سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی: دەمانەوێت کارێک بکەین برایانی ئێزدی بگەڕێنەوە زێدی خۆیان و ناوچەکەیان بەڕێوەببەن

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی لالشی کرد و لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24 ڕایگەیاند: دەمانەوێت کارێک بکەین برایانی ئێزدی بگەڕێنەوە زێدی خۆیان و ناوچەکەیان بەڕێوەببەن.

ڕۆژی دووشەممە (3ـی حوزەیرانی 2024) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە درێژەی سەردان و چالاکییەکانی لە سنووری پارێزگای دهۆک، سەردانی پەرستگای لالشی لە شێخان کرد.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24 خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بۆ بەسەرکردنەوەی لالش و ڕایگەیاند: هیوادارم بتوانین زیاتر خزمەتی خوشک و برایانی ئێزدی بکەین و دووپاتی کردەوە کە ئێزدییەکان خوشک و برای ئێمەن و کوردی ڕەسەنن.

هەروەها سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی گوتیشی: جێگەی شانازییە و خۆشحاڵین کە دەرفەت هەبوو لە نزیکەوەی پەرستگای لالش بەسەر بکەینەوە و میری ئێزدییان و ئەنجوومەنی رۆحانی ببینین و جەختی کردەوە کە ئێزدی یەکێکە لە ئایینە ڕەسەنەکانی کوردستان.

لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ڕایگەیاند: دەبێت کارێک بکەین، ئەو ئێزدییانەی لە شنگال ئاوارە بوون، هەرچەندە ئێستاش لە وڵات و لە نێو خوشک و برای خۆیاندان، بە سەربڵندی و کەڕامەتەوە بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان و دەسەڵات و ئاسایشی ناوچەکەیان لە دەستی خۆیان بێت.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لەسەر قەرەبووکردنەوەی ئێزدییەکان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان کردەوە لەسەر ئەو غەدرەی لێیان کرا و لە جارێکی دیکەش، کەس بیر لەوە نەکاتەوە دەستدرێژی یان زۆرداری لەدژی ئێزدییەکان بکات.

ھەواڵی زیاتر