ئەمڕۆ دووشەممە كریستیانەكان بە فەرمی سكاڵای یاسایی لە دادگای باڵای فیدڕالی تۆمار كرد بەهۆی هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری كۆرسی كۆتاكان لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان.
هاوپەیمانی مەسیحی لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند: دوای ئەوەی نوێنەرانی لایەنە هاوپەیمانەکانی ناو هاوپەیمانی مەسیحی وەکالەتی یاسایییان بە پارێزەر ئەیاد کاکەیی بەخشی، ئەمڕۆ ناوبراو سکاڵایەکی یاسایی لە بەغدا لە دادگای باڵای فیدراڵی تۆمار کرد.
راشیگەیاند: سكاڵای یاساییەكە سەبارەت بە داواکاری چەسپاندنی مافی مەسیحییەکانی ئەرمەنی و ئاشووری و سریانی و کلدانی و کورسییە تایبەتەکانیان لەژێر سیستەمی کۆتا لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی هەرێمی کوردستان بووە.
ئەمە لەكاتێكدایە كە دادگای باڵای فیدڕالی رۆژی 21ی شوباتی 2024 بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ژمارەی كورسی كۆتاكان كە 11 كورسی بوون، دەركرد، بەمەش ژمارەی كورسییەكانی پەرلەمانی كوردستان لە 111 كورسی بۆ 100 كورسی كەمكرایەوە.
جگە لەوەش دادگای باڵای فیدڕالی بڕیاری دا بۆ خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، هەرێمی كوردستان بەسەر چوار بازنەی هەڵبژاردن دابەش بكرێت.
ئەم بڕیارەی دادگای باڵای فیدڕالی بووە هۆی ناڕەزایەتی پێكهاتەكان و دواتریش حزب و لایەنە توركمان و كریستیانەكان بڕیاریان دا بەشداری هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان نەكەن.