بەهێز کردنی ئینتیمای نیشتیمانی ئەرکی هەموومانە

عومەر چنگیانی

دوای ئەوەی برای هێژا مامۆستا جەعفەر گوانی بە زمانی عەرەبی گوتارێکی ئامادە کرد لە ژێر ناونیشانی (تعزیز الانتماء الوطني أمانة علی عاتق الجمیع) و، دواتر بە هەماهەنگی لە نێوان ئەندامانی بۆرد و بە یاوەری مامۆستا بەشیر بەرپرسی بۆرد مشتو ماڵ کرا، ڕێزدار مامۆستا وەزیریش کورداندی و بە گشتلا ئامادە کرا، لە هەینی ڕابردوو٣١ی٥ی٢٠٢٤ بەشێکی بەرچاو لە مامۆستا بەڕیزەکانی کوردستان لە ڕێگای دوانگەپیرۆزەکانی مزگەوتەکانیانەوە تیشکیان خستە سەر و منیش دەیکەمە توێشووی گوڵخەرمانی ئەم هەفتەیەم و ئەودەقانەی لەوێ ڕا وەرنەگێڕدرابوون بەپێی توانا دەیان کوردێنم.
دەقی وتارەکە: (لە قورئانی پڕ لە بەخشش دا کاتێک باسی باوکی دووهەمی مرۆڤایەتی دەکرێ (نوح)علیه السلام، خوای گەورە لە ئایەتی ٢٩ی سورەتی(المؤمنون)دا، باس لەونزایە دەکات کە خوای باڵا دەست فەرمانی دا تا نوح بیخوێنێ و بیڵێت، دەفەرمێ:
(بڵێ: ئەی پەروەرینی من لە شوێنێک بمگیرسێنەوە و لەنگەر بە کەشتییەکەم بگرە، کە فەڕت بەسەردا ڕشتبێت و هەر خۆتی باشترین کەسێک کە داڵدە بەخش و حەواندنەوە دێنیە پیێش و جێگای ئاسوودەیی دەبەخشیت). کە ئەوە بوو، خودای گەورە دوعاکەی قبوڵکرد و لەدوای تۆفانەکە، لە سەر کێوی جودی جێگیریکرد – کێوێکە نزیکی شاری نوح (شرنیخ) لە باکووری کوردستان و سنوورە لە گەڵ ناوچەی زاخۆ و ئیبراهیم خەلیل لە باشوری کوردستان -، هەروەها پێغەمبەرمان – دروود و سڵاوی خوای لەسەربیت – خۆشەویستی و ئینتیمای خۆی دردەبڕێ بۆ مەککە و لە کاتی وەدەرنانەکەیدا لە مەککە فەرموویەتی:
(ئای کە شارێکی چەند لەدڵمدا شیرین و بۆنخۆشی لەلام و گەر خزمانم وەدەریان نەنامایە لێت وەدوور نەدەکەوتمەوە و لە هیچ جێگایەکی زەوی بنە جۆ نەدەبووم) .
خۆشەویستی پێغەمبەرمان (د.خ) بۆ مەککە و شاخ و ئەرزەکەی مەنهەج بوە.
ووڵات یان نیشتیمان بریتیە لەو خاکەی کە لەسەریدا لەدایک دەبین و تیایدا گەشەدەکەین و یادگاریەکانمان تیایدا تۆمارکردوە، نیشتیمان هێزەکی مەعنەویە بۆ مرۆڤ، هەر کەسێ نیشتیمانی نەبێ ئەو هێزە مەعنەویەشی نابێ، چونکە وابەستەبون و خۆشەویستی خاک هەر لە فیترەتی ئینساندا ڕوێندراوە، هیچ ووڵاتێکیش نیە ئیللا ڕۆژانی خۆشی و ناخۆشی بەسەردادێ، کوردستانی ئازیزیشمان بەم ڕۆژە ناخۆشانەدا گوزەری کردوە و ئێستاش هەر تیایدا دەژیێ، دەبینین تەماعکارانی ئەم نیشتیمانە شەو و ڕۆژ و ساڵیان بەسەریەکەوە ناوە بۆ پێشێلکردنی ماف و لەناوبردنی کیان وبەتاڵانبردنی خەیرات و سەروەتی ئەم هەرێمە ئەگەر بۆیان بڕەخسێ .
