بەئامانجی جێبەجێکردنی داواکارییەکانییان کە خۆی لە داگیرگیرکردنی زەوی و زاری جوتیارانی کورد و دەسبەسەرداگرتنی خانووی هاوڵاتیانی کورد دەبینێتەوە، کە ڕژێمی پێشوو وەکو دیاری پێی بەخشیبوون، لە گوندی پەڵکانەی سەربە شارەدێی سەرگەڕان، ژمارەیەکی زۆری عەرەبی هاوردە خیوەتیان هەڵداوە و بەنیازن ڕێگەیەکی سەرەکی دابخەن.
لەوبارەیەوە محەممەد ئیسماعیل نوێنەری جووتیارانی سەرگەڕان ڕاگەیاند، ئەوەی عەرەبە هاوردەکان دەیکەن گێچەڵ و شەڕفرۆشتنە و ئامانجیان درێژەدانە بە تەعریب و داگیرکاری و زیادکردنی فشارەکان لەسەر جوتیارانی کورد.
نوێنەری جووتیارانی سەرگەڕان گوتیشی: لەبەرانبەردا ئێمەی جوتیارانی کوردیش بەنیازین خیوەت هەڵبدەین و دژی ئەو هەوڵانە دەوەستینەوە، داواشی لەنوێنەرانی کورد کرد بەزووترین کات بێنە سەرخەت و چارەسەری بەپەلە بۆکێشەکە بدۆزنەوە چونکە بەگوتەی ئەو، عەرەبە هاوردەکان نیازیان خراپە و دوورنییە شەڕو ئاڵۆزی لەنێوان هەردوولا ڕووبدات.
ماوەی دووهەفتەیە بەفشاری عەرەبە هاوردەکان سوپای عێراق دروێنەکردنی لە جووتیارانی کورد لەسنووری گوندەکانی سەرگەڕان و پردێ قەدەغە کردووە و هەوڵەکان بەئاراستەی داگیرکردنی زەویی جوتیارانی کوردە لەسنوورەکە.
ئەوە لەکاتێکدایە، ڕۆژی دووشەممە، 29ـی نیسانی 2024، د. شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لەسەر ڕێگرییەکانی سوپای عێراق لە جووتیارانی کورد، گوتی: لەگەڵ فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکان قسەم کردووە و لەسەرخەتین و ئەو ڕێگرییانە نامێنێت، ئاماژەی بەوەشکردبوو، لەگەڵ وەزیری بەرگری قسەم کردووە، بۆ چارەکردنی ئەوکێشەیەش لەپەرلەمان خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژە یاسای پوچەڵکردنەوەی بڕیارەکانی حزبی بەعس کراوە.