چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران: تاوەکو کۆتایی مانگی تەمموز کار لەسەر گەڕاندنەوەی تەواوی ئاوارەکان دەکەین

وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، تاوەکو کۆتایی مانگی تەمموزی ئەمساڵ کار لەسەر گەڕاندنەوەی تەواوی ئاوارەکان دەکەن بۆ ناوچەکانی خۆیان.

نزیکەی 10 ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر ئاوارەبوونی دانیشتووانی شنگال و ناوچەکانی سووننەنشینەکان بۆ هەرێمی کوردستان، دانیشتووانی ئەو ناوچانە لەبەر مەترسییەکانی داعش ئاوارەبوون بەڵام ئێستا بەهۆکاری جیا جیا ناتوانن بگەڕێنەوە ناوچەکانیان، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام جەختی لەوە کردووەتەوە ئامادەن هاوکاری حکوومەتی فیدڕاڵ بکەن لەگەڕانەوەی ئاوارەکان بەو مەرجەی زامنی سەقامگیری ناوچەکانیان ومافەکانیان بکرێت.

بەڵام دوای تێپەڕینی زیاتر لە 10 ساڵ بەسەر ئاوارەبوونیان و دوای راگەیاندنی تێپەڕینی حەوت ساڵ بەسەر راگەیاندنی سەرکەوتن بەسەر داعشدا، هێشتا بەشێکی زۆر لە ئاوارەکان بەهۆی کەمتەرخەمی حکوومەتی عێراق نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە زێدی خۆیان، بەگوێرەی زانیارییەکان 37 هەزار خێزان لە 24 کەمپ لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک و سلێمانی ماون، ئەمە جگە لەوەی زیاتر لە 750 هەزار کەسی دیکە لەدەرەوەی کەمپەکان دەژین و بەهۆکاری جیاواز ترسیان لەگەڕانەوەیان بۆ ناوچەکانیان هەیە، ئاوارەکان لەترسی مەترسییەکانی داعش ئاوارە بوون بەڵام ئێستا بەکۆمەڵێک هۆکاری دیکە بەشێوەی راستەوخۆ و ناراستەوخۆ ناتوانن بگەڕێنەوە ناوچەکانیان.

دوای تێپەڕینی چوار ساڵ بەسەریدا تاوەکو ئێستا حکوومەتی عێراق پابەند نەبووە بە جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی شنگال کە بەجێبەجێکردنی رێککەوتنەکە دەکرێت دۆخی شنگال ئاسایی ببێتەوە و شنگال و گوندو ناوچەکانی دەوروبەری ئاوەدان بکرێتەوە.

هەروەها بەشێکی زۆر لە ئاوارەکان بەهۆی بیرورای سیاسییەوە لەلایەن گروپە چەکدارەکانەوە رێگری لەگەڕانەوەیان دەکرێت بۆ ناوچەکانی شنگال و ناوچەکانی دیکەی دەشتی نەینەوا.

ئەو گوژمەیەی کە بۆ ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکان تەرخان دەکرێت بۆ زەمینەسازیکردن لەگەڕانەوەی ئاوارەکان لەلایەن گرووپە دەسەڵاتدارەکانەوە بۆ بەرژەوەندی کەسی بەکاردەهێندرێت.

هەروەها میلیشیاکان رێگری دەکەن لەگەڕانەوەی ئاوارە سووننەکان، لەرێگەی بەسەربازیکردنی ناوچەکانیان و راگەیاندنی قەدەغەی هاتووچۆی مەدەنی لەو ناوچانە.

هەوڵی گۆڕینی دیمۆگرافیای بەشێک لە ناوچە سووننەنشینەکان دەدرێت بەپاساوی رێگریکردن لە سەرهەڵدانی تیرۆری نوێ.

لەماوەی رابردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە بەهەموو شێوەیەک پشتیوانی لەگەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانیان دەکەن و ئامادەن بۆ ئەم مەبەستە هەماهەنگی پێویست لەگەڵ حکوومەتی عێراق بکەن بەو مەرجەی  ئەم پرسە لەچوارچێوەی دروشم دەربچێت و زەمینەسازی تەواو بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان بکرێت لەدروستکردنی کەشێکی سەقامگیری ئەمنی و  پاداشتکردنی ئاوارەکان و ئاوەدانەکردنەوەی ناوچەکانیان.