دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

‎پەیامی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان بۆ یادی شەهیدبوونی لەیلا قاسم:لە پەنجاهەمین ساڵیادی لەسێدارەدانی لەیلا قاسم، سڵاو و درود بۆ ڕۆحی بەرزەفڕی دەنێرین

لەیلا قاسم نموونەی کچێکی ئازاو تێکۆشەر و چاونەترس بوو، دژ بە جەور و ستەمی ڕژێمی بەعس و بۆ بەرپەرچدانەوەی نکۆڵیکردن لە مافە نەتەوەییەکانی گەلی کورد و ناسنامەی نەتەوەییمان وەستایەوە و ئەشکەنجە و ئازاری دڕندانەی جەلادەکانی بەعس نەیانتوانی لەیلا لە ھەڵوێستە نەتەوەییەکانی پەشیمان بكه‌نه‌وه‌، تێکۆشان و خەباتی سیاسی و نەتەوەیی لەیلا دڵی دەسەڵاتی ستەمکاری هێنایەلەرزە.

شەهید لەیلا قاسم بە لەسێدارەدانی، گیانی بۆ شەهادەت فڕی و بووە هەڵبەست و گۆرانی تاک بە تاکی کورد، لەگەڵ ئەوەشدا ترس و لەرزی خستە دڵی دوژمنان و لە هەمانکاتدا سەلماندی خەباتی سیاسی و نیشتمانی پەیوەست نییە بەھیچ رەگەزێکەوە، بەڵکو ئافرەتانیش دەتوانن بوێرانە بەرگری لە ئینتیما و بیروباوەری خۆیان بکەن.
ئەم بوێری و ئازایەتییەی لەیلا قاسم بووە هێمای خەبات و کوردایەتی و جۆشدەری هەزارەها لەیلای دیکە بۆ تەواوی گەلی کوردستان و تەنانەت لەسەر ئاستی جیھانیش بووە نموونەی ئافرەتی خەباتگێڕ و ئازا و دلێر و خۆڕاگر.
بۆئەوەی ئاسۆی ڕزگاری نەتەوەیی و خەباتی پیرۆزمان بۆ کوردستانێکی یەکسان ڕووناک و درەوشاوەبێ، بەشانازییەوە پەیمان نوێ دەکەینەوە کە لەسەر رێبازەکەیان بەردەوام دەبین بە کار و تێکۆشان و هەڵوێستی مەدەنییانە بۆ پرسی ئافرەت و پرسی نەتەوایەتی و خۆشەویستی و وابەستەبوونمان بە نیشتمانەوە، یەکێک دەبێت لەو بنەما و بەھا ھەرە گرنگانەی کە یەکێتی ئافرەتانی کوردستان کاری لەسەر دەکات. پێویستیمان بەو باوەڕ و ئازایەتییەیە کە لە دەروون و باوەڕ و ئەزموونی خەباتی لەیلا قاسمدا هەبوو تا بتوانین لە ئاست ئەرکی پیرۆزی ڕزگاری نەتەوەیی و کاریگەری ڕۆڵی ئافرەت بین لەو بوار و پرسە سەرەکییەی ژیانی گەلەکەمان.
درود و سڵاو بۆ ڕۆحی پاکی لەیلا قاسم و هەڤاڵەکانی، و گشت شەهیدانی کوردستان، سەروەری شەهیدان بارزانی نەمر و کاک ئیدریسی هەمیشە لەیاد.

یەکێتی ئافرەتانی کوردستان