یەکشەممە, تشرینی دووه‌م 24, 2024

باخچەلی رێگە نادات دەمیرتاش و كاڤالا ئازاد بكرێن

كارزان گلی – هه‌ولێر

دەوڵەت باخچەلی، سەرۆكی مەهەپە و هاوپەیمانیی ئاكەپە لەناو پەرلەمانی توركیا، بەهەموو شێوەیەك دژی ئازادكردنی سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپە و عوسمان كاڤالا، چالاكوانی بواری مافی مرۆڤە.

ئۆپۆزسیۆنی توركیا، هەوڵەكانی چڕ كردووەتەوە بۆ ئەوەی لەرێگەی دانوستانەوە كاڤا و دەمیرتاش ئازاد بكرێن، لە میدیاكانی توركیاش باس لەوە دەكرێت، ئەگەر زۆرە لەژێر فشاری یەكێتی ئەورووپا، دادگای توركیا و حكوومەت، بڕیاری دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا جێبەجێ بكەن، كە دووجار بڕیاری ئازادكردنی دەمیرتاش و كاڤالای داوە و توركیاش ئەندامی ئەو دادگایەیە و پێویست دەكات بڕیارەكان وەكوو خۆی جێبەجێ بكات.
بەڵام دەوڵەت باخچەلی، رێگرە لەبەردەم ئازادكردنی ئەو دوو كەسایەتییە و فشاری خستووەتە سەر رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیا، بەوەی ئەگەر ئەوان ئازاد بكرێن، ئەگەر زۆرە لە هاوپەیمانیی (كۆماریی) بكشێتەوە.
جەم كوچووك، رۆژنامەنووسی نزیكی ئاكەپە، لە وتارێكدا كە بۆ رۆژنامەی (توركیا)ی نووسیوە، دەڵێن ئەردۆغان و باخچەلی، هاوڕان لەسەر ئەوەی دەمیرتاش و كاڤالا ئازاد نەكرێن.
كوچووك دەنووسێت“ باخچەلی، بەر لەوەی ئۆزگوور ئۆزەل، سەرۆكی جەهەپە ببینێت، لە وتارێكدا لەناو پەرلەمانی توركیا پەیامی بۆی نارد و گوتی، هیچ دەسەڵاتێك نابێت فەرمان بە دادگا بكات بۆ ئازادكردنی هیچ كەسێك. ئەمە بەو واتایە دێت، كە ئۆزەل باس لە ئازادكردنی كاڤالا و دەمیرتاش نەكات.“
باسی لەوەش كردووە، باخچەلی و ئەردۆغان، نەرمی نانوێنن بۆ ئازادكردنی ئەو دوو كەسایەتییە و كارێك ناكەن بەهۆی ئەوانەوە، هاوپەیمانیان كۆتایی پێبێت و نە باخچەلی ئەوەی دەوێت و نە ئەردۆغانیش ئەوەی دەوێت.
چەند رۆژێك بەر لە ئێستا، ئۆزەل، سەرۆكی جەهەپە، سەردانی ئەردۆغانی كرد و هەردوكیان هاوڕابوون لەسەر ئەوەی، سەردەمی نەرمی نواندن لەسیاسەتدا دەستپێبكەن، دەنگۆی ئەوەش بڵاوكرایەوە، كە ئۆزەل داوای كردووە، كاڤالا ئازاد بكرێت، بەڵام رەنگە لەسەر ئازادنەكردنی كاڤالا و دەمیرتاش، نێوانی ئۆزەل و ئەردۆغان بۆ گفتوگۆكردن لەسەر هەمواركردنەوەی دەستوور تێكنەچێت و لە گفتوگۆ بەردەوام دەبن.
لە ١٩٩٩، بەهۆی ئەوەی دەوڵەت باخچەلی، كە ئەوكات هاتبووە ناو حكوومەتی هاوپەیمانیی و داوای كرد عەبدوڵا ئۆجەلان، لە سێدارە بدرێت و داواكەیان قبوڵ نەكرد، بۆیە لە حكوومەت كشایەوە و توركیا چووە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختە، بۆیە ئەو جۆرە سیناریۆیانە لە باخچەلی دەوەشێتەوە و رەنگە بە ئازادكردنی كاڤالا و دەمیرتاش، لەناو پەرلەمانی لە هاوپەیمانیی لەگەڵ ئاكەپە بكشێتەوە و ئەوكات توركیا بەناچاری دەچێتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختەوە.
عوسمان كاڤالا و سەلاحەدین دەمیرتاش، نزیكەی هەشت ساڵە لە زیندانن، كاڤالا، بەتۆمەتی ئەوەی كاری سیخۆڕی بۆ وڵاتان كردووە تا ئاساییشی توركیا تێكبدات دەستگیر كراوە، هەروەها دەمیرتاشیش، لەسەر دۆسیەی كۆبانێ، كە داوای لە خەڵكی باكوور كرد برژێنە سەر شەقام و داوا لە حكوومەت بكەن، رێگە بكاتەوە تا گەنجانی باكوور بچنە كۆبانێ و هاوكاری یەپەگە بكەن دژی گروپی تیرۆرستی داعش، ئەنجام ٥٠ هاووڵاتی باكووری كوردستان، بەهۆی خۆپیشاندن و گرژی لەگەڵ پۆلیسدا كوژران.