نۆژەنكردنەوەی قشڵەی ئاكرێ كۆتایی هات

لە چوارچێوەی گرنگیدانی بە شوێنەوار و کەرتە گەشتیارییەكان، حكوومەتی هەرێمی كوردستان نۆژەنكردنەوەی قشڵەی ئاکرێی بەكۆتاهێنا و نۆژەنكردنەوەكەش گوژمەی 166 ملیۆن دینار تێچوو.

قشڵەی ئاکرێ دەکەوێتە سەنتەری بازاڕی ئاکرێی کۆن کە شوێنێکی ستراتیژیی باشی هەیە، بە تەرخانکردنی بودجەیەکی دیاریکراو لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستان نۆژەن کرایەوە، ئەم قشڵەیە لەسەر ڕووبەری هەزار و 400 مەتر چوارگۆشەیە، لە دوو نهۆم و 30 ژوور و سێ هۆڵ پێک دێت.

هیوا شیمال بەڕێوه‌به‌ری شوێنه‌وار و كه‌له‌پووری ئاكرێ ڕاگه‌یاند ”بە گوژمەی 166 ملیۆن دینار قشڵەی ئاکرێ لەسەر شێوازی کۆنی خۆی نۆژەن کرایەوە؛ لە ئێستادا مەترسیی داڕمانی لەسەر نەماوە، لە پلانیشماندا هەیە کە دوو مۆزەخانەی شوێنەواری و کەلەپووری، هەروەها گەلەریی ڕۆشنبیری و پەرتووکخانە بە مەبەستی بووژاندنەوەی کەرتی گەشتیاری و سەردانی زیاتری گەشتیارانی بیانی بۆ قەزای ئاکرێ دروست بکەین”.

هەروەها گوتیشی “پێویستمان بە ملیارێک و 400 ملیۆن دینارە بۆ نۆژەنکردنەوەی ئەو قشڵەیە بە شێوەیەکی گشتی، بۆ ئەوەی بیکەین بە مۆزەخانە و چەندین کەلوپەلی شوێنەواریی مێژوویی لەو قشڵەیە دابنێین؛ لەپێناو سەرنجڕاکێشانی زیاتری گەشتیاران بۆ قەزاکەمان”.

جەگەر ئەمین هاووڵاتییەکی قەزای ئاکرێیە و لەمبارەیەوە دەڵێت “دەمانەوێت ئەم قشڵەیە بکەینە مۆزەخانە و شوێنێکی گەشتیاری، بۆ سەردانیکردنی گەشتیارانی بیانی و ناوخۆیی. گەشتیاران زۆر دڵخۆشن بە سەردانیان بۆ ئەم قشڵەیە و هەوڵ دەدەین زیاتر بەرەوپێشی ببەین و وێنەی کەسایەتییە ناودارەکان و مێژووی ئاکرێ لەسەر دیوارەکان هەڵبواسین”.

قشڵەی ئاکرێ يەکێکە لە شوێنەوارە گرینگەکانی ئاکرێ؛ بە نۆژەنکردنەوەی دەبێتە شوێنێکی گەشتیاری و سیمایەکی جوان بە قەزای ئاکرێ دەبەخشێت.

کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گرنگییەکی تایبەت بە پاراستن و نۆژەنکردنەوەی ناوچە شوێنەوارییەکانی هەرێمی کوردستان دەدات و بەردەوامیش دەبێت

ھەواڵی زیاتر