سلێمان تاشان – ههولێر
سی و یەک ساڵ لەمەوبەر لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا لە ١٢ی ئایاری ساڵی ١٩٩٣ بنکەی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتیی لالش لەسەر دەستی دەستەبژێر و ڕۆشنبیرانی ئێزدی دامەزرا، ئەو دامەزراندنە ڕێک دوو ساڵ دوای ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان بوو دژی دەسەڵاتی ئەو کاتی عێراق.
ئێزدییەکان کە کوردی ڕەسەن و بەشێکی دانەبڕاو لە کوردستان بوون و بە درێژایی مێژوو لە ژێر چەوساندنەوەدابوون وەک دەستکەوتێکی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد، بنکەکەیان دامەزراند و ئەو هەنگاوەش دەرفەتێكی مێژوویی ڕەخساند بۆ گەشانەوە و ناساندن و بەرزراگرتنی شوناسی ئایینیی ئێزدیەکان لە ناوچەکەدا.
لەو کاتەوە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە قۆناغە جیاوازەکاندا بەردەوام هاوکاری و پاڵپشتی سەرەکیی دۆزی ئێزدییەکان بووە و ئەوەی لە توانایدا بووە بۆ ئەو پێکهاتە گرنگەی هەرێمی کوردستان پێشکەشی کردوون.
ئێزدییەکان لە لە ساڵی ٢٠١٤ەوە بە تایبەتی دوای هێرشی دڕندانەی داعش تووشی نەهامەتییەکی گەورە بوون و جارێکی تر هەوڵی جینۆسایدکردنیان درا، حکوومەتی هەرێمی کوردستان و دامەزراوەکانی تری هەرێمی کوردستان زۆر زیاتر لە جاران پاڵپشتییان لە ئێزدییەکان کرد لە بەرەوپێشبردنی کلتور و زیندووکردنەوەی بۆنەکان، یارمەتیدەر بوون و خەمخۆری ئەو قوربانیی و کارەساتانە بوون کە بەسەر ئێزدییەکاندا هات.
هەرێمی کوردستان ڕۆڵی کارای هەبوو لە ڕزگارکردنی هەزاران هاووڵاتیی ئێزدی کە لە لایەن داعش ڕفێنرابوون و بە زەحمەتێکی زۆر بۆ ناو کۆمەڵگەی ئێزدی گەڕێنرانەوە و هاوکات هەموو هەوڵێکی حکوومەت ئەوە بووە کەشێکی ئارام و پڕ خزمەتگوزاری بۆ ئێزدییەکان بێتە کایەوە بۆ ئەوەی بیر لە کۆچ نەکەنەوە.
نۆژەنکردنەوەی بنکەی لالش کە زیانێکی زۆری بەرکەوتبوو لە سەردەستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بووە و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە ئەرکی خۆی زانیوە لە ڕووی مادی و مهعنهوی بەپێی توانا ، قهرهبووی زیانەکانیان بکاتەوە.
لالش یەکێک لە گرنگترین پەرستگە و شوێنە پیرۆزەکانی ئێزدییەکانە کە دەکەوێتە قەزای شێخان لە پارێزگای دهۆک، ئەگەر حەجکردن لای مسوڵمانان یەکێک لە ئەرکە سەرەکییە ئایینییەکان بێت ئەوا سەردانکردنی لالش بۆ ئێزدییەکان هەمان تایبەتمەندی هەیە و ئێزیدییەکان لایان وایە ھیچ نەبێت جارێک سەردانی لالش بکەن، ئەمەش ھاوشێوەی حەجی مسوڵمانان وایە. ئێزدییەکان لە کاتی چوونە لالش سەردانی گۆڕەکەی شێخ عەدی کوڕی موسافر دەکەن و لە چەندین وڵاتی ترەوە بۆ ئەو مەبەستە ڕوو لە کوردستا دەکەن.
پەرستگای لالش کەوتووەتە چواردە کیلۆمەتریی سەرووی شارۆکەی شێخان و شەشت کیلۆمەتر لە مووسڵ دوورە و دەکەوێتە نێوان سێ چیای ھیجرەت لە ڕۆژئاوا ، میسات لە باشوور و عەرەفات لە باکور. گۆڕی شێخ ئەدێ یان عەدێی کوڕی موسافر لەو شوێنە هەڵکەوتووە و لە دەوروبەری گۆڕی کەسایەتی تری ئایینی ئێزدی هەڵکەوتوون و زیارەتکارانی ئێزدی لە کاتی زیارەتی لالش ئەوا دەچنە سەر گۆڕی ئەو کەسایەتییە ئایینیانەیان.
دوو کانیاو لەو مەزارگەیە هەڵکەوتوون کە لای ئێزدییەکان پیرۆزە و یەکێکیان بە زەمزەم و ئەوەی تریان بە کانیە سپی ناسراوە. مێژووناسان مێژووی لالش بۆ نزیکەی چوار هەزار ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێننەوە .
ئێزدییەکان بە شێوەیەکی سەرەکی لە چوارچێوەی فێستیڤاڵی ساڵانەی ئێزدییەکان جەژنا جەماعییە یان جەژنی پێکەوەبوون پیرۆز دەکەن و ساڵانە لە ٦ تا ١٣ی نیسان سەردانی لالش دەکەن. لە کاتەکانی تریشدا، وەک بۆنەکانی سەری ساڵی ئێزدی لە مانگی نیساندا سەردانی لالش دەکەن کە بە چارشەما سۆر یان عیدا سەری ساڵ ناسراوە.
فێستیڤاڵێکی تر بە ناوی ڕێزلێنان لە خودا لە سێیەم ڕۆژی ھەینی مانگی کانوونی دووەم بەڕێوە دەچێت، ھەموو ساڵێک بەروارەکە دەگۆڕێت.
لە رووی ئایینییەوە ئێزدییەکانی دوو گوندی دووانەکەی بەعشیقە و بەحزانێ ئەرکی پاراستنی پەرستگەی لالشیان لە ئەستۆدایە و ئەوان بە خزمەتکاری لالش دادەنرێن.
ئەمساڵ بە بۆنەی سی و یەک ساڵ تێپەڕین بەسەر دامەزراندنی بنکەکە کۆمەڵێک ڕێوڕەسم لەم بنکەیە بەڕێوە دەچن و هەر دوێنێ سەرۆک بارزانی پیرۆزبایی دامەزراندنی بنکەکەی لە ئەندامان و کادیرانی بنکەکە و سەرجەم ئێزدییەکان کرد و پشتیوانیی خۆی لەو بنکەیە دووپات کردەوە.