وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئیتاڵیا گه‌یشته‌ هه‌ولێر

به‌ر له‌ كه‌مێك وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئیتاڵیا له‌ رێگه‌ی فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێره‌وه‌ گه‌یشته‌ هه‌رێمی كوردستان.

لویگی دیمایۆ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئیتاڵیا له‌ رێگه‌ی فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێره‌وه‌ گه‌یشته‌ هه‌رێمی كوردستان و له‌لایه‌ن سه‌فین دزه‌یی، به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ پێشوازی لێكرا.

به‌گوێره‌ی كارنامه‌ی سه‌ردانه‌كه‌ی، بڕیاره‌ له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی باڵای هه‌رێمی كوردستان كۆببێته‌وه‌ و پرسه‌كانی هه‌نووكه‌ییه‌كانی عێراق تایبه‌ت به‌ تیرۆر و هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسییه‌كانی ناوچه‌كه‌ تاووتوێ ده‌كات.

پێشتریش هه‌ر ئه‌مڕۆ، له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا وەزارەتی دەرەوەی ئیتاڵیا رایگه‌یاند، رۆژی چوارشەممە 22/12/2021، لویگی دی مایۆ، وەزیری دەرەوەی وڵاته‌كه‌یان سەردانی کوه‌یتی کردووە و ئەمڕۆش سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات.

به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانیش، دی مایۆ لە میانەی سەردانەکەیدا بۆ هه‌رێمی كوردستان، هێزه‌كانی سوپای وڵاته‌كه‌ی به‌سه‌رده‌كاته‌وه‌، كه‌ له‌ چوارچێوه‌ی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش له‌ هه‌ولێرن و ئه‌ركی راوێژكاری سه‌ربازییان پێدراوه‌.

ھەواڵی زیاتر