ئێراق – كورد،ستراتیژی بەفیڕۆدانی كات

مەشخەڵ كەوڵۆسی

لەساڵی ٢۰۱٤ەوە، تاكو نوسینی ئەم چەند دێڕە، كێشەی ڕاستەقینە و ئاڵۆز لەنێوان ئێراق و خەڵكی كوردستان ھەیە و، تا ئیستا بەبێ چارەسەر ماوەتەوە.تەمەنی كێشەیەك بگاتە نزیكەی ۱۰ ساڵ، لەكاتێكدا بڕیار وایە دەستوری ھەمیشەیی چارەسەری ھەموو ئیقاعی ژیان لەم وڵاتەدا بكات، بەڕاستی جێگای سەرسوڕمان و بێ ئومێدی ڕاستەقینەیە.
ئەگەرچی بەگوێرەی ئەزمونی سەدساڵی ڕابردوو، ھیچ كێشەیەكی
ئێراق بەگشتی و كورد بەتایبەتی، بەگوێرەی یاسا و دەستور و مافی ھاوڵاتیی بوون، چارەسەرنەكراوە، بەڵام لەدوای پرۆسەی ڕزگاری ئێراق و دەنگدان بەدەستوری ھەمیشەیی لە ٢۰۰٥، ھەروەھا لەدوای ئەوەی لەشانۆگەرییەكی مەكشوفدا، ژمارەیەك لەپۆستەكانی بەغدا درانە كورد، ئیدی وەھمێك لای خەڵكی كوردستان دروستبوو كە ئەمجارەیان ئێراق، ئێراقێكی تازەیە و دەستور دەبێتە مەرجەعی چارەسەری كێشەكان.
پێم وایە جەوھەر و ناوەڕۆكی كێشەكان، ئەوەیە ئێمە ئەگەر ئێراق وەك وڵاتی خۆیشمان دانابت، ئەوا ئێراق ئەركەكانی خۆی وەك ھاونیشتمانی بەرانبەر بەئێمە ڕانەپەڕاندووە، ئەگەر وەك دەوڵەتێكی داگیركەریش مامەڵەی لەگەڵ بكەین، ئەو وەزیفەی خۆی وەك
داگیركەرێكیش بەرانبەر بەكورد جێبەجێ نەكردووە.
چونكە ئەگەر ئێراق كورد بەھاوڵاتی و ھاونیشتمانی خۆی
بزانێت، پێویست بوو وەك خەڵكی موسڵ مامەڵەمان لەگەڵ بكات، كە لەساتەوەختی داگیركردنی شارەكەیان و دوای داعشیش، ھەموو پێگیرییە داراییەكانی خۆی بەرانبەر خەڵكەكەی جێبەجێكرد.
ئەگەر وەك ژێردەستەش سەیرمان بكات، پێویستە لەڕووی یاساییەوە ئەوە بەیان بكات و، دواتریش چاو لەھەموو ئەو داگیركەرانە بكات كە لەمێژوودا ھاتن و چوون و، ھەندێ پابەندی سەرەكییان بەرانبەر گەلانی ژێردەستەی خۆیان ڕاپەڕاندوە، بۆنمونە: ئیسرائیل ئیستاش بودجەی كەرتی غەززە دابین دەكات كە یەكێك لەدوژمنەكانی خۆی لەوێ دەستەڵاتدارە، ھەریەك لە پاكستان و ھیندستان، بودجەی ئەو بەشەی كشمیر دابین دەكەن كە داگیریان كردووە!
لەھەموو ئەوانەش گرنگتر، كاتێ ئەمریكا بەفەرمی ھاتە ئێراق و خۆی وەك داگیركەر ناساند، ڕاستەوخۆ بەفڕۆكە دۆلاری ھێناو دابەشی كرد بەسەر فەرمانبەرانداو، چاوەڕوانی ئەوەی نەكرد ئێراق
نەوتی خۆی بفرۆشێت!.
ئەوەی كە ئێراق نەوەكو ھاونیشتمانی و نەوەكو ژێردەستە
مامەڵەمان لەگەڵدا ناكات، دایكی كێشەكانی كوردە. بەڵام ئەوەی جێگەی سەرسامییە ئەوەی كورد تاكو ئێستا (جگە لەڕیفراندۆمی مەزن) ئیدی ھیچ ھەڵوێستێكی پڕبەپێستی بەرانبەر ئەو سیاسەتە مەترسیدارە نەبووە.
لە سەرەتای تەمەنی ئەم كێشەی بودجەوە كە ئیستا بڕستی
لەكورد بڕیوە، ئێراق پێرەوی لە ستراتیژی “بەفیڕۆدانی كات” كردووە، بەئامانجی ھیاكبوونی كورد تاڕادەی داڕووخان و لەناوچوونی قەوارەی ھەرێمی كوردستان.
چارەسەری ڕاستەقینەی قەیرانی بودجەو دارایی ھەرێم، كەدروستكراوی حكومەتی ئێراقە، تەنها و تەنها لەوەدایە كورد دەرك بكات بەوەی ستراتیژی “بەفیڕۆدانی كات” مردنێكی ھێواشی ھەرێمەكەیەتی! ئایا دەبێ چ ھەڵوێستێكی ھەبێت لەكاتێكدا دەبینێت،
ئێراق پێداگرە لەسەر درێژەدان بەتەمەنی ئەو كێشەیە؟!.
ھەموو ساڵێك حكومەتی ئێراق بەڕێككەوتنێكی كاتی ئەم كێشەیە بەنج دەكات و، لە ساڵی ئایندەدا سەرلەنوێ و بەتوندتر كێشەكە سەرھەڵئەداتەوە!.
ھیچ مانگێك فەرمانبەرانی كورد لەئێراقدا، دڵنیانین لەوەی مانگی داھاتوو موچەكەیان وەردەگرن یان یان! ژیانی ئەم توێژە گرنگەی كۆمەڵگەی كوردی، پرۆژەكانی ئاوەدانكردنەوە و ئیدارەی ڕەشید لەكوردستان، بەتەواوی خەریكە لەژێر جەبری ئەم سیاسەتەی
ئێراقدا دێن بەچۆكدا.
ئیدی كاتی ئەوە ھاتووە، لە ٢۰٢٢ ئەم مەھزەلەیە ڕابگیرێت و،
بەحكومەتی ئێراق بگوترێت: ئیتر بەسە، بەفیڕۆدانی كات مردنی ھێواشی قەوارەی ھەرێمی كوردستانە! دەبێ لەڕەگەوە و بۆ ھەتاھەتایە كێشەی بودجەی كوردستان چارەسەر بكرێت و، دڵنیایی بۆ فەرمانبەران و كەرتی گشتی بگەڕێتەوە! یان موقاتەعەی بەغدا بكرێت و ھەوڵ بدرێت لایەنی سێیەم، چارەسەری كێشەكە لەئەستۆ بگرێت!.

ھەواڵی زیاتر