دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

هه‌ڵوێستی له‌یلا قاسم، نرخی بۆ خه‌باتی سیاسی ئافره‌ت دانا

زیــــــبا تـەهـــــــــــا

به‌شداری سیاسی ئافره‌تان له‌رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست به‌تایبه‌ت له‌كوردستان شێوه‌یه‌كی تایبه‌تی وه‌رگرتووه‌ كه‌ جیاوازتره‌ له‌شێوازی ئاماده‌بوونی ئافره‌تان له‌ بواری سیاسی وه‌ك كاره‌كته‌رێكی سه‌ركه‌وتووی ئه‌و بواره‌ی جیهان‌، هه‌رئه‌م شێوازه‌ بیركردنه‌وه‌ و به‌شداریكردنه‌ بۆته‌ فاكته‌ری زیاتر كاریگه‌ربوون و رۆڵبینینی ئافره‌تی كورد. له‌وانه‌یه‌ به‌شداری سیاسی له‌سه‌ده‌ی بیسته‌مدا له‌هه‌ندێك وڵاتی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست بۆ زیاترچه‌سپاندنی مافی كۆمه‌ڵایه‌تی ئافره‌تان بووبێت به‌ڵام بۆ ئێمه‌ی كورد مانایه‌كی دیكه‌ی له‌خۆگرتووه‌ و بریتی بووه‌ له‌رزگاركردنی میلله‌تێك له‌ژێر ده‌سته‌یی و چه‌وسانه‌وه‌، هه‌ر ئه‌م روانگه‌یه‌ وایكردووه‌ به‌ده‌ر له‌پیاوان ئافره‌تانیش هه‌ست به‌و به‌رپرسیارێتیه‌ نیشتمانییه‌ بكه‌ن و ئاماده‌بوونێكی سه‌ركه‌وتوویان له‌ جێبه‌جێكردنی پلانه‌ سیاسی و شۆرشه‌كان هه‌بێت. لێره‌دا نموونه‌ی ئافره‌تی خه‌باتگێر و بوێری وه‌ك له‌یلا قاسم ئاماژه‌ پێده‌كه‌ین كه‌ توانی به‌ روحی خۆی پارێزگاری له‌شوناسی كورد بوون و نه‌ته‌وه‌یی بوون بكات و ببێته‌ سیمبولی ئافره‌ت بۆ قوربانیدان له‌پێناو بیروباوه‌ر و نیشتمان، ئه‌م جۆره‌ قوربانیدانه‌ش له‌سه‌ر ئاستی مێژوو زۆر كه‌مه‌ به‌تایبه‌ت له‌سێداره‌دانی ئافره‌ت له‌سه‌ر پرسی نه‌ته‌وه‌ و سیاسی.

هه‌ڵوێستی نیشتمانی له‌یلا قاسم نرخی بۆ به‌شداریكردنی سیاسی ئافره‌ت دانا و كرده‌یه‌ میتۆدێك كه‌ له‌دوای خۆی هه‌زاره‌ها ئافره‌ت هاتنه‌ ناو ریزه‌كانی خه‌باتكردن له‌پێناو پارێزگاری له‌شكۆ و شه‌ره‌فی گه‌لێك كه‌ به‌بێ جیاوازی هه‌ردوو ره‌گه‌ز به‌رگری لێده‌كه‌ن، و له‌ئێستاشدا له‌سه‌ر ئاستی جیهان وه‌ك نموونه‌یه‌كی زیندوو باس ده‌كرێت كه‌ ئافره‌تی كورد جیاواز له‌ئافره‌تانی دیكه‌ ئاماده‌ن به‌شداری گۆرانگاری و خه‌باتێك بكه‌ن كه‌ به‌روح و جه‌سته‌ قوربانی بۆبده‌ن و پاڵپشتی بكه‌ن.

