كوردێك چۆن گەورەترین فەرماندە ناپیلیۆنی كوشت؟

كارزان گلی – هه‌ولێر

سولەیمان ئەلحەلەبی، ناوی ئەو كەسەیە كە هاووڵاتی میسر بووە و بەڕەگەز كوردە، بەهۆی ئەوەی میسر لەژێر داگیركاری عوسمانییەكاندا بووە، بۆیە تورك وەكوو هاووڵاتییەیی دەوڵەتی عوسمانی ناوی دەبەن و دەشڵێن بەڕەگەز كوردە. ئەو توانی بەهێزترین فەرماندەی ناپلیۆن بكوژێت، بەڵام هەرگیز ئەو راستییە بۆ گەلی توركیا روون نەبووەتەوە كە سولەیمان كورد بووە.

ئەوانەی سەردانی پاریسیان كردووە و لەوێ سەردانی مۆزەخانەی مرۆڤایەتییان كردبێت، رووبەرووی سەرێك دەبنەوە، كە ئەو سەرە سەری سولەیمانە و وەكوو كەسێكی سووك و خاین لەو مۆزەخانەیە ناوی هاتووە، چوونكە بەهێزترین فەرماندەی ناپلیۆنی كوشتووە. سولەیمانی كورد، قبوڵی نەبووە وڵاتەكەی لەژێر داگیركاری فەڕەنسا و ناپلیۆن بێت، بۆیە بوێرانە توانیویەتی بەهێزترین فەرماندەی ناپلیۆن بەناوی (Jean Baptiste Kleber) بكوژێت.
ئەو قبوڵی بووە وڵاتەكەی كە میسرە لەژێر داگیركاری عوسمانیدا بێت، چوونكە پێیوابووە عوسمانییەكان موسڵمانن، بەڵام ناپلیۆنی پێ كافر بووە، بۆیە پێی هەرس نەكراوە لەژێر داگیركاری غەیرە موسڵماندا بژیت.

