هەواڵ عوسمان: بەهۆی نەبوونی كاتەوە ناتوانم بەشداری كاری هونەری بكەمەوە

عەبدولغەفار عەبدوڵڵا – هەولێر

خانمە هونەرمەند هەواڵ عوسمان ئاماژە بەوە دەكات كە تەمەننای دەكرد جارێكی دیكە لەسەر تەختەی شانۆ دەربكەوێتەوە، بەڵام بەهۆی نەبوونی كاتەوە ناتوانێت بڕواتەوە كاری هونەریی.

هونەرمەند هەواڵ عوسمان، یەكێكە لەو خانمە هونەرمەندانەی لە بەشی یەكەمی زنجیرە درامای گەردەلولەوە لەگەڵ هونەرمەندی خوالێخۆشبوو پشتیوان بەدەوی هاوسەری بەشدارییان كرد و زیاتر لای جەماوەر ناسران، بەڵام بەهۆی كۆچی دوایی هاوسەرەكەیەوە، هەواڵ عوسمان چەند سالێكە لەبواری هونەریی دابڕاوە.
هەواڵ عوسمان لەم چاوپێكەوتنەی (هەولێر)ـدا دەڵێت، حەزی دەكرد جارێكی دیكە بەشداری بەرهەمهێنانی گەردەلول بكاتەوە، بەڵام بەهۆی نەبوونی كاتەوە ئەو دەرفەتەی بۆ ناڕەخسێت.

هەولێر: هۆكار چییە بەشداری كاری هونەریی ناكەیتەوە؟
هەواڵ عوسمان: پڕ بەدڵ حەز دەكەم جارێكی دیكە بڕۆمەوە سەر تەختەی شانۆ و دراما و فیلم، بەڵام بەداخەوە لەئێستادا كاتەكانم بەش ناكات، بەتایبەتیش تەختەی شانۆ، چونكە حەزی منداڵیمە، بەڵام ژیان وایلێكردووم ناتوانم بەشداری كاری هونەری بكەمەوە.

هەولێر: ئەگەر كاتت هەبوایە حەزم لە كام بەشەی هونەر بوو، شانۆ، فیلم، دراما؟
هەواڵ عوسمان: زۆر حەزم لە تەختەی شانۆیە، چونكە پێنج ساڵ خوێندوومانە و لەسەر تەختەی شانۆ گەورە بووین تا فێری بووین راستەوخۆ لەگەڵ بینەر قسە بكەین كە ئەوە زۆر گرنگە.
هەولێر: بڕیارە زنجیرە درامای گەردەلول دەست پێبكاتەوە، ئێوە پێشتریش بەشداریتان كرد، ئەمجارە بەشداری دەكەنەوە؟
هەواڵ عوسمان: رێز و خۆشەویستیم بۆ مامۆستا جەلیل زەنگەنە هەیە و داوای لێكردم بەشداری بەرهەمهێنانی گەردەلول بكەمەوە، بەڵام بەداخەوە بەهۆی نەبوونی كاتەوە ناتوانم بەشداری بكەمەوە، ئەگەرنا زۆرم پێخۆشبوو، ئێستاش تەمەننا دەكەم گەردەلول ببێتەوە باشترین دراما.

هەولێر: پێشتر خۆت و خوالێخۆشبوو پشتیوان بەدەوی هاوسەرت رۆڵتان دەبینی، ئێستا ئێوەی تێدا نین، پێشبینیت چییە بۆ دراماكە؟
هەواڵ عوسمان: راستە كۆمەڵێك هونەرمەندی زۆری تێدا نەماوە، بەڵام دووبارە تەمەننا دەكەم وەك پێشتر بینەری زۆر باشی هەبێت و لە توانای مامۆستا جەلیل زەنگەنە دڵنیام كاری باش دەكات.

هەولێر: ئێوە چەند ساڵێكە لە بواری بازرگانیدا كار دەكەن، ئەو بوارە تا چەندێك بۆ ژنان گونجاوە؟
هەواڵ عوسمان: بەداخەوە ئەگەر بتوانی بەشێوەیەكی باش بەكاری بهێیت بۆ ژن و پیاو جیاوازی نییە، بەڵام نەك بەلاڕێدا ببرێت، بۆیە ئەگەر بەلاڕێدا ببرێت باش نییە.

ھەواڵی زیاتر