سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

به‌ تێچووی حەوت ملیار دینار له‌ گه‌رمیان به‌ردی بناغه‌ی چه‌ند پڕۆژه‌یه‌كی خزمه‌تگوزاری داندرا

چواس خالید – هەولێر

وه‌زیری ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و نیشته‌جێبوونی حكوومه‌تی هه‌رێمی كورردستان ڕایده‌گه‌یه‌نێت؛ به‌ گوژمه‌ی نزیك به‌ حه‌وت ملیار دینار، له‌ گه‌رمیان به‌ردی بناغه‌ی چه‌ند پڕۆژه‌یه‌كی خزمه‌تگوزاری داده‌نرێت و خزمه‌تی گه‌وره‌ به‌ دوازده‌ گوند ده‌گه‌یه‌نێت.

دوێنێ، له‌ كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا، دانا عه‌بدولكه‌ریم وه‌زیری ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و نیشته‌جێبوونی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕایگه‌یاند، به‌ردی بناغه‌ی چه‌ند پڕۆژه‌یه‌كی خزمه‌تگوزاری له‌ ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی گه‌رمیان داده‌نیێین، كه‌ خزمه‌تێكی به‌رچاو به‌ دوازده‌ گوندی سنووره‌كه‌ ده‌گه‌یه‌نێت و ڕاسته‌وخۆ ده‌یانبه‌ستێته‌وه‌ به‌ كفری، كه‌ پێشتر ئه‌و گوند نشینانه‌ ناچاربوون زیادتر له‌ بیست كیلۆمه‌تر ببڕن تا بگه‌نه‌ كه‌لار و له‌وێشه‌وه‌ بۆ كفری.
وه‌زیری ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و نیشته‌جێبوونی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان گوتی، “ڕێگاكان بڕبڕه‌ی پشتی ئابووری هه‌موو وڵاتێكن، بۆیه‌ ده‌بێت بزانین تا چه‌ند بایه‌خ به‌ ڕێگه‌وبان ده‌ده‌ین و پارێزگاریی له‌ ڕێگه‌وبانه‌كان ده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی له‌ خزمه‌تی هاووڵاتیان بن، هه‌روه‌ها بۆ پێشكه‌وتنی ئابووری وڵات، ڕێگه‌وبانی نوێ دروست ده‌كه‌ین.
دانا عه‌بدولكه‌ریم هێمای بۆ ئه‌وه‌كرد، ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ به‌ گوژمه‌ی زیادتر له‌ شه‌ش ملیار و سێ سه‌د ملیۆن دیناری عێراقیی، كه‌ به‌ كارگێڕی و یه‌ده‌گه‌وه‌ نزیك ده‌بێته‌وه‌ له‌ حه‌وت ملیار دینار، ده‌چێته‌ خزمه‌ت هاووڵاتیانی سنووره‌كه‌، كه‌ بڕیاره‌ له‌ماوه‌ی چوار سه‌د ڕۆژدا ته‌واو بكرێت.
وه‌زیری ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و نیشته‌جێبوونی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان گوتیشی؛ درێژی پڕۆژه‌كه‌ نزیكه‌ی بیست و چوار كیلۆمه‌تر ڕێگه‌یه‌، واتا ڕێگه‌یه‌كی ستراتیژی گرنگ و گه‌وره‌یه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ پڕۆژه‌یه‌كی هه‌ستیاره‌ بۆ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان.
دانا عه‌بدولكه‌ریم ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كرد، به‌ده‌ر له‌ هه‌موو ئه‌مانه‌، كه‌ ئه‌و پڕۆژانه‌ خزمه‌تێكی سه‌ره‌كی ده‌بێت بۆ هاووڵاتیان، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، وه‌زاره‌تی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و نیشته‌جێبوون، خزمه‌تی دیكه‌ پێشكه‌شی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات.
حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وامه‌ له‌ پێشكه‌شكردنی پڕۆژه‌خزمه‌تگوزارییه‌كان به‌ هاووڵاتیانی له‌ ته‌واوی هه‌رێمی كوردستان و به‌پێی ئاماره‌كان، ته‌نیا له‌ چوار ساڵی كاركردندا، سێ هه‌زار و سێ سه‌د و په‌نجا و نۆ پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاریی جیاجیای به‌ گوژمه‌ی دوازده‌ ترلیۆن و هه‌شت سه‌د و سی و هه‌شت ملیار و شه‌ش سه‌د و حه‌وت ملیۆن دینار پێشكه‌ش به‌ شار و شارۆكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان كردووه‌.
كه‌ نۆ سه‌د و نه‌وه‌ت و حه‌وت پڕۆژه‌یان له‌ بواری ڕێگه‌وباندا بووه‌ و شه‌ش سه‌د و حه‌فتا و پێنج پڕۆژه‌ش له‌ بواری ئاو و ئاوه‌ڕۆ و چوار سه‌د و سی و نۆ پڕۆژه‌ش له‌ بواری به‌كارهێنان و به‌رهه‌مهێنانی وزه‌یه‌، هاوكات چوار سه‌د و بیست و حه‌وت پڕۆژه‌شی له‌ بواری ژێرخان و خزمه‌تگوزاری پێشكه‌شكردووه‌ و دوو سه‌د و شه‌ست و یه‌ك پڕۆژه‌شی له‌ بواری په‌روه‌رده‌دا بنیات ناوه‌، سه‌د و نه‌وه‌ت پڕۆژه‌ی كشتوكاڵی و سه‌د و بیست پڕۆژه‌ی حكوومه‌ت و كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و هه‌شتا و سێ پڕۆژه‌ی ته‌ندروستی و شه‌ست و سێ پڕۆژه‌ی گه‌شتوگوزار و سی نۆ پڕۆژه‌ی بانك و خزمه‌تگوزاری و شه‌ست و پێنج پڕۆژه‌ش له‌ بواره‌ جیاجیاكانی دیه‌كه‌ی پێشكه‌شی هه‌رێمی كوردستان كردووه‌.