دوای چەندین دانیشتنی شکست خواردوو؛ ڕۆژی شەممەی داهاتوو، 18ـی ئایار، سەرۆکی نوێی پەرلەمانی عێراق هەڵدەبژێردرێت.
ئەمڕۆ دووشەممە، 13-05-2024، نووسینگەی ڕاگەیاندنی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، ڕۆژی شەممەی داهاتوو، 18ـی ئایار، وەکو ڕۆژی دانیشتنی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێ (جێگرەوەی حەلبووسی) دیاری کراوە.
ڕۆژی 18ی نیسانی ڕابردوو، شەعلان کرەیم، كاندیدی پارتی تەقەدوم لە كاندیدی پۆستى سەرۆکى پەرلەمان کشایەوە، دواتر 74 پەرلەمانتاری نزیك لە پارتی تەقەدوم بەفەرمى داوایان کرد پەیڕەوى ناوخۆى پەرلەمان هەموار بکرێتەوە بۆ ئەوەى ڕێگە بدات كەسێكی دیکە خۆى بۆ ئەو پۆستە کاندید بکات، بەڵام چوارچێوەی ھەماھەنگی ههمواریی پهیڕهوی ناوخۆ ڕهت دهكاتەوە.
نزیكەی شەش مانگە ئەو پۆستە چۆڵە، کۆبوونەوەى پەرلەمانى عێراق لە 14ى کانوونى دووەمی ئەمساڵ، نەیتوانى ئەو پۆستە یەکلایی بکاتەوە، دەنگدان بۆ دیاریکردنى سەرۆک گەیشتە گەڕى دووەم و ڕاگیرا. ڕکابەرییەکە لە نێوان شەعلان کرەیم، كاندیدی تەقەدوم، لەگەڵ سالم عیساوى، كاندیدی هاوپەیمانیى سیادە و مەحموود مەشھەدانی، كاندیدی ھاوپەیمانی عەزم مایەوە.
چوارچێوەی هەماهەنگی چەندین جار ئۆباڵی هەڵنەبژاردنی سەرۆکێکی نوێ بۆ پەرلەمان خستووەتە ئەستۆی لایەنە سوننەکان و دەڵێن، دەبێت سوننەکان بەرپرسیارێتیی هەڵنەبژاردنی سەرۆکێکی نوێ هەڵبگرن.
ڕۆژی 07-05-2024، چوارچێوەی هەماهەنگی ماوەی یەک هەفتە مۆڵەتی دایە سوننەکان لەسەر پرسی سەرۆکی نوێی پەرلەمانی عێڕاق ڕێک بکەون، بە پێچەوانەوە لە پەرلەمان ئەو بەرکەوتەیە یەکلایی دەکەنەوە.