ئەپیکور داوای گفتوگۆی سێقۆڵی دەکات بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت

کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوی کوردستان (ئەپیکور) لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕەخنە لە چەند ڕاپۆرتێکی میدیایی لە بارەی پرسی هەناردەکردنەوەی نەوت لە ڕێگەی بۆری نەوتی عێراق – تورکیا بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەیداوە ڕاپۆرتەکان بە شێویەکی نادروست لۆمەی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی بواری نەوتییان کردووە.

ئەپیکور لە ڕاگەیەندراوەکەیدا ئاماژەیداوە، کۆمپانیا ئەندامەکانی ئەپیکور باوەڕیانوایە، گفتوگۆی سێقۆڵی حکوومەتی عێراق – حکوومەتی هەرێمی کوردستان – کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی وەبەرهێنانی نەوت پێویستە بۆ دۆزینەوەی چارەیەک کە سوودەکەی لە بەرژەوەندی هەمووان بێت.

ئەپیکور زانیاریی و ناوەڕۆکی ڕاپۆرتە میدیاییەکان ڕەتدەکاتەوە، گوایە کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی وەبەرهێنانی نەوت نەرمی نانوێنن و بوونەتە هۆکارێک بۆ بەردەوامبوونی دۆخی چەقبەستوویی ڕاگیرانی هەناردەی نەوت لە ڕێگەی بۆری نەوتی عێراق – تورکیا، ئاماژەشیداوە، لە مانگی یەکی ئەمساڵەوە تاوەکوو ئێستا هیچ گفتوگۆیەکی هاوبەش لە نێوان کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان و نوێنەرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق بۆ دەست پێکردنەوەی هەناردەی نەوت نەکراوە.

هەروەها ئامادەیی خۆیی ڕایگەیاندووە بۆ گەیشتنە ڕێککەوتن لە بارەی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت، بەڵام بەو مەرجەی دڵنیاییان پێ بدرێت کە شایستەی هەناردەکردن پێشوو و داهاتوویان پێ دەدرێت و ڕاستەوخۆش خەرج دەکرێن.

مایڵز کاگینز گوتەبێژی ئەپیکور ئاماژەیداوە، کۆمپانیا ئەندامەکانی ئەپیکور بڕوایانوایە گفتوگۆی سێقۆڵی باشترین هەنگاوە بۆ دۆزینەوەی ڕێگە چارە کە ببێتە ڕێگە خۆشکاری دەست پێکردنەوەی هەناردەی نەوت لە ڕێگەی بۆری نەوتی عێراق – تورکیا.

هەروەها ئامادەیی کۆمپانیا ئەندامەکانی ئەپیکوری ڕاگەیاندووە بۆ بەشداربوون لە هەر دانووستان و گفتوگۆیەک بۆ دەست پێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوت.

ھەواڵی زیاتر