سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

پارێزگاری هه‌ولێر پێشوازی له‌ شاندێكی وڵاتی ئیمارات كرد

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 26-5- 2024، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هه‌ولێر به‌ ئاماده‌بوونی مه‌سعود كاڕه‌ش جێگری پارێزگاری هه‌ولێر، پێشوازی له‌ شاندێكی بواری شوێنه‌وار له‌ وڵاتی ئیمارات كرد، كه‌ پێكهاتبوون له‌ ئه‌ندازیار ره‌شاد محه‌ممه‌د بوخه‌ش سه‌رۆكی كۆمه‌ڵه‌ی كه‌له‌پووری بیناسازیی ئیمارات و ئه‌حمه‌د ئال حه‌ره‌م جێگری سه‌رۆكی كۆمه‌ڵه‌كه‌ كرد.
سه‌ره‌تا پارێزگاری هه‌ولێر به‌خێرهاتنی شانده‌ ئیماراتییه‌كه‌ی كرد، جه‌ختی له‌ هه‌ماهه‌نگی و پێكه‌وه‌ كاركردنی له‌ پێناو بره‌ودان به‌ شوێنه‌ كه‌له‌پوورییه‌كان و مێژووییه‌كان و شوێنه‌وارییه‌كانی هه‌ولێر كرده‌وه‌.
ئومێد خۆشناو پارێزگاری هه‌ولێر رایگه‌یاند، وڵاتی ئیمارات له‌ بواره‌كانی كه‌له‌پووری و شوێنه‌وارناسیی پێشكه‌وتوون، هه‌میشه‌ سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی جه‌خت ده‌كاته‌وه‌، كه‌ له‌گه‌ڵ پسپۆرانی ئه‌و وڵاته‌ له‌ په‌یوه‌ندیی دابین و له‌ رێگه‌ی ئه‌وانه‌وه‌ شوێنه‌واره‌ كه‌له‌پوورییه‌كان گرنگی پێبده‌ین.
هه‌روه‌ها شاندی ئیماراتی سوپاسی پێشوازیی پارێزگاری هه‌ولێریان كرد و رایانگه‌یاند، شاری هه‌ولێر كۆمه‌ڵێك پێگه‌ی كه‌له‌پووری و شوێنه‌واری جیهانی گرنگی تێدا به‌رجه‌سته‌یه‌، به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بره‌ویان پێده‌ده‌ین و له‌مڕوه‌وه‌ هاوكاری پێویست پێشكه‌ش ده‌كه‌ین.
دواتر باسیان له‌ گرنگی پێگه‌ی قه‌ڵاتی هه‌ولێر و بازاڕی قه‌یسه‌ری و چه‌ندین شوێنی دیكه‌ی شوێنه‌واری و كه‌له‌پووری شاری هه‌ولێر كرد و رایانگه‌یاند، راسته‌ له‌ ڕووی جوگرافییه‌وه‌ ئه‌و شوێنانه‌ له‌ كوردستان و شاری هه‌ولێرن، به‌ڵام موڵكی مرۆڤایه‌تین و پێویست ده‌كات نۆژه‌ن بكرێنه‌وه‌ و گرنگی ته‌واویان پێبدرێت، تاكو گه‌شتیاران له‌ هه‌موو جیهان سه‌ردانیان بكه‌ن.