باجی ڕەخنە گرتن

سەدیق سەعید ڕواندزی

هەر ڕەخنەگرێك، لە سەرەتای دەسپێكی كاری ڕەخنەییانەی خۆی، خۆی بۆ ئەوە یەكلایی نەكردبێتەوە كە ئەو ژانڕەی كاری تێدا دەكات، دەبێ باجی قورس و گەورەی بۆ بدات، كە هەندێ جار بە نەمانی پەیوەندی هاوڕێیەتی، كۆمەڵایەتی، دژایەتیتكردن، پەلاماردانی كەسی كۆتایی دێت، ئەوا لە كاری ڕەخنەیی نەگەیشتووە، چوونكە ڕەخنە بە مانای باجدان، لە بەرانبەر گوتنی ڕاستییەكان. لە كۆمەڵگەی ئێمەدا ڕوانینێكی تایبەت و نەگۆڕ لای نووسەران بە گشتی (مەگەر بە دەگمەن) هەیە، كە ڕەخنە لە پەسن و ستاییش، سازش و پێدا هەڵگوتن دەبیننەوە، بۆیە ئەگەر بەر بۆچوونێكی جیاوازتر لەمە كەوتن، بە داخەوە بۆیان هەرس ناكرێت. لێرەوەش كە ڕەخنەی لێ دەگرێت، بلۆكت دەكات، ناچارت دەكات ڕوونكردنەوە بنووسی و لە بیرو ڕاكانی پێشووت پاشگەز بیەوە، دژایەتیت دەكات و دەكەوێتە سەنگەرێك ڕەنگە تا مردن نەیارت بێت. بۆیە ڕەخنە بە مانای باجدان، ئەو باجدانە، زۆرجار ڕەخنەگر وەك جەنگاوەرێكی تەنها، لە مەیدانەكەدا دێڵێتەوە و ناچاری دەكات بە تەنها وەك كارەكتەرێك لە چەندین سەنگەرەوە بووەستێتەوەو بەرانبەر ئەوانیتر بجەنگێت. گەرچی ئەمە پەیامی ڕەخنە و كاری ڕەخنەیی نییە، بەڵام بە داخەوە ئەمە واقیعی كاری ر ەخنەیە لای ئێمە. ئەم تەنیا كەوتنەوەیە، ئەم هەموو نەیارە و لاتەرییكردنەی ڕەخنەگر لە نێوەندی ڕۆشنبیریی و دنیای نووسینی ئێمەدا، بێگومان دۆخێكە لای هەموو ڕەخنەگرێك قەبوولناكرێت، مەگەر ئەوانەی دەزانن ڕەخنە و ڕەخنەگرتن لە كولتوورێكدا كە تەنها پەسن و پیا هەڵدان دەزانێت یانی چی. هەر بە ناو ڕەخنەگرێك، لە پای ئەو هەموو لێكەوتانەی لەپەراوێزی سەرنجە ڕەخنەییەكانی،پاشگەز بووەوە لەوەی پێشووتر نووسیویەتی، بە دڵنیاییەوە ڕەخنە گر نییە، لە بەر یەك هۆكاری زۆر سادە ئەویش ئەوەیە، كاری ڕەخنەگر ئەوە نییە هەر ڕەخنەیەك نووسی بە دڵی ئەویتر نەبوو، پۆزشێكی بۆ بهێنێتەوە بە پاساوی ئەوەی گوایا ئەدەب لە مرۆڤ گەورەترە ونابێ دڵی مرۆڤ لە پێناو ئەدەب بڕەنجێنین. ئەم جۆرە واهیمانە، تەنێ لای نووسەری كورد هەیە، بێگومان مرۆڤ گەورەترین سەرمایەیە، لە هەموو شتێكیش گەورەترە، بەڵام دیوی هەرە جوان و شكۆمەندانەی مرۆڤ لە وەدایە، ڕاستی بڵێت و لێی پەشیمان نەبێتەوە. هەر وشەیەك و سەرنجێكی ڕەخنەیی، كە ڕەخنەگر لە بارەی دەقێك، پرس و بابەتێكی ئەدەبی دەینووسێت، بەرپرسیاریەتییەكی گەورەیە، بۆیە بەرلەوەی ئەو بەرپرسیاریەتییە بە نووسین هەڵبگرێت، دەبێ دڵنیا، بوێر و ڕاشكاو، ئازاو وچاو نەترس بێت لەوەی دەیڵێت بێ ئەوەی گوێ بەوە بدات ئەم سەرنجانە دڵی كێ دەڕەنجێنن، یان چەند لە هاوڕێكانی كەم دەبنەوە. مەگەر بە درێژایی مێژوو، ئەوانەی ڕاستییان گوتووە، هەمیشە ڕووبەڕووی مەرگ و لە نێوبردن نەبوونەتەوە؟ دواتر گریمان ڕەخنەگرێك بە پاساوی ئەوەی مرۆڤ لە ئەدەب گەورەترە، پۆزش بۆ نووسەرێك دێنێتەوە كە ڕەخنەی لێ گرتووە، بۆچی پۆزشیش بۆ دەیان لەو نووسەرانەی تریش ناهێنێتەوە كە پێشتر ڕەخنەی تووندترو بە زمانی زبرتر لێ گرتوون؟ مەگەر ئەوانیش مرۆڤ نین و لە ئەدەب گەورەتر نین؟ یان ئەمە پەیوەندی بە هاوڕێیەتی و شارچییەتیەوە هەیە؟ لە كاتێكدا بوێریی و بێلایەنی دوو لە دیارترین خەسڵەتی كاری ڕەخنەیانەن كە دەبێ ڕەخنەگر هەر لە سەرەتای چوونە نێو دنیای ڕەخنەگرتنەوە، بیكاتە میتۆد و لە كاری ڕەخنەییانەی خۆیدا، پەیڕەویان بكات.

ھەواڵی زیاتر