سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان، زۆرینەی لایەنەکان پشتیوانیی مەشهەدانی دەکەن

شه‌ممه‌ی داهاتوو په‌رله‌مانی عێراق هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی نوێ تاوتوێ دەکات؛ كاندیدی به‌هێزی سوننه‌كان و زۆرینەی شیعه‌كانیش، مه‌حموود مه‌شهەدانییە.

پرسی سه‌رۆكی نوێی په‌رله‌مان له ‌نێوان هێزه‌ سوننییه‌كان له‌لایه‌ك و خواستی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی بۆ كه‌سایه‌تییه‌كی به‌هێز بۆ ئه‌و پۆسته‌ بووه‌ته‌ گرێكوێره‌ و پێناچێت له‌ دانیشتنی شه‌ممه‌ی داهاتووی په‌رله‌ماندا ئه‌م پرسه‌ به‌ ئاسانیی و به‌بێ رێككه‌وتنی پێشوه‌خته‌ یه‌كلایی بكرێته‌وه‌.

ماوه‌ی شه‌ش مانگه‌ به‌هۆی ناكۆكیی سیاسییه‌وه‌، سوننه‌كان نه‌یانتوانیوه‌ كاندیدێكی هاوبه‌شیان بۆ سه‌رۆكایه‌تیكردنی دامه‌زراوه‌ی په‌رله‌مان پێشكه‌ش بكه‌ن؛ به‌ڵام هه‌وڵه‌كان به‌و ئاراسته‌یه‌ن له ‌ماوه‌یه‌كی نزیكدا ئه‌م پرسه‌ یه‌كلایی بكه‌نه‌وه‌ و له‌و رووه‌وه‌ پارتی ته‌قه‌دوم كه‌ خاوه‌نی زۆرترین كورسی سوننه‌كانه‌ له‌ په‌رله‌مان؛ ڕایگه‌یاندووه‌، دوای یه‌كگرتنیان له‌گه‌ڵ فراكسیۆنی سه‌داره‌، مه‌حموود مه‌شهه‌دانی تاكه‌ كاندیدیانه‌ بۆ جێگره‌وه‌ی حه‌لبووسی له‌ په‌رله‌مان.

له‌و چوارچێوه‌یه‌دا حه‌یده‌ر مولا سه‌ركرده‌ له‌ هاوپه‌یمانی عه‌زم ئاشكرای كردووه‌، پارتی تەقەدوم مەحموود مەشهەدانی بۆ پۆستی سه‌رۆكی نوێی په‌رله‌مان پەسندكردووه‌. ئەگەر هێزه‌كانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی رژدن لە چارەسەرکردنی ئه‌م پرسه‌، پێویسته‌ یەکێک لە كاندیده‌كان هەڵبژێرن، كه‌ ئێستا كێبركێكه‌ له‌نێوان مه‌حمود مه‌شهه‌دانی و سالم عیساویدا بچووككراوه‌ته‌وه‌.

له‌باره‌ی هه‌ڵوێستی لایه‌نه‌ شیعه‌كان، مه‌حموود حه‌ییانی، ئەندامی کە هاوپه‌یمانی فه‌تح ئاشكرای كردووه‌، مه‌شهه‌دانی كاندیدی ده‌وڵه‌تی یاسایه‌ بۆ پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مان، ده‌وڵه‌تی یاسا به‌هێزترین هێزی ناو چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگییه و پشتگیرییه‌كه‌ی كاریگه‌ری ده‌بێت، كه‌ به‌گوێره‌ی دوایین پێشهاته‌كان زۆربه‌ی هێزه‌كانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی ده‌نگ به‌ مه‌حموود مه‌شهه‌دانی ده‌ده‌ن، به‌تایبه‌تی ئه‌و فراكسیۆنه‌ سوننه‌ی كه‌ زۆرترین كورسیی په‌رله‌مانی هه‌یه‌.

كۆبوونه‌وه‌ی شه‌ممه‌ی داهاتووی په‌رله‌مان بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكێكی سوننه‌ بۆ په‌رله‌مان له‌كاتێكدایه‌، زیاتر له‌ چوار جار هه‌وڵی كۆبوونه‌وه‌‌ دراوه‌ و شكستی هێناوه‌، بۆیه‌ پێناچێت له‌و دانیشتنه‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌دا پێشهاتی نوێ بێته‌ ئاراوه‌ و پۆستی سه‌رۆكی نوێی په‌رله‌مان یه‌كلایی ببێته‌وه‌.