بڕیاری دابەش دووکردنی زەوی، خەڵکی کەمدەرامەتی دڵخۆش و خەڵکێکی تری نیگەران کردووە

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە بڕیارێکدا، بە خستنەڕووی کۆمەڵێک مەرج جارێکی دیکە ئەو مافەی بۆ خەڵک گەڕاندەوە کە دەتوانن زەوییەکانیان دابەش دوو بکەن و دوو خانووی لەسەر بنیات بنێن. ئەم بڕیارە بووەتە مایەی دڵخۆشیی خەڵکی کەمدەرامەت، هەرچەندە لای خەڵکێکی تر نیگەرانی لێکەوتووەتەوە و پێیان وایە بەم بڕیارە جەنجاڵیی گەڕەکەکان زیاتر دەبێ و جارێکی تر ستانداردەکانی پەرەپێدانی شار دەشێوێنێت.

بڕیارەکەی شارەوانی
لە ڕاگەیەنراوێکی وەزارەتی شارەوانی کە بۆ سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكان و سەرۆكایەتیی شارەوانییەكانی هەموو شار و ئیدارە سەربەخۆكانی هەرێمی كوردستان نێردراوە، ئەو مەرجانە خراونەتە ڕوو بۆ ئەوەی هاووڵاتییان لە مۆڵەتی دروستكردنی خانوو لەسەر زەویی دابەش دوو سوودمەن بن.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە کردووە بۆ پاراستنی فرەچەشنیی كۆمەڵایەتی و ڕێگەگرتن لە جیاوازیی چینایەتی و ڕێكخستنەوەی ژینگەی ئاوەدانیی شار و شارۆچكەكان لە چوارچێوەی پێوەرە پلانسازییەكاندا، بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی ئابووری و كۆمەڵایەتیی هاووڵاتییان، ئەم بڕیارە دەرچووە.
بەپێی مەرجەکانی وەزارەتی شارەوانی نابێت هیچ زەوییەك كە دابەش دوو دەبێت، لە دووسەد مەتر دووجا كەمتر بێت و پێویستە ڕووكاری هەر پارچە زەوییەكیان لە پێنج مەتر كەمتر نەبێت و دەبێت ڕووبەری هەر زەوییەكیش دوای دابەشكردنی بە لانی كەمەوە سەد مەتر دووجا بێت.

بڕیارەکە بە دڵی خەڵکی کەم دەرامەتە
بڕیارەکە بە دڵی خەڵکی کەمدەرامەتە، چونکە لە توانای ئەواندا نەبوو پارچەیەک زەوی بکڕن چ جای ئەوە زەوییەکە بکەن بە خانوو، دروستکردنی خانووش لەسەر ڕووبەری دووسەد مەتر یان زیاتر ئەوا خەرجییەکی زۆری دەوێت و تەنیا لە توانای دەوڵەمەندەکاندایە خانوو دروست بکەن.
زۆرینەی هاووڵاتییان بە تایبەتی خەڵکی کەمدەرامەت پێشوازییان لەم بڕیارەی وەزارەتی شارەوانی کردووە و ڕێزلێنانیان بۆ بڕیارەکە دەربڕیوە. هاووڵاتییەک بە ناوی قارەمان گراوی نووسیویەتی ئارەزوویەکی دێرینیان بەدی هاتووە و بۆیەش دەستخۆشی لە حکوومەت دەکات و لەو کۆمێنتانەی لە لایەن خەڵک بۆ بڕیارەکەی وەزارەت بڵاو کراوەتەوە سەرووی ٩٥%یان پێشوازییان کردووە و بە شتێکی باشیان زانیوە و بۆیەش هەر کامێک بە شێوەیەک سوپاسی حکوومەتیان کردووە و پێیان وایە دەروویەکیان بۆ کراوەتەوە بۆ ئەوەی لە کرێچیەتی ڕزگاریان بێت.
لەو کاتەوە کە حکوومەت دابەشکردنی زەوی قەدەخە کرد، توانای خەڵکی کەمدەرامەت بۆ کڕینی زەوی و بنیاتنانی خانوو دابەزی و بۆیەش یەکێک لە داواکارییەکانیان لە حکوومەت ئەوە بووە مافی ئەوەیان پێ بدرێ زەوی دابەش دوو بکەن.