بۆیە واجبی شەرعی و ئەخلاقیە لەسەر هەموومان کە تاکێکی ساڵح و هاوڵاتیەکی فیداکاربین بۆ بەرزکردنەوەی ئاڵای نیشتیمان پارێزگاری لە نیشتیمان .
تەوەری یەکەم : بەدیهێنانی مافی هاوڵاتیبوون .
هاوڵاتیبوون بریتییە لە چێژ وەرگرتن لە مافە بەرجەستەکراوەکان و پابەندبوونی بە ئەرکەکانیەوە و جێبەجێکردنی لە شوێنێکی جوگرافی دیاریکراودا، لێرەدا مرۆڤ هەست بە چەمکی سەربەخۆیی دەکات و هەستی نیشتمانپەروەری بەهێز دەکات و خۆشەویستی نیشتیمان پتەوتر دەکات .
ڕەگی ئەم چەمکی ئینتیمای نیشتیمانیە ڕوون و ئاشکرایە لە ڕێگەی ئەو نموونانەی کە لەسەر خۆشەویستی پێغەمبەرە (د.خ) بۆ خاک و نیشتیمانەکەی کە مەککەیە بێشکەو لانەی لەدایک بوون و پێگەیشتن و گەورەبونیەتی .
تەوەری دووەم : بنەماکانی هاوڵاتیبوون .
یەکەم : پاراستنی ئەمن و ئاسایشی و سەقامگیری ووڵات : کە ئەمەش ئەرکی هەموومانە، هەریەکێ بەگوێرەی پێگەی خۆی، ناکرێ کەسی موسڵمان کەمتەرخەمبێ لەئاست ئەرکەکانی بەرامبەر بە نیشتیمانەکەی، وە ناشکرێ زەهیچ بیانیویەک پێشێلی مافی هاوڵاتیشی بکرێ لەژێر هیچ بیانویەک و وە هیچ بیانویەکیش قابیلی قبوڵ نیە .
دووەم : خۆشەویستنی نیشتیمان : هەرکەسێک وڵاتەکەی خۆی خۆشنەوێ ئەوە فیترەتێکی فاسیدی هەیە، دەبێت ئێمە جیاوازی بکەین لە نێوان دەوڵەت و نیشتماندا، ووڵات و حکومەت دەگۆردرێن و گۆڕانکاریان بەسەردادێ، بەڵام نیشتیمان هەر دەمێنێتەوە وەکو خۆی، چەندین کاربەدەست و حکومەت هاتن و ڕۆشتن و ناویشیان نەما بەڵام کوردوستان هەر مایەوەو هەردەمێنێتەوەش .
سێیەم : ئاوەدانکردنەوەی ووڵات : یەکێک لە مافەکانی هەرێمی کوردستان لەسەر شانی ئێمەی هاوڵاتی ئاوەدانکردنەوەو برەودانە بە پێشکەوتنی نیشتیمان بۆ ئەوەی لەسەردەمی پێشکەۆتندا دانەبڕێین، بۆ دڵخۆشکردنی خەڵک و زامنکردنی ژیانێکی سەربەرزانە بۆیان، ئەمەش واجبی سەرشانی هەموومانە بە خەڵک و حکومەتیەوە، خودای گەورە لەسەر ئەم خاکە خەڵقی کردوین تاوەکو ئاوەدانی بکەینەوە. خودای گەورە نەهی کردوە خراپەکاری و گەندەڵی لەسەر زەویدا بکرێت .
چوارەم : ددپەروەری بەهەموو جۆرەکانیەوە ( کۆمەڵایەتی، ئابووری، سیاسی، دامەزراندن )، وە ڕەخساندنی هەلی کار، بۆ ئەوەی هەموو تاکێکی کۆمەڵگا هەست بکا کە بەشێکە لەم نیشتیمانەو ئەبێ لە ئەرک و مافدا بەشداربێ .
پێنجەم : هەریەکێ لە دەسەڵاتدار و خەڵک بەرپرسیارەتی خۆیان بزانن بەرامبەر بەیەکتری و بەرامبەر بە نیشتیمان، وە دەبێ پردی پەیوەندی نێوانیان بەهێزبێ، لێرەدا ڕۆڵی مامۆستایانی ئایینی و کەسانی کۆمەڵایەتی و ڕۆشەنبیر دێتە گۆڕێ بۆ پاراستنی کەشتی نیشتیمان و لە ئامۆژگاریکردنی خەڵک و حکومەت و هەمووان .

ھەواڵی زیاتر