سەدان تۆن هاوکاریی و بڕی 600 ملیۆن دینار لە دهۆکەوە گەیشته‌ لێقەوماوانى لافاوەکەى هەولێر

سەدان تۆن هاوکاریی و بڕی 600 ملیۆن دینار لە دهۆکەوە گەیشته‌ لێقەوماوانى لافاوەکەى هەولێر.

سكرتێری رۆژنامه‌نووسی پارێزگاری هه‌ولێر رایگه‌یاند، سەرلەبەیانى ئەمڕۆ پێنجشەممە (23ـی كانوونی یه‌كه‌م / دیسێمبه‌ر 2021)، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، بە ئامادەبوونى د.عەلى رەشید، سەرۆکى ئەنجومەنى پارێزگاى هەولێر، لەدیوانى پارێزگا، پێشوازیان لە د. عەلى تەتەر، پارێزگارى دهۆک و شاندێکى یاوەرى کرد.

له‌ كۆنفراسێكی رۆژنامه‌نووسیدا پارێزگارى دهۆک ئاماژەى بەوەدا، “دواى تەواوبوونى کەمپینى (هەولێر بە تەنیا نییە)، ئەمڕۆ هاتووین تەواوى ئەو هاوکاریی و کۆمەکانەى پارێزگاکەمان بگەیه‌نین بە لێقەوماوانى لافاوەکەى هەولێر”.

پارێزگارى هەولێر، وێڕاى بەگەرمى بەخێرهێنانى پارێزگارى دهۆک و شاندى یاوەرى، سوپاسى ئەو هەڵوێستەى پارێزگاى دهۆکى کرد و جەختیکردەوە، “ئەم هەڵوێستەى دهۆک بۆ ئێمە تازە نییە”.

پارێزگاری دهۆك له‌ رێگه‌ی پێنج بارهەڵگرى گەورە كه‌ پێكهاتبوون لە کەرەستەى پێویست، گەیه‌ندرایه‌ لێقەوماوان و بڕی 600 ملیۆن دیناریش لە هاوکارییە ماددییەکانى سەرمایەداران و خەڵکى پارێزگاى دهۆک دەخرێتە سەر ژمارەى بانکیى بەهاناوەچوونى لێقەوماوانى لافاوەکە.

ھەواڵی زیاتر