سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

جەهەپە سیناریۆی ٢٠١٦ دووبارە دەكاتەوە؟

هەڵگرتنی پارێزبەندی لە پەرلەمانتارەكانی توركیا، هەموو ساڵێك بوونی هەیە، بەردەوامیش پارتە كوردییەكان دەبنە قوربانیی و دەیان پەرلەمانتار پارێزبەندیان لەسەر هەڵدەگیرێت و دەخرێنە زاندانەوە، بەڵام ئەمجارەیان پارێزبەندی لە شەش پەرلەمانتاری سەر بە جەهەپە و مەهەپە و دەم پارتی لەناو پەرلەمانی توركیا دەستپێكرد.

بەگوێرەی زانیارییەكان، دۆسیەی ئەو شەش پەرلەمانتارە، لە لایەن وەزارەتی دادەوە دراوەتە لیژنەی دادی پەرلەمانی توركیا و ئەگەر ئەو لیژنەیەش بەكۆی دەنگ بڕیار لە هەڵگرتنی پارێزبەندی ئەو پەرلەمانتارانە بدەن، ئیدی لەناو پەرلەمان دەخرێتە دەنگدانەوە.
پەرلەمانتارەكان یەكیان سەر بە دەم پارتییە، بەناوی ئۆنوورد دوشونماز، كە لەسەر بازنەی هەكاری پەرلەمانتارە، هەروەها چواری سەر بە جەهەپەیە و یەكێكیش سەر بە مەهەپەیە.
بەگوێرەی زانیارییەكان، پەرلەمانتارەكانی سەر بە جەهەپە و مەهەپە، لەسەر بابەتی زۆر ئاسایی داوا كراوە پارێزبەندیان لەسەر هەڵبگیرێت و ئەگەر هەڵیش بگیرێت، لە دادگا بە كەفالەت ئازاد دەكرێن و دەبنەوە پەرلەمانتار، بەڵام پەرلەمانتارەكەی دەم پارتی، تۆمەتی تیرۆری دراوەتە پاڵ و دەڵێن بەنهێنی كاری بۆ پەكەكە كردووە.
لە ٢٠١٦، پەرلەمانی توركیا، بەكۆی دەنگی پەرلەمانتاران، پارێزبەندی لەسەر ٣٨ پەرلەمانتار هەڵگرت، كە زۆربەیان هەدەپەیی بوون و بەشێكی كەمی سەر بە جەهەپە و مەهەپە بوون، ئەنجام پەرلەمانتارەكانی هەدەپە، بەشێكی زۆریان دوای دادگایی خرانە زیندان و ئەندامی پەرلەمانییان لێوەرگیرایەوە، لەناویاندا سەلاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوكسەكداغ و سری سوورەیا ئۆندەر و چەند پەرلەمانتارێكی تر هەبوون.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی میدیاكانی توركیا بڵاویان كردووەتەوە، داواكاری گشتی توركیا، داوای كردووە ٢٧ پەرلەمانتاری سەر بە دەم پارتی پارێزبەندیان لەسەر هەڵبگیرێت و بدرێنە دادگا، چونكە تۆمەتی ئەوەیان دراوتە پاڵ، كاریان بۆ پەكەكە كردووە.
دۆسیەی ئەو ٢٧ پەرلەمانتارانەی دەم پارتی، لە لێكۆڵینەوەیە و ئەگەر زۆرە لە ماوەیەكی كەمدا بگاتە پەرلەمان و لەوێ دۆسیەكە یەكلایی بكرێتەوە، كە لەناویاندا پەروین بوڵدان و سری سوورەیا ئۆندەر بوونی هەیە .
بۆ هەڵگرتنی پارێزبەندی لە پەرلەمانتار، پێویست دەكات دوو لەسەر سێی پەرلەمانتاران بەبەڵێ دەنگ بدەن، دەنگی ئاكەپە و مەهەپە، ناتوانێت پارێزبەندی لەو پەرلەمانتارانە هەڵبگرێت، بۆیە دەبێت جەهەپەش بچێتە پاڵ ئەوان.
وەكوو چۆن لە ٢٠١٦، جەهەپە رۆڵێكی خراپی بینی و بە دەنگی ئەوان لەناو پەرلەمانی توركیا، پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتارەكانی هەدەپە هەڵگیرا و پاشان خرانە زیندانەوە، دەبێت هەمان سیناریۆ دووبارە ببێتەوە بۆ ئەوەی ئەو ٢٧ پەرلەمانتارانە بدرێنە دادگا، بەڵام سەركردایەتی ئێستای جەهەپە لەگەڵ ئەو هەنگاوە نین.
لە چەند رۆژی داهاتوو، روون دەبێتەوە كە لەناو پەرلەمانی توركیا، رۆڵی پارتە سیاسییەكان چی دەبێت بۆ هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتارەكانی دەم پارتی كە ٢٧ پەرلەمانتار دەبن، هەروەها ئەو شەش پەرلەمانتارەی تریش، كە دۆسیەكەیان لە لێكۆڵینەوەیدایە