پارتی چۆن بیر دەکاتەوە؟

سالار عوسمان

خوێندنەوەیەک بۆ ڕاگەیاندراوەکەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان

بەشی دووەم

هەر لەنێو تەوەری ڕاگەیاندندا باس لە چەمکگەلێک کراوە، ئەگەر بەخێراییش بێت، ناکرێ لای لێ نەکەینەوە، وەک:(یەکترقبووڵکردن، مرۆڤدۆستی، پێکەوەژیان)، کە هەریەک لەو چەمکانە بۆ پارتی و ڕاگەیاندنەکەی، بنەمان، بڕوان، ڕوانگەن و چوونەتە نێو مێژوو و هەنووکەش هەر بە هەمان قووڵیی مێژوویی کاری لەسەر دەکات.
ئەگەر سەیری وێستگەکان بکەین، ئەوەمان بەڕوونی بۆ دەسەلمێت، کە ڕێبازی بارزانی درەوشاوەترین ڕێبازی یەکترقبووڵکردن و مرۆڤدۆستی و پێکەوەژیانە لە ناوچەکەدا، سروشتی پارتی، پێکهاتەکەی، جێکردنەوە بۆ هەمووان، ڕا و ڕوانگەکانی، داکۆکیی بەردەوامی لە جیاوازییەکان، گیانی بەشداری و هاوبەشیی ئەوانی تر و، تا دەگات بەو شەڕەی ئێستاش دەیکات لە پرسی کۆتاکان، هەمووی سەلمێنەری ئەو ڕاستییە ڕۆشنەیە، کە پارتی بڕوای بەو چەمکانە هەیە و گەورەتر لە دروشم بەرخورد دەکات و، گەر ببێتە شەڕیش ـ دیارە مەبەستمان شەڕە مەدەنییەکەیە لەم کاتانەدا ـ هەر پارتی دەبینرێ لە گۆڕەپان و ئەم گۆڕەپانەش جێناهێڵێت.
پارتی لە ڕاگەیاندندا بەرگرییەکی کەلتوورییانە لە هەموو ئەو چەمکانە دەکات ـــ خۆ ئەگەر سەیرێکی ئەتڵەسی ڕاگەیاندنی پارتی بکەیت، لە هەمووان فرەڕەنگترە و زۆرترینی لێ کۆ بووەتەوە و ئەم فرەیی ڕەنگ و زۆریی لە پەیڤینەش سەلمێنەری ئەوەیە، کە پارتی لە ڕاگەیاندندا دۆزدارە، دۆزی هەیە و دەزانێ چی دەکات و بەرەو کوێ دەڕوات.
جار جار گوێمان لەوە دەبێت، کە گوایە پارتی تووندە و، بگرە هەندێ جار هێوەتریش دەڕۆن و دەڵێن پارتی عینادە!.. پێم وانییە تا ئێستێ ئەم وەسف و وێنایانە باش گفتوگۆ و شی و شەن و شیتاڵ و شرۆڤە کرابن، بە کورتی پارتی نە تووندە و نە عیناد، ئەوەی هەیە ڕاستگۆیە لەگەڵ بڕواکانی خۆی، پێداگرە و نایەوێت گۆڕەپانی بنەماکانی خۆی چۆڵ بکات، نایەوێت پشت لەو مێژووە بکات، کە پڕە لە خەبات و قوربانیدان لە پێناو ئەو ئارمانجانە، کە: (یەکترقبووڵکردن، مرۆڤدۆستی و پێکەوەژیان) بەشێکی هەر گەشی ئەو ئارمانجانەیە و ئەمڕۆ لە هەموو ڕۆژان پتر سەرۆک بارزانی جەختی لێ دەکاتەوە و هەمووان دەخاتە سەر ڕاستەڕێ، ئەو ڕاستەڕێیەی کە ڕووناکییەکەی بۆ هەمووانە و بەشێکە لە پڕۆسەی ئایندەسازیی کوردستان.

ھەواڵی زیاتر