی 2024، لیستی مووچەی مانگی ئایاری فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، ڕادەستی وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ کردووە بۆ ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم.
دوێنێ دووشەممە سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، دوای پەسەندکردنی خشتەکانی بودجەی 2024 لە پەرلەمانی عێراق، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان 4ـی حوزەیرانی 2024، واتە ئەمرۆ لیستی مووچەی مانگی ئایاری مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ڕەوانەی بەغدا دەکات.
ئێوارەی دوێنێ دووشەممە پەرلەمانی عێراق بە ئامادەبوونی 199 پەرلەمانتار بۆ خشتەکانی بودجەی 2024ـی فیدراڵی پەسەندی کرد، کە یەکێک لە بڕگەکانی بریتییە لە دەستەبەر کردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و جیاکردنەوەی لە خەرجی ڕاستەقینە (ئینفاقی فیعلی).
بە گوێرەی خشتەکانی بودجەی گشتیی ئەمساڵ پشکی هەرێمی کوردستان بە هەردوو خەرجی بەکاربردن و وەبەرهێنان دەگاتە 20 تریلیۆن و 910 ملیار و 463 ملیۆن و 911 هەزار دینار، خەرجی بەکاربردن 14 تریلیۆن و 840 ملیۆن و 223 هەزار دینار پێکدەهێنێت، لەو برە 11 ترلیۆن و 580 ملیار دینار بۆ مووچەی هەرێمی کوردستان دانراوە و بەم شێوەیە مانگانە 965 ملیار دینار بۆ خەرجی ئەم بوارە ڕەوانە دەکرێت.