چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان پيرۆزبايى له‌ مامۆستايان ده‌كات

نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان په‌یامێكی له‌ ساڵیادی  (62)هه‌مينى دامه‌زراندنی یه‌كێتی مامۆستایانی كوردستان بڵاوكرده‌وه‌.

له‌ په‌یامه‌كه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستاندا هاتووه‌، له‌ ساڵيادى (62)هه‌مينى دامه‌زراندنيدا، به‌ گه‌رمى پيرۆزبايى له‌ مه‌كته‌بى سكرتاريه‌تى يه‌كێتيى مامۆستايانى كوردستان و ته‌واوى مامۆستايانى كوردستان ده‌كه‌م، هيواى سه‌ركه‌وتن و پێشكه‌وتنى به‌رده‌واميان بۆ ده‌خوازم، به‌ ڕێز و پێزانينه‌وه‌ له‌ ئه‌رك و ماندووبوون و په‌يامى پيرۆزى مامۆستايان له‌ په‌روه‌رده‌كردن و پێگه‌ياندنى نه‌وه‌كان، ده‌ڕوانم.

نێچیرڤان بارزانی ده‌شڵێت، مامۆستايان له‌ توێژه‌ هه‌ره‌ گرنگه‌كان و بنه‌ماى پێشكه‌وتنى كۆمه‌ڵگه‌ن، پشتگيرى له‌ هه‌موو ماف و داوا ڕه‌واكانيان ده‌كه‌م و شايانى ژيان و گوزه‌رانى باش و ئارامى و ئاسووده‌يين. ڕۆڵى مامۆستايان له‌ سه‌رده‌مى شۆڕش و له‌ ئازاديدا، هه‌روه‌ها دڵسۆزى و به‌رگه‌گرتنيان له‌ ڕۆژگاره‌ سه‌خته‌كاندا بۆ ئه‌وه‌ى پرۆسه‌ى خوێندن و په‌روه‌رده‌ نه‌وه‌ستێت، هه‌رگيز له‌بير ناكرێت.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی په‌یامه‌كه‌ی نێچیرڤان بارزانییدا هاتووه‌، له‌م ياده‌دا به‌ ڕێزه‌وه‌ هه‌موو ئه‌و مامۆستا ئازيزانه به‌بير ده‌هێنينه‌وه‌ كه‌ له‌پێناو ئازاديى گه‌له‌كه‌ياندا، خه‌باتيان كرد و گيانیان به‌خشى.