دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

پۆلیسی دارستان و ژینگەی ڕاپەڕین هۆشداری دەدات و دەڵێت: نابێت هاووڵاتییان لە شوێنی ژیان و حەوانەوەی باڵندە نەورسەکان نزیک ببنەوە

پۆلیسی دارستان و ژینگەی ڕاپەڕین، لە میانەی راگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەدا، جگە لە ستافی تەندروستی و کارمەندانی پۆلیسی دارستان و ژینگە ئەوانیش بە جلوبەرگ و ڕێکاری خۆپارێزی ،هیچ کەسێکی دیکە ڕێگەپێدراو نییە لە شوێنی ژیان و حەوانەوەی باڵندە نەورەسەکان نزیک بێتەوە.

ڕۆژی شەممە(11ی ئایاری 2024)، وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیاندراوێکدا، داوای لە هاووڵاتییان کرد بۆ سەلامەتی تەندروستیی خۆیان و کۆمەڵگە، بەهیچ شێوەیەک سەردانی شوێنی نەورەسە مرداربووەکانی دەریاچەی دوکان نەکەن.

وەزارەتی تەندروستی ئاماژەی بەوەدابوو، جگە لە تیمە پسپۆڕەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان، ھیچ کەسێک سەردانی نیشتیمانی نەورەسەکان نەکات تاوەکو بە فەرمی دڵنیایی دەدرێت لە جۆری نەخۆشییەکە و سەلامەتی بۆ مرۆڤ لە لایەن ڤێتێرنەری سنورەکە .

(شه‌ممه‌ 11ـی ئایاری 2024)، دکتۆر هانا خدر، پزیشكی ڤێتێرنەری له‌بارەی مرداربوونەوەی نەورەسەکانی دەریاچەی دوکان گوتبووی: كه‌ چووینه‌ شوێنی رووداوه‌كه‌، بینیمان نه‌خۆشییه‌كه‌ خێرا به‌ناو نه‌وره‌سه‌كان بڵاوبووه‌ته‌وه‌، ئێمه‌ به‌ پێویستمان زانی چه‌ند نموونه‌یه‌ك بۆ تاقیگه‌كه‌مان وه‌ربگرین، بۆ ئه‌وه‌ی پشڕاستی نه‌خۆشییه‌كه‌ بكه‌ینه‌وه‌ و خێرا بگه‌ین به‌ چاره‌سه‌ر.

بەهۆی گۆڕانکاری کەشوهەواوە کۆمەڵێک باڵندەی کێوی لە جۆری نەورەس لەسەر زێی بچووک تووشی نەخۆشییەکی تایبەت بوون و لە ڕاگەیەندراوێکدا بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی داراستان و ژینگەی ڕاپەڕین پێشتر ڕایگەیاندبوو، ئەنجامی پشکنینەکان دەرکەوتووە کە نەخۆشییەکە ڤایرۆسییە.