چواس خالید – هەولێر
به گوژمه‌ی چوار سه‌د و چل هه‌زار دۆلاری ئه‌مه‌ریكی، به‌ردی بناغه‌ی بنكه‌یه‌كه‌ی ته‌ندروستی له قوشته‌په‌ی پارێزگای هه‌ولێر داندرا و بڕیاریشه له ماوه‌یه‌كی نزیكدا نه‌خۆشخانه‌یه‌كی بیست و پێنج قه‌ره‌وێڵه‌یی له قه‌زای قوشته‌په بنیات بنرێت، هاوكات بنكه‌ی ته‌ندروستیی پێشتری قه‌زاكه‌ش نۆژه‌ن ده‌كرێته‌وه.
له چوارچێوه‌ی په‌ره‌پێدان و خزمه‌تكردنی زیادتری كه‌رتی ته‌ندروستی گشتی، له پێناو سه‌لامه‌تی و پاراستنی گیانی هاووڵاتیان، له چه‌ند ڕۆژی ڕابردوو به ئاماده‌بوونی سامان به‌رزنجی وه‌زیری ته‌ندروستی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و ئومێد خۆشناو پارێزگاری هه‌ولێر، ڕێكخراوی جیهانی UNHCR، له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له به‌رپرسانی ئیداری و حكوومی ناوچه‌كه، به‌ردی بناغه‌ی پڕۆژه‌ی دروستكردنی بنكه‌یه‌كی ته‌ندروستی له جۆری (B)، له قه‌زای قوشته‌په داندرا.
ئه‌و بنكه ته‌ندروستییه له‌لایه‌ن ڕێكخراوی UNHCR، به هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ به‌رێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ته‌ندروستی هه‌ولێر له قه‌زای قوشته‌په دێته دروستكردن، كه تێچووه‌كه‌ی چوار سه‌د و چل هه‌زار دۆلاری ئه‌مه‌ریكییه.
ئه‌و بنكه ته‌ندروستییه، كه سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانی هه‌ولێر زه‌ویه‌كه‌ی بۆ دابینكردووه، سودی زۆری بۆ ناوچه‌كه هه‌یه به‌تایبه‌ت بۆ په‌نابه‌ران و ئاواره‌كانی كه‌مپه‌كان و هاووڵاتیانی ناوچه‌كه.
جیا له‌وه و هه‌ر له سنووری قه‌زای قوشته‌په، بڕیاره نه‌خۆشخانه‌یه‌كی بیست و پێنج قه‌ره‌وێڵه‌یی بنیات بنرێت، كه زه‌وی نه‌خۆشخانه‌كه سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانی هه‌ولێر دابینیكردووه و له‌سه‌ر ئه‌ركی خێرخواز عوسمان نانه‌كه‌لی جێبه‌جێ ده‌كرێت.
ڕۆنانی ئه‌و نه‌خۆشخانه‌یه كه سودی زۆری بۆ هاووڵاتیانی قه‌زاكه ده‌بێت، به گوژمه‌ی ملیۆنێك دۆلاری ئه‌مه‌ریكی جێبه‌جێ ده‌كرێت و ده‌خرێته خزمه‌ت هاووڵاتیانه‌وه.
سه‌رباری ئه‌وانه و له‌پێناو خزمه‌تكردنی زیادتری هاووڵاتیانی ناوچه‌كه و پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاری ته‌ندروستی، له‌سه‌ر بودجه‌ی پارێزگای هه‌ولێر، بڕیاره له ماوه‌یه‌كی نزیكدا بنكه‌ی ته‌ندروستی قوشته‌په نۆژه‌ن بكرێته‌وه و سه‌رجه‌م كه‌لوپه‌لی پێداویستی پزیشكی‌یان بۆ دابین بكرێت.
له قه‌زای قوشته‌په‌ی سه‌ر به پارێزگای هه‌ولێر، دوو بنكه‌ی ته‌ندروستی له جۆری (B) و (C)، هه‌یه، ئه‌وانه كه پێشتر پێداویستی ته‌واوی ناوچه‌كه‌یان دابین ده‌كرد، ئێستا له‌به‌ر زیادبوونی هاووڵاتیانی ناوچه‌كه به‌پێی خواست نین.
هاوشێوه‌ی كه‌رته‌كانی دیكه، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وامه له پێشكه‌شكردنی پڕۆژه خزمه‌تگوزارییه‌كانی كه‌رتی ته‌ندروستی له هه‌رێمی كوردستان و له ماوه‌ی چوار ساڵی ڕابردوودا، هه‌شتا و سێ پڕۆژه‌ی ته‌ندروستی له ته‌واوی شار و شارۆچكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان پشكه‌ش كردووه.
به پێی ئاماره‌كان، له هه‌رێمی كوردستان زیادتر له ٨٣ نه‌خۆشخانه‌ی گشتی و ٦٢ نه‌خۆشخانه‌ی تایبه‌ت و ٣١٦ بنكه‌ی سه‌ره‌كی ته‌ندروستی و ٤٦٧ بنكه‌ی لاوه‌كی و ٨٦ سه‌نته‌ری پسپۆڕی، له سه‌رانسه‌ری هه‌رێمی كوردستان هه‌نه، كه ٢٧ نه‌خۆشخانه له هه‌ولێری پایته‌خت و ٢٥ نه‌خۆشخانه له پارێزگای سلێمانی و ١٥ نه‌خۆشخانه‌ش له پارێزگای دهۆك هه‌یه، پێنج نه‌خۆشخانه‌ی حكوومیش له پارێزگای هه‌ڵه‌بجه و حه‌وت نه‌خۆشخانه له ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی ڕاپه‌ڕین هه‌یه، حه‌وت نه خۆشخانه‌ش له ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی سۆران و له گه‌رمیانیش چوار نه‌خۆشخانه‌ی حكوومی هه‌نه.
كه به هه‌موویانه‌وه ٢٨١ هۆڵی نه‌شته‌رگه‌ری و هه‌شت هه‌زار و دوو سه‌د و په‌نجا قه‌ره‌وێڵه‌یان هه‌یه و ٢٤ كات له‌خزمه‌تی هاووڵاتیانی كوردستاندا كراوه‌ن.