ئەحمەد حەسەن: کردنەوەی کونسوڵخانەی قەتەر لە درێژەی پتەوکردنی پەیوەندییەکانمانە لەگەڵ عێراق و هەرێم

ئەمینداری گشتیی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر، ڕایدەگەیەنێت؛ کونسوڵخانەی گشتیی قەتەر هاوئاراستەیە لەگەڵ سیاسەتی قەتەر بۆ زیاترکردنی وەبەرهێنان لە عێراق و هەرێمی کوردستان. هاوکات هیواخوازە پێشکەوتنی زیاتر لە پەیوەندییەکانی نێوان قەتەر، عێراق و هەرێمی کوردستان ببینێت.

ئه‌حمه‌د حەسەن ئەلحمادی، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر، لەمیانەی پیشکەشکردنی وتارێک لە رێوڕەسمی کردنەوەی کونسوڵخانەی گشتیی قەتەر لە هەولێر، رایگەیاند، ئەم بۆنەیە لە درێژەی بەردەوامیی باشترکردنی پەیوەندییەکانمانە لەگەڵ عێرق و هەرێمی کوردستان، ئەو پەیوەندییانە لە سەرجەم بوارەکاندا بەرەوپێشچوون بەخۆییەوە دبینێت لە بواری سیاسی، ئابووری، وەبەرهێنان، فەرەهەنگی و کولتووری، هەموو ئەمانەش یامەرتیدەر دەبن لە پتەوکردنی برایەتی نێوانمان.

ئەمینداری گشتیی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر، ئاماژەی بەوەدا، کونسوڵخانەی گشتیی قەتەر لە هەولێر هاوئاراستەیە لەگەڵ سیاسەتی قەتەر بۆ زیاترکردنی وەبەرهێنان لە عێراق و هەرێمی کوردستان.

ئه‌حمه‌د حەسەن ئەلحمادی، گوتی: لە ماوەی ئەم چەند ڕۆژەدا لەگەڵ سەرۆک بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێم و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووینەوە، لە کۆبوونەوەکانمادا باسمان لە هەماهەنگی کردووە لە چۆنییەتی مامەڵکردن و هاوکاریکردن لە بواری سیاسی، وەبەرهێنان، ئابووری، نەوت و گاز و کشتوکاڵ.

هاوکات گوتیشی: گەشبینین بەوەی ئەو پڕۆژانەی لەگەڵ بەرپرسان باسمان کرد، دەبێتە هۆی گەشەسەندنی ئابووریی و بازاڕێک بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق دروست دەکات، بۆ ئەوەی هەلی کار بۆ هەزارەها گەنجی عێراق و هەرێمی کوردستان بڕەخسێنێت.

هەروەها ئەمینداری گشتیی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر، هیواخوازە پێشکەوتنی زیاتر لە پەیوەندییەکانی نێوان قەتەر، عێراق و هەرێمی کوردستان ببینێت.

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ (26ـی ئایاری 2024)، به‌ ئاماده‌بوونی سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی و بەرپرسانی حزبی و حکوومی كونسوڵخانه‌ی گشتیی قه‌ته‌ر له‌ هه‌ولێر کرایەوە.

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەمیانەی پێشکەشکردنی وتارێك لە ڕێورەسمەکەدا گوتی: بانگهێشتی وەبەرهێنەرانی قەتەری دەکەین کە سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن و لە بوارە جۆراوجۆەکاندا پرۆژەی ئەنجام بدەن و ئێمەش لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەین بۆ پێشکەشکردنی هەر کارئاسانییەک لەم بوارەدا.

هه‌روه‌ها سه‌رۆكوه‌زیران مەسرور بارزانی، هیوای خواست كردنه‌وه‌ی كونسوڵخانه‌ی گشتی قه‌ته‌ر ببێته‌ هۆی به‌ره‌وپێشچوونی زیاتری په‌یوه‌ندی نێوان هه‌ولێر و ده‌وحه.

رۆژی یەکشەممە (26ـی ئایاری 2024) بەرگەشت ئاکرەیی، گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، بە کردنەوەی کونسوڵخانەی قەتەر لە هەولێر، چەندان ئاسانکاریی بۆ هاووڵاتییان دەکرێت، هەروەها هەماهەنگییەکی زۆر باش هەیە لەنێوان دامەزراوەکانی حکوومەت بە گشتی و بەتایبەت دەستەی وەبەرهێنان لەگەڵ کونسوڵخانەی قەتەر.

بەگوتەی بەرگەشت ئاکرەیی، “قەتەرییەکان چاوییان لە وەبەرهێنانە لە هەرێمی کوردستان، هەربۆیە وەبەرهێنە قەتەرییەکان پارەدارکردنی چەند پڕۆژەیەکییان کردووە لە هەرێمی کوردستان”.

ھەواڵی زیاتر