لە ماوەی ئەمڕۆ و سبەینێدا 15 هەزار فەرمانبەری دیکەی دامودەزگانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی “هەژماری من” مووچەکەیان وەردەگرن.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 19-05-2024، عەزیز ئەحمەد، جێگری بەرپرسی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند، ئەمڕۆ و سبەی، 15 هەزار فەرمانبەری دیکەی دامودەزگانی حکوومەت لە ڕێگەی “هەژماری من”ـەوە مووچەی مانگی نیسانیان وەردەگرن.
عەزیز ئەحمەد، ئاماژەی بەوەش کرد، ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو، 16-05-2024، مووچەی مانگی نیسانی 10 هەزار فەرمانبەر و مووچەخۆری هەرێمی کوردستان کە زۆرینەیان لە سنووری پارێزگای هەولێر بوون، بە شێوازی دیجیتاڵی و لە ڕێگەی “هەژماری من”ـەوە دابەش کرا.
جێگری بەرپرسی نووسینگەی سەرۆکوەزیران ئەوەشی خستەڕوو، بەم پێیە، 25 هەزار مووچەخۆر لە ڕێگەی “هەژماری من”ـەوە مووچەی مانگی نیسانیان وەردەگرن. گوتیشی، “لە پلانماندایە ژمارەکە بۆ مانگی داهاتوو بۆ دوو هێندە بەرز بکەینەوە”.
ئێستا 231 ئامێری ڕاکێشانی پارە (ATM) لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان بەردەستن و حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، تاوەکو کۆتایی ساڵی 2024 ژمارەکە دەبێتە نزیکەی هەزار ئامێر.
بە گوێرەی ئامارەکانی تیمی پرۆژەی “هەژماری من”، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 400 هەزار مووچەخۆری دامودەزگای جیاوازەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەشدارییان لە پرۆژەکەدا کردووە؛ لەو ژمارەیە 200 هەزاریان کارتی بانکییان وەرگرتووەتەوە.
بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووریی، هەرێمی کوردستان یەک ملیۆن و 114 هەزار و 194 مووچەخۆری هەیە و کۆی مووچەی مانگانەیان دەبێتە نزیکەی 913 ملیار دینار.