بۆ یەکەم جار ئافرەتێک وەک سەرۆکی مەکسیک هەڵبژێردرا

بەگوێرەی ئەنجامی دامەزراوەی نیشتمانی هەڵبژاردنەکانەوە، کاندیدی چەپەکانی مەکسیک، کلاودیا شەینباوم، لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی مەکسیک سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەستهێنا.

شەینباوم تەمەن 61 ساڵ، نزیکەی 60%ـی دەنگەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی بەدەستهێناوە، زۆر لە پێش ڕکابەرەکەیەوە بووە، کاندیدی ئۆپۆزسیۆن سوچیتل گالڤێز، کە مەزەندە دەکرێت 26 بۆ 28%ـی دەنگەکانی بەدەستهێنابێت، لەکاتێکدا کاندیدێکی دیکە بەناوی خۆرخی ئەلڤارێز ماینز لە 10%ـی دەنگەکانی بەدەست هێناوە.

بەم سەرکەوتنە، شەینباوم دەبێتە یەکەمین سەرۆکی ئافرەت لە مێژووی وڵاتێکدا کە بەهۆی باندەکانی ماددە هۆشبەرەکانەوە شێواوە، هەروەها نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژانە نزیکەی 10 حاڵەتی کوشتنی ئافرەتان تۆمار دەکات.

شەینباوم کێیە؟

کلاودیا شەینباوم لە ساڵی 1962 لە شاری مەکسیکۆ لەدایکبووە، بە ڕەچەڵەک جووە، چونکە چوار باپیرەی جوو بوون، لە لیتوانیا و بولگاریا کۆچیان کردووە بۆ مەکسیک.

ڕۆژنامەی ئەسۆشێتد پرێس لە زاری تیمی بانگەشەی هەڵبژاردنەکەیەوە ڕایگەیاندووە، کە شەینباوم خۆی بە ئافرەتێکی ئیماندار دەزانێت، “بەڵام سەر بە هیچ ئایینێک نییە”.

دایک و باوکی لە بواری توێژینەوەی زانستی و ئەکادیمیدا کاریان کردووە. کچەکەیان شوێن پێی ئەوان ڕۆیشتووە، پێش ئەوەی بڕوانامەی دکتۆرا لە ئەندازیاری وزە بەدەستبهێنێت، فیزیای خوێندووە.

بەپێی هەواڵێکی “بی بی سی” بەریتانی، شەینباوم گەشتێکی بۆ ئەمەریکا کردووە، لەوێ ساڵانێک لە تاقیگەیەکی توێژینەوەی بەناوبانگی کالیفۆرنیا بەسەر بردووە و لێکۆڵینەوەی لە شێوازەکانی بەکارهێنانی وزەی مەکسیک کردووە و بووەتە شارەزای گۆڕانی کەشوهەوا.

لەسەر ئاستی جیهانی، ڕاوێژکاری بانکی نێودەوڵەتی و بەرنامەی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان بووە. زیاتر لە 100 بابەتی نووسیوە و دوو کتێبی لەسەر وزە و ژینگە و گەشەپێدانی بەردەوام نووسیوە.

ژیانی سیاسی شەینباوم

بەپێی تۆڕی “سی ئێن ئێن”ـی ئەمەریکی، لە ساڵی 2000 تا 2006 وەک وەزیری ژینگە لە شاری مەکسیکۆ سیتی کاری کردووە لە سەردەمی سەرۆکی دەستلەکارکێشاوە ئاندرێس مانوێل لۆپێز ئۆبرادۆر وەک سەرۆکی شارەوانی کاریکردووە.

شەینباوم لە ساڵی 2015 تا 2017 وەک سەرۆکی شارەوانی پارێزگای تلالپان دەستنیشانکرا، پاشان لە ساڵی 2018 وەک سەرۆکی شارەوانی شاری مەکسیکۆ سیتی دەستنیشانکرا، کە یەکێکە لە پۆستە سیاسییە کاریگەرەکانی وڵات، و ڕێگە خۆشکەرە بۆ پۆستی سەرۆکایەتی مەکسیک.

شەینباوم ئاشکرای کرد کە ئەو لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیدا دەنگی بە خۆی نەداوە، بەڵکو دەنگی بە یەکێک لە کاندیدانی چەپی مەکسیکی، ئیفیگینیا مارتینێزی تەمەن  93 ساڵ داوە.

بەگوێرەی پەیمانگەی نیشتمانی هەڵبژاردن لە مەکسیک، 98.3 ملیۆن کەس لە لیستەکانی دەنگدانی هەڵبژاردندا خۆیان تۆمارکردووە. هەروەها سندوقێکی بەتاڵیش دابین کراوە کە ڕێگە بە خەڵک دەدات دەنگ بە کاندیدە تۆمارنەکراوەکان بدەن.

ھەواڵی زیاتر