دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

ئەنجوومەنی وەزیران پرسی مووچەی فه‌رمانبه‌ران و هەمیشەییكردنی فەرمانبەرانی گرێبەست تاوتوێ دەکات

ئەمڕۆ چوارشەممە، 8 ی ئایاری 2024، ئەنجومەنی وەزیران بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، كۆدەبێتەوە و سێ بڕگە لە كۆبوونەوەكەدا تاووتوێ دەكات.
بڕگەی یەكەمی كۆبوونەوەكە تایبەتە بە خستنەڕووی دواپێشهاتەكانی بابەتی مووچە و دارایی و پابەندییەكان لەنێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵی و ئەنجامی دواكۆبوونەوەی شاندی تەكنیكیی هەردوولا لە ڕێكەوتی 27 ی نیسانی 2024 لە بەغدا سەبارەت بە دەستپێشخەرییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بواری داهاتە نانەوتییەكان و بەبانكیكردنی مووچەی هەرێم.
بڕگەی دووەمی كۆبوونەوەكە تاووتوێكردنی بابەتی بەهەمیشەییكردنی فەرمانبەرانی گرێبەست لە دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان دەبێت.
بڕگەی سێیەم خستنەڕووی ڕاپۆرتی وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو دەبێت سەبارەت بە سەردانی شاندنی وەزارتەكەیان بۆ بەغدا، تایبەت بە بابەتەكانی وەرگرتنەوەی گەنمی ئەمساڵی جوتیاران و بەگەڕخستنی پرۆژەكانی بەنداو و ئاودێری لە هەرێم و سوودوەرگرتنی جوتیاران لە دەرفەتەكانی خزمەتگوزارییە كشتوكاڵییەكان هاوشێوەی ناوچەكانی دیكەی عێراق.