ڕەنگە هێشتا ئیمه‌ وه‌ك كورد كه‌متر توێژینه‌وه‌ و به‌دواداچوونی ئه‌كادیمیمان له‌سه‌ر به‌هه‌ند وه‌رگرتن و ئه‌و پاڵنه‌ره‌ سه‌ره‌كیانه‌ كردبێت كه‌ بوونه‌ته‌ هۆكاری بەشداری بەرچاوی ئافره‌تان له‌ناو خه‌باتی بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورد هه‌تا ئاستی له‌سێداره‌دان، گه‌ران به‌دوای وه‌ڵامی پرسیارێكی جدی كه‌ تێگەیشتنێكی قوڵ هه‌بێت له‌سه‌ر چالاکییە سیاسییەکانی ئافره‌تانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست له‌و كاته‌دا و به‌تایبه‌ت وه‌ك ئافره‌تی كورد كه‌ ناكرێت به‌شێوه‌یه‌كی نادیار بهێڵدرێته‌وه‌، به‌لكو پێویسته‌ باشتر ره‌هه‌نده‌ جیاوازییه‌كانی بخرێته‌روو وباسی لێوه‌بكرێت. نموونه‌یه‌كی وه‌ك له‌یلا قاسم وه‌ڵامی پرسگه‌لێكی زۆرمان ده‌داته‌وه‌ كه‌ ئافره‌تانی كورد له‌و كاته‌‌دا نه‌یانویستوه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی بزوتنه‌وه‌ سیاسییه‌كان كاربكه‌ن به‌ڵكو له‌ناو هه‌مان چوارچێوه‌ی ئایدۆلۆژی و هزری سیاسی خۆیان بینیوه‌ته‌وه‌ و به‌ بروا و متمانه‌یه‌كی زۆره‌وه‌كاریان تێدا كردووه‌، هه‌رله‌به‌رئه‌وه‌شه‌ ده‌بینین له‌یلا قاسم په‌یوه‌ندییه‌كی پته‌وی له‌گه‌ڵ پارتی دیموكراتی كوردستان هه‌بووه‌ و ئه‌ندامێكی چالاكی ئه‌و پارته‌ سیاسیه‌ بووه‌، خۆی به‌ دڵسۆز و جێبه‌جێكاری رێبازی پیرۆزی بارزانی زانیوه‌ و شانازی كردووه‌ به‌وه‌ی كه‌ بتوانیت به‌روحی خۆی پارێزگاری له‌ناسنامه‌ی كوردبوونی خۆی بكات. ئه‌م بیركردنه‌وه‌ی له‌یلا قاسم ئه‌وه‌مان پێ ده‌ڵێت كه‌ ئافره‌تی كورد ده‌توانی كاریگه‌ری سیاسی هه‌بێت و گۆرانكاری سیاسی مه‌زن دروست بكات، هاوكات بووه‌ به‌ ره‌مزێك بۆ نه‌هێشتنی ئه‌و جیاوازییه‌ هزرییه‌ی كه‌ پێیوایه‌ ته‌نها پیاوان ده‌توانن كاریگه‌ربن و نه‌خشه‌رێگای سیاسی نه‌ته‌وه‌یه‌ك و میلله‌تێك بگۆرن، چونكه‌ له‌دوای له‌سێداره‌دانی له‌یلا قاسم گه‌نج ولاوێكی زۆر به‌هه‌ردوو ره‌گه‌زه‌وه‌ به‌شدارییان له‌خه‌باتی بزوتنه‌وه‌ی سیاسی كورد كردوو و پێداگیرییان له‌ بره‌ودان به‌ شۆرش و وه‌رگرتنه‌وه‌ی مافی نه‌ته‌وه‌كه‌یان كرد، هه‌رئه‌وه‌ش وایكرد كه‌ ئێمه‌ش له‌ئێستادا وه‌ك شانازییه‌كی گه‌وره‌ بۆ به‌شداری خه‌بات و بوێری ئافره‌تی كورد ناوی له‌یلا قاسم بهێنین و بیكه‌ینه‌ پێشه‌نگی ئافره‌ت له‌قوربانیدان و كۆڵنه‌دان.