سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

پێشەوا هەورامانی: دواکەوتنی ناردنی مووچەی هێزە ئەمنییەکان لەلایەن بەغداوە ستەمە


گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، دواکەوتنی ناردنی مووچەی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان ستەمە و هیچ ڕەوایەتییەکی تێدا نییە. لەبارەی تێچووی بەرهەمهێنانی نەوتیشەوە، لە بەغدا بە بەشداری وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، کۆبوونەوەیەک بەڕێوەدەچێت.

ڕۆژی یەکشەممە (2ـی حوزەیرانی 2024) پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕایگەیاند: دڵنیایی دەدەینە هەرێمی کوردستان، ئەوەی دەستوور دیاریکردووە ئێمە جێبەجێمان کردووە و هیچ کۆسپێک لەلایەنی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە نییە لە پرسی مووچە.

گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پەراوێزی ئاهەنگی دەرچوونی زانکۆی کوردستان لە دهۆک لە لێدوانێکی تایبەتدا بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، بەشێک لەو سەرکردانەی لە هەفتەی ڕابردوو لە بەغدا، لەگەڵ سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی کۆبوونەوە، ئەمڕۆ لێرە ئامادەییان هەیە و سەرەڕای ئەوەی دەرئەنجامی کۆبوونەوەکان زۆر باش بووە و لێکتێگەیشتنی باش هەبووە و هەرێمی کوردستانیش هەمیشە بۆ گفتوگۆ ئامادەبووە، بەڵام تاوەکوو ئێستا چاوەڕێی ناردنی مووچەی هێزە ئەمنییەکان و مووچەی مانگی ئایاری مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانین.

هاوکات پێشەوا هەورامانی جەختیکردەوە، هەموو لایەنەکانی بەغدا لە کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە هەفتەی ڕابردوو، کۆکبوون لەسەر ئەوەی کە نابێت مافی خەڵکی هەرێمی کوردستان پێشێڵ بکرێت و مووچە تێکەڵ بە کێشە سیاسییەکان بکرێت.

پێشەوا هەورامانی ئاشکرای کرد، بڕیارە لەم نزیکانە کۆبوونەوەیەک بە بەشداری وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان بەڕێوەبچێت و پرسی تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت جارێکی دیکە گفتوگۆی لەسەر بکرێت، هەرچەندە پێشتر ڕێککەوتنێک لەوبارەیەوە کراوە بەڵام پابەندی پێوەی نەکرا و هیوادارین ئەمجارە کە ڕێککەوتنێکی سێقۆڵی لەوبارەیەوە بکرێت لەنێوان هەرێم و بە‌غدا و کۆمپانیاکان و هەموو لایەک پێوەی پابەندبن.

لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا، پێشەوا هەورامانی ڕوونیکردەوە، دواکەوتنی ناردنی مووچەی هێزە ئەمنییەکان لەلایەن بەغداوە، ستەمە و هیچ ڕەوایەتییەکی نییە و دەبوایە ئێستا سەرەڕای دابەشکردنی مووچەیەک، مووچەخۆران پێش جەژنی قوربانی چاوەڕێی مووچەیەکی دیکە بوونایە