ڕائیب جادر – هەولێر
دادگەی فیدراڵی لە بارەی شێوازی کردنی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و بەشداری پێکھاتەکان لە ھەڵبژاردن بە ھەڵوێستی خۆیدا چووەتەوە و ھەوڵ بۆ چارەکردنی ھەڵەکانی دەکات، ئەمە لە کاتێکدایە ھەڵوێستی پارتی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەسەر ھەڵبژاردنی ئازاد، شەفاف و دادپەروەرانە نەگۆڕە. عەلی حوسێن، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی، دەڵێت: ھەر کاتێک تێبینییەکان لەبەرچاو گیران پارتی ئامادەیە بۆ ھەڵبژاردن.
سەرجەم تێبینییەکان گەیەندراوەتە دادگەی فیدڕاڵی
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ڕۆژی ١٠-٦-٢٠٢٤ـی بۆ کردنی ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەستنیشان کرد، بەڵام پارتی دیموکراتی کوردستان بڕیاریدا بەھۆی بڕیاری دادگەی فیدراڵی بۆ ھەڵوەشاندنەوەی یازدە کورسییەکەی کۆتای پەرلەمانی کوردستان و دەستێوەردانی دەرەکی و ئامادەکردنی دیزاینی پێشوەختە بۆ ھەڵبژاردنەکە بەشداریی پرۆسەکە نەکات، ھەروەھا پارتی یەکێک لە ھۆکارەکانی دیکەی بەشدارینەکردنی لە خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بۆ نەخوێندنەوەی پەنجەمۆری دەنگدەران گەڕاندبووەوە.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە دوایین سەردانی بۆ بەغدا لەگەڵ جاسم محەممەد عەبوود، سەرۆکی دادگەی فیدراڵی کۆبوویەوە ھەردوولا ھاوڕابوون لەسەر بەشداری ھەموو لایەنەکان لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ئەم کێشەیە لەبارەی بەشداری پێکھاتەکان و کردنی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەڕۆژێکەوە سەری ھەڵدا ٢١-٢-٢٠٢٤ بوو، دادگەی فیدراڵی بڕگەکانی یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە یەکی ساڵی ١٩٩٢ ھەموارکراوی بە نادەستووری دانا، یازدە کورسی پێکھاتەکانی لە پەرلەمانی کوردستان ھەڵوەشاندەوە، دواتریش پارتی لە ١٨/٣/٢٠٢٤ لە بەیاننامەیەکدا ھەڵوێستی خۆی ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند، بەشداری ھەڵبژاردنێک ناکەین کە نایاسایی و پێشوەختە دیزاین کرابێت.
لایەنەکان لە چاوەڕوانی بڕیاری دادگەی فیدراڵین، بۆ یەکلاکردنەوەی وادەی ھەڵبژاردن. عەلی حوسێن، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی، دەڵێت: ئەو ڕێکارانەی کە پەیوەست بوون بە ھەڵبژاردن، ئەو تێبینیانەمان بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە ئاستی نەتەوەیەکگرتووەکان، کۆمیسیۆنی سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان، دادگە، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لایەنە سیاسییەکانی عێراق، دۆستەکانمان لە ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی ناردوونە، خۆشبەختانە لێکتێگەیشتنێکی باش ھەیە بۆ تێبینییەکانی پارتی و کاری لەسەر دەکرێت، ھەر کاتێک بۆ ھەڵبژاردن دیاری بکرێت و ئەو تێبینیانەش چارە کران پارتی ئامادەیە.
ئەمڕۆ دادگەی فیدراڵی بڕیاری نوێ دەدات
لە ٦/٥/٢٠٢٤ سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، لە ڕێگەی پارێزەرەکەیەوە سکاڵای لە دادگەی فیدراڵی تۆمارکرد، سکاڵاکەش پەیوەندی بە دوو خاڵەوە ھەیە، یەکەم ڕێکارەکانی دابەشکردنی سەد کورسی پەرلەمانی کوردستان بەسەر پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان، دووەم ھەڵوەشاندنەوەی یازدە کورسی پێکھاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان ڕاستەوخۆ دوای سکاڵاکە لە ٧/٥/٢٠٢٤ کارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق لەبارەی کردنی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و ئەو بڕگانەی سکاڵایان لەسەر تۆمار کراوە ڕاگیران، تا ئەو کاتەی سکاڵاکەی سەرۆکی حکوومەت یەکلادەکرێتەوە، ئەمڕۆ یەک شەممە دادگەی فیدراڵی بە مەبەستی یەکلاکردنەوە و دادبینی کردن بۆ سکاڵاکە کۆدەبێتەوە.
