ڕائیب جادر – هەولێر
بە ڕەزامەندی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بەردی بناغەی یازدە پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە ناحیەی باتێلێ لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دانران. سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆش، دەڵێت: ئەمساڵ بە دەیان پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە سنوورەکە جێبەجێ دەکرێن.
گوھدار شێخۆ، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، دەڤەری باتێلێ دەڤەرێکی کشتوکاڵی و ستراتیجییە بۆ ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ و پارێزگای دھۆک و ھەموو عێراق، بۆیە لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی حکوومەت، گرنگی زیاتر بەو دەڤەرە دەدەین.
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، گوتیشی: ڕاستە گەلێک کەموکوڕی لەو دەڤەرە ھەیە، بەڵام لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێم، ئەو پڕۆژانەی پێویست بن دەبێت بۆ ئەو دەڤەرە بکرێت و زیاتر خزمەتی باتێلێ بکەین.
گوھدار شێخۆ، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، دەشڵێ: لیژنەیەکی تایبەتمەندمان ڕاسپاردبوو کە سەردانی باتێلێ بکەن، بۆیە لە قۆناغی یەکەم بە گوژمەی پێنج ملیار دینار چەند پڕۆژەیەکی خزمەتگوزاری وەک ڕێگاوبان، ئاو، کارەبا، تەندروستی و پەروەردەی تێدا دەکرێت، ئەو پڕۆژانەی ماون لە قۆناغی دووەم دەستپێدەکەین، وەک پڕۆژەی ڕێگای ئەو دەڤەرە تاوەکو زیاتر خزمەتی ئەو دەڤەرەی پێبکەین.
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، باسی لەوەشکرد، یەکێک لە کارنامەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، گرنگیدانە بە سێکتەری کشتوکاڵ، بۆیە دڵنیاتان دەکەینەوە کاری سەرەکی ئێمە زیاتر گرنگیدانە بە باتێلێ لە سێکتەری کشتوکاڵی و ئاژەڵداری.
گوھدار شێخۆ، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، زیاتر دەڵێ: بەردەوام پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ جێبەجێ دەکرێن، ئێستە ژمارەیەک شەقامی زاخۆ لەژێر قیڕتاوکردندان، پڕۆژەی ئاوڕێژی زاخۆ و قۆناغی دووەمی کۆڕنیشی زاخۆ جێبەجێ دەکرێن، ھەروەھا ژمارەیەک نەخۆشخانە و قوتابخانە لە ژێر جێبەجێکردندان، دەمانەوێت زیاتر پڕۆژەی ستراتیژی لە سنوورەکە جێبەجێ بکەین، بۆ ئەمساڵ دوو پڕۆژەی گرنگ و ستراتیژی ھەن ئەوانیش شەقامی شەست مەتری زاخۆ و پڕۆژەی ئاوەڕۆی زاخۆ، لە ماوەیەکی نزیکدا بەردی بناغەیان بۆ دادەنرێت، بۆیە بەپێی ئەو پلانەی ئامادەکراوە ئەمساڵ زیاتر لە حەفتا پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ ئەنجام دەدرێن و لە ئایندەیەکی نزیکدا بەردی بناغە بۆ ژمارەیەک پڕۆژە دادەنرێت و دەچنە بواری جێبەجێ کردنەوە.