چیرۆكی داگیركردنی میسر لەلایەن ناپلیۆنەوە
سوپای ناپلیۆن دەچنە بەردەم شاری ئەسكەندەرییە و لەوێ خۆیان ئامادە دەكەن تا هێرشی گەورە دەست پێبكەن، ئەوكات سوپای عوسمانی بەم هەنگاوەی نەزانیوە، بۆیە سەلیمی سێیەم، سوڵتانی عوسمانی، نامەیەك بۆ سەید عەی ئەفەندی، سەركونسوڵی عوسمانی لە میسر دەنێرێت و لە نامەكە (بە خوێڕی و كەر) ناوی دەبات و پێی دەڵێت چۆن ئاگادار نەبوون كە ناپلیۆن سووپایەكی لەو جۆرەی هێناوەتە بەردەم ئەسكەندەرییە.
بەڵام تازە كار لەكار ترازابوو، ناپلیۆن بەتەواوی گەمارۆی ئەسكەندەرییەی دابوو و 38 هەزار سەربازی بۆ ئەو شەڕ ئامادە كردبوو، بۆیە سووپای عوسمانی بەبێ هیچ بەرگرییەك شارەكەیان رادەستی ناپلیۆن كرد.
ناپلیۆن بە نامەیەك داوا لە گەلی میسر دەكات، وا هەست نەكەن كە هاتووە وڵاتەكەیان داگیر بكات، نەخێر ئەو هاتووە تا ئەوان ئازاد بكات. هەروەها دەڵێت، ئەوانەی دەڵێن ناپلیۆن دەیەوێت دەریاكەتان بسووتێنێت درۆیە.
ئەو ناوی پێغەمبەری ئیسلام محەممەد (د.خ) دەهێنێت و دەڵێت رێزم بۆ خۆی و بۆ قورئانە پیرۆزەكەی هەیە و دەڵێت، هەرچی شتێكی پیرۆزە لەم وڵاتە موڵكی ئێوەیە و دەپارێزرێت.
پاشان وا دەرنەچوو و ناپلیۆن هەرچی خراپ بوو بەرامبەر بە میسر كردی و هەرچی شتی پیرۆز بوو لەناو برد، تەنانەت گەورەترین كتێبخانەی ئەسكەندەرییەی سووتاند و ناپلیۆن زانكۆی ئەزهەریشی داخست.
ناپلیۆن نەیتوانی وەكوو پێویست و بەتەواوی میسر بخاتە ژێر ركێفی خۆیەوە، چوونكە سووپای ئینگلیز لە میسر سەرئێشەی زۆریان بۆی دروست كرد، بۆیە لەڕووی هێزەوە میسری دایە دەستی فەرماندە بەهێزەكەی (Jean Baptiste Kleber).
بەگوێرەی لێكۆڵینەوەیەكی نووسەری توركیا محەممەد مەزڵووم چەلیك، ئەو فەرماندەیە زۆر بێویژدان بووە و خراپەكاری زۆری بەرامبەر بە خەڵكی میسر كردووە، بۆیە سولەیمان حەلەبی، بەبەهانەی ئەوەی دەچێتە لای ئەو فەرماندەیە و دەیەوێت دەستی ماچ بكات، رێگەی دەدەن بچێتە ژوورەكەی، چوونكە ( Kleber) حەزی كردووە گەلی میسر دەستی ماچ بكەن، ئەمەش وەكوو سووكایەتییەك بۆ ئەو گەلە، بەڵام سولەیمان، چوقۆیەك لەگەڵ خۆی دەبات و كاتێك سەری نەوی دەكات تا دەستی ماچ بكات، ئەو فەرماندەیە دەداتە بەرچەقۆ و دەمودەست گیان لەدەست دەدات، واتە لە 14ی حوزەیرانی 1800 ئەو فەرماندەیەی ناپلیۆنی كووشتووە.
سولەیمانی كورد، قوتابی زانكۆی ئەزهەر بووە، رەنگە داخستنی ئەو زانكۆیە كاریگەریی زۆری لەسەر هەبوبێت و هەروەها قبوڵی نەبووە غەیرە موسڵمان داگیركاری بێت، بۆیە (Jean Baptiste Kleber)ی كووشت، بەڵام دوای كوشتنەكە نەیتوانی رزگاری ببێت و سووپای ناپلیۆن توانیان دەستگیری بكەن و بەشێوەیەكی زۆر دڕندانە ئەو دەستەیان لێكردەوە كە بەچەقۆ فەرماندە بەهێزەكەی ناپلیۆنی پێی كووشت و خستیانە ناو چاڵێكەوە، تا لەسەرخۆ خوێنی لێبڕوات و بمرێت، پاشان سەرەكەیان لێكردەوە و بۆ ناپلیۆنیان نارد.
ئێستا سەری سولەیمان لە مۆزەخانەی مرۆڤایەتیی لە پاریس دانراوە و رۆژانە خەڵك دەچێتە ئەوێ و سەیری سەری سولەیمان دەكەن، كە وەكوو كەسێكی خراپ و خایم ناوی هاتووە.
مەزڵووم، داوا لە توركیا دەكات، بە هاوكاری میسر داوا لە حكوومەتی فەڕەنسا بكەن، تا سەری سولەیمان لە مۆزەخانەی مرۆڤایەتیی لە پاریس نەهێڵن، چوونكە ئەمە سووكایەتییە بۆ توركیا و میسر، هەروەها دەڵێت پێویستی دەكرد، تەرمەكەی لەو مۆزەخانەیە بوایە.
رەنگە بەهۆی ئەوەی سولەیمان كورد بووە و وەكوو قوتابییەكی ئەزهەر ناوبانگی پەیدا كردووە، بۆیە زۆر گرنگییان پێی نەداوە كە سەری ئەو لە مۆزەخانەی پاریس بێت و وەكوو سووكایەتییەك بۆ سولەیمان نیشانی خەڵكی بدەن. گەر سولەیمان تورك بوایە، بەدڵنیاییەوە ئێستا سەری ئەویان لەو مۆزەخانەیە لادابوو.

ھەواڵی زیاتر