پێشەوا هەورامانی گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە راگەیەنراوەكەدا دەڵێت “ئێستا کە خەریکە هەوڵ و کۆبوونەوەکانی سەرۆک وەزیران دەگەنە ئەنجام و مافە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان بە یاسا جێگیر دەکرێن”.
سەبارەت بەو پەرلەمانتارانەش كە خەریکی دژایەتی و پڕوپاگەندەن، پێشەوا هەورامانی دەڵێت ” ئەوەی لەبەرەی مووچەبڕانە وەک هەموو جارێک بێ هیوا دەکرێت، با سەرۆک وەزیران مووچە وەرگربێت و ئێوەش هەر مووچەبڕ.
ئەمەی خوارەوە راگەیەنراوەكەی گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە:-
لەبارەی پەسەندکردنی خشتە نوێیەکانی بودجەی فیدراڵی لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ ساڵی 2024 و 2025
ئێستا کە خەریکە هەوڵ و کۆبوونەوەکانی بەڕێز سەرۆک وەزیران دەگەنە ئەنجام و مافە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان بە یاسا جێگیر دەکرێن، بەڕێز سەرۆک وەزیران هەوڵیداوە مووچە و بودجە لەبابەتەکانی دیکە جیا بکرێنەوە، ژمارەیەک پەرلەمانتاری کورد بوونەتە وتەبێژی مووچەبڕان و میدیاکانی مووچەبڕانی ناوخۆ بێ ئارام و پەرێشان خەریکی دژایەتی و پڕوپاگەندە و هەواڵی پڕ کینەن دژ بە حکوومەت و دەرئەنجامی هەوڵەکانی بەڕێز سەرۆک وەزیران.
بەڵام خەڵکی کوردستان دڵنیا دەکەینەوە کە کاروانی ئاوەدانی و پاراستنی مافەکانی خەڵک لەچوارچێوەی دەستووری عێراق بەردەوام دەبن و بە ئەمانەتەوە بەرگرییان لێ دەکرێت و ئەوەشی لەبەرەی مووچە بڕانە وەک هەموو جارێک بێ هیوا دەکرێت، با بەڕێز سەرۆک وەزیران مووچە وەرگربێت و ئێوەش هەر مووچە بڕ.
پێشەوا هەورامانی
گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان