چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

دایكم و ئەو نامەی زۆر بەدیارییەوە گریام…

شاخەوان عەلی حەمەد مامۆكی

مرۆڤ كاتێك هەست و ویژدانی دەجوڵێ و درك بەناڕەحەتیەكانی ژیان دەكات، بەرگەی نەهامەتی و ناخۆشییەكانی رۆژگار ناگرێ وەك چۆن كە لە ویژدان داڕما لەمرۆڤایەتی دادەشۆرێ و دەبێتە ئاژەڵێكی دڕندەو هیچ شتێ هەستی ناجوڵێنێ.
دایكم بەهۆی نەخۆشیەكەوە پێویستی بەوە بوو نەشتەرگەری بۆ بكرێ و نەشتەرگەریەكەیشی نزیك بەیەك دەفتەر دۆلاری دەویست، منیش ئەو كاتە لە ئاڵمانیا دەمخوێند، بەهۆی خوێندنەوە ئەو پارەیەم نەبوو بۆی بنێرمەوە، ئەوە ئەو كاتەیە بۆ دواجار تەلەفۆنم بۆی كرد كە لە هەواڵیم پرسی و سەیرم كرد ڕەنگ و ڕووی گۆڕاوە، لە رووخسارو سەرو سیمایدا بێ تاقەتییەكی زۆری پێوە دیارە، پێموت: دایەگیان ئەو ە چیت لێ قەوماوە؟ ناكا نەخۆشبی؟ دایكم بەچاوی پڕ فرمێسكەوە باسی نەخۆشیەكەی خۆی بۆ كردم، بەمەیش لەگەڵ ئەو دەستم بەگریان كرد، بگریێ و بگریێ، ئەوجا دڵیم دایەوە، دواجار پێموت: دایەگیان خوا گەورەیە، دڵ لە دڵ مەدە، بەڵێنبێ ئەوەی پێمبكرێ بۆتی بكەم بۆ ئەوەی نەشتەرگەریەكە بكەی، هەوڵ دەدەم لەتەك خوێندنەكەم، ئیشێ كارێ بكەم، ئومێد دەكەم بەساغ و سەلامەتی لێی دەرچی، توخوا خەفەت مەخۆ.
ئەو رۆژە ئەوەندە دڵتەنگ و نیگەران بووم، خوڵق و خۆی ئەوەم نەبوو دەست بدەمە كتێب و دەست بەخوێندنەوەی بكەم، هەر بیرم لەدایكم دەكردەوە ئەگەر شتێكی لێ بەسەربێ ئەوە منیش دەمرم، بۆیە لەناخەوە بڕیارمدا بەرۆژ بچمە كۆلێژ و بەشەویش هەر ئیشێك هەبێ بیكەم، ئەوە بوو لەڕێی تەكلیفی چەند هاوڕێیەكەوە ئیشیان بۆ دۆزیمەوە، ماویەكی باش كارم كرد، وەلێ لەشانسی من كارگەكە مایەپووچ بوو، ئیفلاسی كردو خاوەنەكەیشی بەناچاری كارگەكەی داخست، هەموو ئەو پارەی لەو ماوەیە كۆم كردەوە هەر چل و پێنج وەرەقەیەك بوو، هەر كۆڵم نەدا بەردەوام بووم كە دەبێ ئەو پەنجاو پێنج وەرەقەی دیكە پەیدا بكەم، هاورێكانم ئەوەندەی هەوڵیان دا بۆ ئەوەی لەشوێنێكی دیكە ئیشێكم بۆ بدۆزنەوە، لەبێ بەختی من هەر چاوەڕێ بووم تەلەفۆن بكەن یان لەرێی ئینتەرنێتەوە خەبەرم بدەنەوە، كەچی هیچ دەنگ و باسێ نەبوو، نەشتەرگەریەكەی دایكم زۆر پێویست بوو، هی ئەوە نەبوو زۆر لەسەری بوەستی و دوای بخەی، بەناچاری نامەیەكم نووسی و ئەوەندە پارەی كۆم كردبۆوە خستمە زەرفێكەوە كە بۆ بەیانی لەڕێی پۆستەی خێرا بۆ دایكمی بنێرمەوە.
كاتێك نامەكەم بۆی دەنووسی، هۆن هۆن فرمێسك لەچاوانم دەباری، بۆیم نووسی: دایەگیان زۆر خۆم بەشەرمەزار دەزانم ناتوانم یارمەتیت بدەم لەو پارەی داوات كردبوو بۆ ئەوەی نەشتەرگەریەكەی پێ بكەی، ئەوەنەبێ ئەوەندەی ئیشم كردووە هەر چل و پێنج وەرەقەیەكم دەست كەوتوەو بەو نامەیە بۆتی دەنێرمەوە، تكایە دایە گیان توخوا لەبەر من مەمرە، بەڵێنت پێ دەدەم دوای تەواو بوونی تاقیكردنەوەكان ئەگەر شەو و رۆژ ئیش بكەم بەلامەوە ئاساییە دەبێ ئەو پارەیەت بۆ تەواو بكەم و بیكەمە دەفتەرێك و بۆتی بنێرمەوە، تكایە پشتت بەخوا بەهێزبێ، جارێكی دیكە تكا دەكەم توخوا لێم ببوورە نەمتوانی داخوازیەكەت بۆ جێ بەجێ بكەم چیبكەم هەر ئەوەندەم لەدەست هات.
بۆ بەیانی لەڕێی پۆستی خێراوە نامەكەم ڕەوانەی هەولێر كردو بەهۆی نزیك بوونەوەی ئەزموونەكان بەناچاری مۆبایلم كوژاندەوە، شەوانە هەموو شەوێ پێش ئەوە بخەوم دەستم بۆ ئاسمان بەرز دەكردەوەو نزای خێرم بۆی دەكرد، ئەوە بوو لە دوا رۆژی ئەزموونەكان كەخوێندنی ئەو ساڵە بەكۆتا هات، مۆبایلەكەم هەڵكردەوە سەیرم كرد تەلەفۆنێكی زۆرم بۆ هاتووە، هەموویشم مۆبایلەكەی دایكم بوو، قوڕگم پڕ گریان بوو، تەواو دڵنیا بووم لەوەی دایكم مردووەو ئەوە خوشكەكەم تەلەفۆنی بۆ كردووم تا ئەو هەواڵەم پێ بدات، بەدەستێكی لەرزۆكەوە دەستم گەیاندە دوگمەی مۆبایلەكە و تەلەفۆنم بۆی كرد، كە خوشكەكەم هەڵیگرت وتی: كاكە گیان.. نەمهێشت قسەكانی تەواو بكات، بەگریانەوە وتم: توخوا كەی دایكم مردووە؟ ئااای خوایە گیان بزانە من چیم كرد؟ بەخوا بەهۆی تاقیكردنەوە نەمتوانی تەلەفۆنتان بۆ بكەم.
خوشكەكەم وتی: ئەوە چی دەڵێی، فەرموو ئەوە دایكم لەگەڵتە.
كە گوێم لەدەنگی دایكم بوو وتی: گیانەكەم.
وتم: دایە گیان ئەوە تۆی.
وتی: دایە بەقوربانت بێ.
وتم: توخوا ئەوە ماوی؟
وتی: وەی بەقوربانتبم، خوا دەست بەعومرتەوە بگرێ، هەر كە دەفتەرەكەت ناردەوە یەكسەر نەشتەرگەریان بۆ كردم، شوكر ئێستا زۆر باشم.
وتم: ئاخر دەفتەرێ نەبوو.
وتی: نا سەد وەرەقەت ناردبۆوە.
وای بەو هەواڵە زۆر دڵخۆش بوو، گەلێ قسەی خۆشمان بۆ یەك كردو دوای دوعاخوازی، چوومە لای ئەوانەی لەگەڵ من لەشوقەكە بەیەكەوە دەمانخوێند كە وتم: كێ ئەو كارەی كردوە ئەوە زەرفەی كردۆتەوە كە من بۆ دایكمم ناردووە؟. ئەو دەیوت: من كاری وام نەكردوە. ئەو دەیوت: من ئاگام لەهیچ نیە. سوێندمدان كە دەبێ پێم بڵێن كێ ئەو كارەی كردووە.
یەك لەهاورێكانم وتی: من ئەوەم كرد كاتێ بینیم دەستت بەنووسینی نامەكە كردو بەگریانەوە پارەكەت خستە ناو زەرفەكە، لە دەرفەتێكدا نامەكەتم كردەوە و خوێندمەوە رێك دایكی خۆمم بەبیر هاتەوە كە وەكوو دایكی تۆ نەخۆش بوو بەڵام لەبەر بێ پارەی نەمانتوانی هیچی بۆ بكەین تا كاتێكمان زانی گیانی لەدەست دا بۆیە كە زەرفەكەم كردەوەو نامەكەتم خوێندەوە پەنجاو پێنج وەرەقەی خۆمم خستە ناوی و قەپاتم كردەوەو كردمەوە شوێنی خۆی كە دەبێ دایكی تۆ بژێ بەدەردی دایكی من نەچێ.
بەو قسانە نەمزانی چۆن پاداشتی ئەو چاكەیەی بدەمەوە، بەدەم گریانەوە باوەشم پێیدا كردو كەوتمە ماچكردنی و هەموو ئەوانەی لەوی بوون لەگەڵ من دەستیان بەگریان كرد.