ڕۆژی زوبانی کوردی

شێرکۆ حەبیب

١٥ ی ئەم مانگە ڕۆژی زوبانی کوردی بوو، هەڵبەتە ئەو ڕۆژە بۆ ئێمە وەک میللەتی کوردی بایەخ و گرنگی ئەوتۆی هەیە و دەبێت گرنگی پێ بدەین، چونکە ئەوەی ئەمڕۆ ماوە کە جیامان بکاتەوە لە نەتەوەکانی دیکە زوبانی شیرینی کوردییە، سەرەڕای ئەوەی دوژمنان هەردەم لە هەوڵی لە ناوبردنی کەلتوور و مێژوو و سڕینەوەی دیمۆگرافیا و جوگرافیای کوردستان دایە، و هەوڵێکی زۆریشیان دا بۆ سڕینەوە و نەهێشتنی زوبانی کوردی و شوێن گرتنەوەی زوبانی داگیرکەران، بەڵام خۆشبەختانە ئەگەر لە هەوڵی سرینەوەی ناوچە کوردنشینەکان و گۆڕینی ناوی شارو لادێکان تا ڕادەیەک سەرکەوتوو بن، بەڵام نەیان توانی زوبانی کوردی لە ناو ببەن، هەڵبەتەش ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ خۆشەویستی ئەو زمانە.
بەڵام ئەوەی جێگای داخ و دڵگرانی و ناخۆشییە وا خەریکە خۆمان بەدەستی خۆمان ئەو زوبانە لە ناو ببەین، زۆر شوێن و کۆگا و کافتریاکان بە غەیرە زوبانی کوردی نووسراوە، هەر وەک بڵێی ئێرە کوردستان نەبێت، تەنانەت ناوی سەیر و سەمەرەی دور لە کەلتور و نەریتی کوردەواری بەدی دەکرێت ئاساییە ئەگەر ناوی شوێنک بە زوبانی تریش بنووسرێت، بەڵام پێویستە بە کوردی دواتر بە عەرەبی یا ئینگلیزی ئاسایە، ئەوەی من لە زۆر شوێن بەدیم کردووە تەنیا بەعەرەبی نووسراوە.
لە لایەکی دیکە گرنگە منداڵ پەروەردە بکرێت لەسەر زوبانی کوردی، نەک فێرە ئەوەی بکەین وشەی بیانی لە نێو ئاخافتەکانیان بەکار بهێنن، کە ئەمەش بۆتە دیاردەیەکی پەرت و بڵاو لە نێو کۆمەڵگای کوردی، گوایە ئەوە ڕۆشنبیریە! ئاساییە فێری زوبانی تر بێت هەر منداڵێک، بەڵام نەک لەسەر لاوازکردنی زوبانی کوردی.
پێویستە لەسەر دایک و باوکان ئەوە دیاردە بەهەند وەربگرن لە ماڵەوە هیچ وشەیەکی بیانی لەگەڵیان نەئاخافن، هەروەها پێویستە لایەنی پەیوەندار لە حکوومەتی هەرێم دیاردەی نووسینی تابلۆکان بێ زوبانی کورد نەهێڵن، هەروەها ڕەزامەندی دەرنەبڕن لەسەر هەموو ناوێک بۆ شوێن و کۆگاکان و کافتریاکان. پاراستنی زوبانی ڕەسەنی کوردی ئەرکی هەموو لایەکە و ئەرکێکی نیشتمانیە.

ھەواڵی زیاتر