فەرماندەی هێزەکانی ئەستۆنیا لە چوارچێوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان، ئاماژە بەوە دەکات، هەنگاوەکانی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ پرۆسەی یەکخستن و چاکسازی، دەبێتە بنەمای گۆڕان و پێشکەوتنی هێزی پێشمەرگە.
ڕاگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە بڵاوی کردۆتەوە، لیوای ئەندازیار، نەبەز سەڵاح، بەڕێوەبەری چاکسازیی لە وەزارەتی پێشمەرگە، لەگەڵ کۆلۆنێل ڤێسی، فەرماندەی هێزەکانی ئەستونیا لەهەرێمی کوردستان و شاون ڕاوێژکاری کاروباری پەیوەست بە کەیسی یەکسانیی ڕەگەزیی لە ئەنجوومەنی باڵای خانمان و ڕاوێژکاری سیاسیی کونسوڵخانەی گشتیی هۆڵەندا لە هەرێمی کوردستان کۆبوەوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی پێشمەرگە، کۆلۆنێل ڤێسی، فەرماندەی هێزەکانی ئەستۆنیا لە چوارچێوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان، باسی گرنگیی پرۆژەکانی پرۆسەی چاکسازی لە وەزارەت کردووە، هاوکات پرۆسەی ڕیفۆرمی بە هەنگاوێکی گرنگ وەسف کردووە، ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئەم هەنگاوانەی وەزارەتی پێشمەرگە دەبێتە بنەمایەک بۆ گۆڕان و پێشکەوتنی هێزەکانی پێشمەرگە لە ئایندەدا.
وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاندووە، شاون ڕاوێژکاری کاروباری پەیوەست بە کەیسی یەکسانیی ڕەگەزیی لە ئەنجومەنی باڵای خانمان و جێڵ ڕاوێژکاری سیاسیی کونسوڵخانەی گشتیی هۆڵەندا لە هەولێر، لەگەڵ لیوان نەبەز سەڵاح، گفتوگۆیان لەسەر کارەکانی ئەو تیمە تایبەتە کرد لە بەڕێوەبەرایەتیی چاکسازیی بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگە، کە سەرقاڵی ئامادەکردنی ڕەشنوسی پرۆژەیەکن لە چوارچێوەی بەرنامەی ڕیفۆرمی وەزارەتی پێشمەرگەدا لەسەر پرسی یەکسانیی ڕەگەزیی.