سوودی بڕیارەکە
بەو پێیە ئەو پارەیەی پێشتر بۆ کڕینی پارچە زەوییەک تەرخان دەکرا ئەم جارە نیو پارچە زەوی پێ دەکڕدرێت و بڕێک پارەشیان بۆ دەمێنێتەوە و هاووڵاتی دەتوانێت لە بنیاتنانی خانووەکەی خەرجی بکات بە مەرجێک حکوومەتیش خزمەتگوزارییەکانی خۆی خێرا بگەیەنێتە ئەو زەویانە.
بڕیارەکەی وەزارەتی شارەوانی دەرهاویشتەی خراپیشی هەیە و پێشتر حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەر لە ڕێی ئەو وەزارەتەوە کاتێک بڕیاری دابەشکردنی زەوی ڕاگرت کە هەستی بەوە کرد خانووی سەد مەتری بووەتە هۆی قەرەباڵغکردنی گەڕەکەکان و دوای ئەوەی ئەم دابەشبوونە هەڵوەشایەوە کۆمەڵێک گەڕەکی نوێ لە هەولێر بنیات نران کە لە ڕووی شارسازییوەوە زۆر ستانداردن و جگە لەوەی کە کۆڵانەکانیان بەرینن لە هەمان کاتدا خزمەتگوزارییەکانی وەک تەندروستی و پەروەردە و ئاو و کارەباش زۆر باشتر دابین کراوە.
بۆ نموونە ئەگەر لە نەخشەسازیدا گەڕەکێک بە پێنج هەزار پارچە زەوی نەخشەی بۆ کێشرابێت ئەوا بۆ دابینکردنی خزمەتگوزارییەکانی پلان بۆ پێنج هەزار ماڵ داندراوە بەڵام ئەگەر ئەم زەویانە دابەش دوو بکرێن ئەوا ژمارەی دانیشتووانی دەبێتە دە هەزار ماڵ و ئەرکە خزمەتگوزارییەکان بۆ دوو هێندە بەرز دەکاتەوە، ئەمە بەدەر لە جەنجاڵیی کۆڵانەکان و کەمیی سەوزایی و ڕووبەری گونجاو بۆ دابینکردنی خزمەتگوزارییەکانی وەک قوتابخانە و سەوزایی و بنکەی تەندروستی و باخچەی ساوایان و ئاو و کارەبا.

نیگەرانییەکان چین؟
هەرچەندە ژمارەیان کەمە بەڵام هەندێک کەس بڕیارەکەی وەزارەتی شارەوانی بە خراپ هەژمار دەکەن، هاووڵاتییەک بە ناوی ئەبوبەکر خۆشناو بڕیارەکەی وەزارەتی شارەوانی بە خراپ هەژمار دەکات و دەڵێت ” دەبوایە هەرگیز بیر لەو بابەتە نەکرێتەوە، ئەو گەڕەکە تازانەش بەدەردی ئەوانەی تر دەچن، جەنجاڵی و قەرەباڵغی و قەیرانی ئاو زیاتر تەشەنە دەکات.”
یەکێکی تربە ناوی هیوا نووسیویەتی بڕیارەکانی شارەوانی نابێت لەسەر بنەمای ئەوە بن خەڵک پێیان خۆشە یان نا بەڵکوو دەبێت ئەندازەیی و لەسەر بنەمای پلان و پەرەپێدانی شار بن.
وەزارەتی شارەوانی وەک پاساو بۆ بڕیارەکەی ئاماژەی داوە، مۆڵەتدان بە دروستكردنی خانوو لەسەر زەویی دابەش دوو، داوایەكی لەمێژینەی خاوەن زەوییەکانە، بۆیە بە سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوار، دەیان كۆبوونەوە و گۆڕینەوەی سەرنج لەگەڵ لایەنە پێوەندیدارەكانی ناو وەزارەت و دەرەوەی وەزارەت كراوە، بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە بڕیار لە بەرژەوەندیی ئەو خاوەن زەییانە بدرێت و لایەنی ماستەرپلانی شارەكان و جەنجاڵیی گەڕەكەكانیش ڕەچاو بكرێت.
وەزیری شارەوانی داوای لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتی و سەرۆكایەتیی هەموو شارەوانییەكان كردووە، ڕەچاوی لایەنی تەندروستی و ژینگە و ڕێژەی سەوزایی بكەن و بە وردی و خاڵ ڕوونی كردووەتەوە، ئەوەش خراوەتە ڕوو كە لەمەوپاش تەنیا كار بەم ڕوونكردنەوەیە دەكرێت.

ھەواڵی زیاتر