پرۆسەی بایۆمەتری لە ھەرێمی کوردستان دەستیپێکردەوە
مەروان محەممەد، بەرپرسی لقی ھەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بە بڕیاری ئەنجوومەنی کۆمیسیاران، پرۆسەی تۆمار و نوێکردنەوەی بایۆمەتری لە ھەر چوار پارێزگای ھەرێمی کوردستان دەستی پێ کردەوە.
کۆمیسیۆنی عێراق، ڕۆژی ١-٢-٢٠٢٤، پرۆسەی تۆمار و نوێکردنەوەی بایۆمەتری بۆ دەنگدەرانی ھەرێمی کوردستان دەست پێ کرد و تاوەکو ١٠-٣-٢٠٢٤ بەردەوام بوو، لەو ماوەیەدا زیاتر لە سەد و نۆ ھەزار دەنگدەر ناوی خۆیان تۆمار کرد، لە ھەولێر پەنجا و چوار ھەزار، دھۆک بیست و چوار ھەزار و لە سلێمانیش زیاتر لە سی ھەزار و چوار سەد و حەفتا و دوو دەنگدەر، ھەروەھا زیاتر لە دە ھەزار کارتی بایۆمەترییش دابەش کران.
بەگوتەی بەرپرسی لقی ھەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، ھاوکات لەگەڵ دەستپێکردنەوەی پرۆسەی تۆمار و نوێکردنەوەی بایۆمەتری، پشکنینی پەنجەمۆر بۆ سەرجەم ئەو دەنگدەرانە لە ھەرێمی کوردستان دەکرێت کە پەنجەمۆریان ناخوێنێتەوە بۆ ئەو مەبەستەش داوا لە دەنگدەران دەکات سەردانی ناوەندەکانی کۆمیسیۆن بکەن، ئەمە لە کاتێکدایە پێشتر جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆن ڕاگەیاندبوو، لە پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان و عێراق نزیکەی ھەشت سەد ھەزار کەس کێشەی نەخوێندنەوەی پەنجەمۆریان ھەیە، ئەوانەش ئەو کەسانەن کە نەخۆشیی وەکو شەکرەیان ھەیە یان تەمەنیان گەورەیە.
وادەی نوێی هەڵبژاردن
جینین پلاسخارت، نوێنەری تایبەتیی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق، لەمیانەی پێشکەشکردنی دوایین ڕاپۆرتی خۆی لەسەر دۆخی عێراق لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، ڕایگەیاند، یەکێک لە پارتەکان نیگەرانی ھەبوو بڕیاری دا بەشداریی لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نەکات، بەڵام ئێمە دەمانەوێت ھەڵبژاردنێکی ڕوون و گشتگیر بکرێت و ھەمووان تێیدا بەشدار بن، بۆ ئەوەی شەرعییەت بدرێتەوە بە دامەزراوەکان، ھیوادارم لە چەند ڕۆژی داھاتوودا وادەیەکی نوێ بۆ ھەڵبژاردن دیاری بکرێت و لە چوار مانگی داھاتوو تێپەڕ نەکات، بەو مەرجەی کورسیی کۆتاکانیش بۆ پێکھاتەکان بگەڕێتەوە.
پێکھاتەکان لە چاوەڕوانی بڕیاری نوێدان
ھیمداد سەباح، سەرۆکی فراکسیۆنی بەرەی تورکمانی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، گوتی: بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی دەرھەق بە کورسیی پێکھاتەکان زۆر کاریگەریی لەسەر بنەمای پێکەوەژیان لە ھەرێمی کوردستان کرد، ھاوکات واز لە مافەکانی خۆمان ناھێنین.
ئاماژەی بەوەدا، دادگەی فیدراڵی بۆ مەبەستی دروستکردنی فشاری سیاسی لەسەر ھەرێمی کوردستان کورسیی پێکھاتەکانی کرد بە بیانوو، ھەروەھا پێشوازیی لەو سکاڵایەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی دەکەین کە لە دادگەی فیدراڵی تۆماری کرد.
سەرۆکی فراکسیۆنی بەرەی تورکمانی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، دەڵێت: پێویستە ھەموو لایەنەکانی ھەرێمی کوردستان یەک دەنگ بن و داکۆکی لە مافی پێکھاتەکان بکەن، چونکە وڵاتان بەو پێکەوەژیانەی لە ھەرێمی کوردستان ھەیە سەرسامن.