سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

د.شاخەوان عەبدوڵا: لە بودجەدا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان گەرەنتی کراوە

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، لەدوای پەسندکردنی خشتەی بودجە، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان گەرەنتی کراوە.

د.شاخەوان عەبدوڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: “لەسەر خشتەکانی بودجە ڕێککەوتن کرا و دواجار پەرلەمان دەنگی لەسەردا.”

گوتیشی: “لە کۆبوونەوەمان لەگەڵ لێژنەی دارایی ئەو بابەتەمان کۆتایی پێهێنا و دەنگدانی لەسەر کرا و بەزۆرینەی دەنگ تێپەڕی کە دەستکاری خشتەی بودجە نەکرێت، لەگەڵ ئەوەش بڕی دوو تریلیۆن دینار دەسەڵاتمان دایە سەرۆکوەزیران ئەو بڕە پارەیە بەکار بێنێت.”

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئاشکرای کرد: “لەو یاساییە گەرەنتی مووچەی فەرمەنبەرانی هەرێمی کوردستان کراوە و کارمان لەسەر ئەوە کرد بودجەکە وەکوو خۆی تێپەڕێت و دەنگی لەسەر بدرێت.”

دەشڵێت: “مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان گرەنتی کراوە لە چوارچێوەی بودجەی بەکاربردن وەکوو خۆی، ئەوەی کە ماوەتەوە حکوومەتی عێراق پێویستە پابەندبێت بەو خشتانەی کە خۆی ناردوویەتی.”

ئەمڕۆ ئێوارە په‌رله‌مانی عێراق دەنگی بە خشتەی بودجەی ساڵی 2024ی عێراق دا و پەسندی کرد.

ڕۆژی 21ی5ی2024، خشتەی یاسای بودجه‌ بۆ ساڵی 2024، كە بڕەكەی زیاتر لە 211 ترلیۆن و 861 ملیار دینارە، له‌دوای په‌سه‌ندكردنی له‌ ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران، بۆ پەرلەمانی عێراق نێردرا