دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

لەیلا قاسم، بەورە بەرزەکەی خەباتی شاخی گواستەوە بۆ ناو شار”

فەزیلە شۆرش

ئازادی و سەرفرازی گەل لە نیشتیمانێکی سەربەخۆدا، ئاواتی هەموو کوردپەروەر و مرۆڤێکی خاوەن هەست و نیشتیمانپەروەرە، ئافرەتانی کورد بە درێژایی مێژووی گەلی کوردستان و لە قۆناغە جیاوازەکانی خەباتی کورد، هەمیشە بەشدارییەکی بەرچاو و کاریگەریان هەبووە لە خەباتی ئازادیخوازی گەلی کورد.

بووکی کوردستان لەیلا قاسم وەک هەزارەها ئافرەتی کورد نەتەوە و نیشتیمانپەروە بوو، بێگوومان خەبات بۆ ئازدی و یەکسانی قوربانی و بەرخودان ومتمانە بە خۆبوونی دەوێ، نموونەی ئافرەتی بەرخودان و قوربانیدان لە خەباتی ئازادیخواز و ڕاپەڕین و شۆڕشەکانی گەلی کوردستان زۆرن، هەزارەها ئافرەتمان هەیە قوربانی زیندەچال و ئەنفال و کیماباران و ئەشگنەجەی بەعسن، لەیلا قاسم وەک نموونە، کچۆلەکی باریک و تەمەن کورت، بەلام مێژووەک و ناوبانگێکی زڵ و دوور و درێژ، بێگومان ئەوەی بووکی کوردستان لە ئافرەتانی تر جیا دەکاتەوە، بووکە خەنجیلەکەمان لەیلا قاسم، یەکەم و تاکە ئافرەت بووە لە عیراق و رۆژهەلاتی ناوەراست لە پێناو بیرو باوەر و نەتەوەکەی لە سێدارە درابێت، بۆیە بووە سیمبۆل و هێمای خۆراگری و بەرخودان و چاو نەترسی، وزە بەخشێکی بێ سنوور بە کچان و ئافرەتانی کوردستان، هەر کوردێکی بە شەرەف شانازی بەم کچۆلە بوێرەی کوردستان و بە هه‌موو دایك و خوشك وكچە شه‌هیدەکانمان دەکات.

لە سالی ١٩٧٤ رژێمی بەعس پاشگەز بووەوە لە بەندەکانی بەیانامەی ١١ ی ئادار و بە ئاشکرا دەستی کرد بە دوورخستن و گرتن و شەهیدکردنی رۆلەکانی کورد، زۆربەی زۆری کوردستانیەکان شار و شارۆچکەکانیان بەجێهێشت، روویان لە شاخەکان کرد تا دوور بن لەدەست درێژی بەعس، بەلام لەیلا قاسم و هەڤالەکانی بە پێویستیان زانی کە ڕێبازی خەبات بە هەموو جۆرەکانییەوە دەبێ بەردەوام بێت، شار بەجێ نەهێلن و بەڵکو خەباتی شاریان بە گرنگ زانی، چونکە خەباتی شار پێویستیەکی زۆر گرنگی ئەو قۆناخە بوو بۆ بەدیهێنان و دابینکردنی ئامانجە پیرۆزەکەیان، بەتایبەتی لە شاری بەغدا لە ناو جەرگەی رژێمی بەعس، بەم شێوەیە لەیلا قاسم خەباتی شاخی گواستەوە بۆ ناو شار بۆ بەرگری کردن لە ناسنامەو مافەرەواکانی نەتەوەی کورد، لە هەمان کات خەباتی شار لە ناو جەرگەی دوژمن جەختی لە قۆناغێکی نوێی رووبەرووبوونەوەی دوژمنی دەکرد بوێریەکی زۆریشی دەویست، بەتایبەتی لەو بارودۆخه‌ سەختەی ئەو کات، خەباتی لەیلا قاسم خۆی لەخۆیدا جەختکردنەوەیە لەوەی خەباتی سیاسی کورد پەیوەست نیە بە یەک رەگەز بەڵکو لەیلای نەمر بووە یەک لە ئافرەتە پێشەنگەکانی کاری سیاسی لە کوردستان.